ئاسایشی هەولێر داوایەكی پارێزەرانی دەستگیركراوانی بادینانی رەتكردەوە

پۆڵەتیك پرێس

جارێكی دیكە ئاسایشی هەولێر رێگریكرد لەبینینی پارێزەرانی دۆسیەی سزادراوانی بادینان و دادگای پێداچوونەوەش هیچ هەنگاوێكی نەگرتووەتەبەر.

بەشدار حەسەن پارێزەری سزادروانی بادینان بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، پێشتر بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر رایگەیاندبوو ئاساییە پارێزەرانی سزادراوانی بادینان سەردانی زیندانی ئاسایش بكەن بۆ بینینی سزادراوەكان، بۆیە ئەوانیش هەوڵیانداوە بیان بینن، بەڵام لە كاتی سەردانیكرنیان لەلایەن بەڕێوەبەری ئاسایشەوە رێگریان لێكراوە بچنە ناو زیندانەكەوە.

وتیشی، “دۆسیەی دەستگیركراوانی بادینان لە دادگای لێكۆڵینەوەی ئاسایش و دادگای كەتنی دووی هەولێر گواستراوەتەوە بۆ ئەنجومەنی دادوەری و داواشمانكردووە ئازاد بكرێن، بەڵام تاوەكو ئێستا هیچ هەنگاوێكی جدی نەنراوە”.

ئاماژەی بەوەشكرد، داوایانكردووە تا دادگا وەڵامی داواكارییەكان دەداتەوە زیندانییەكان بگوازرێنەوە بۆ چاكسازی گەورانی هەولێر، بەڵام بە بیانوی نۆژەنكردنەوەی بینای چاكسازی ئەو كارە نەكراوە.

ئەوەش لەكاتێكدایە، دوای سزادانی ئەو پێنج گیراوە بەپێی یاسا دەبێت لەئاسایشەوە بگوازرێنەوە چاكسازانی گەوران، هەروەها یاسا رێگەی داوە بەبینینی پارێزەرانی ئەو كەیسە بەهۆی ئەوەی دۆسیەكە لەدادگای پێداچوونەوەیە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا