پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
ساڵانە، گۆڤاری فوربسی ئەمریکی لیستی ناوی ملیاردێرەکانی جیهان بڵاودەکاتەوە، ئەم لیستە ناوی دەوڵەمەندترین کەسەکانی جیهان دەخاتەڕوو، بەدەر لە ئەندامانی خێزانی شاهانە (مەگەر سەرچاوەی داراییان تایبەتیان هەبێت)، ئەو کەسانە سامانیان بە ملیار دۆلار پۆلێن دەکرێت، ئەو ژمارەیەی گۆڤارەکە ساڵانە دەیخاتەڕوو سامانی ملیاردێرەکانن تا ڕۆژی 31ی کانوونی یەکەمی ئەوساڵە.
گۆڤاری فۆربس، لیستی دەوڵەمەندەکانی جیهانی بۆ ئەمساڵ بڵاوکردەوە، کە ئەمجارە کەمێک جیاوازە، چونکە ئیلیۆن مەسکی ئەمریکی ئەمجارە لە پلەی یەکەمدا نییە، دوای ئەوەی کە بێرنارد ئارنۆڵت لە پلەی یەکەمی دەریکرد و ماسک بوو بە پلەی دووەم.
بێرنارد ئارنۆڵت دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان ، سەرۆکی جێبەجێکاری گروپی لویس ڤیتۆنە، کە تایبەتە بە فرۆشتنی کاڵای گرانبەها، پلەی یەکەمی گرتووە لە لیستی دەوڵەمەندەکانی جیهاندا، ئەمەش یەکەم جارە کە فەڕەنسییەک لە پلەی یەکەمدا بێت، لەگەڵ ئەوەشدا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هێشتا خاوەنی زۆرترین ژمارەی ملیاردێرە.
بێرنارد ئارنۆڵت، بازرگانێکی فەڕەنسییە کە ئیمپراتۆریەتی LVMH بەڕێوەدەبات 75 مارکەی لە باشترین مارکەکانی جلوبەرگ و جوانکاری لە جیهاندا هەیە، لەنێویاندا لویس ڤیتۆن و سیفۆرا، لەئەمساڵدا، بەپێی ڕاپۆرتی فوربس، سامانەکەی 229.6 ملیار دۆلارە، باوکی بێرنارد لە پیشەی بیناسازییەوە سەروەتێکی کەمی هەبوو، بێرنارد ئەم سامانەی بەکارهێنا بۆ کڕینی کۆمپانیای کریستیان دیۆر لە ساڵی 1984 بە 15 ملیۆن دۆلار، بەمەش بناغەی یەکەمی ئیمپراتۆریەتی خۆی لە بازاڕی کاڵای گرانبەها دروستکرد.
لەجیهاندا، گەنجترین ملیاردێرەکان نزیکەی 15 کەسن، کە تەمەنیان 30 ساڵ یان کەمترە خاوەنی زیاتر لە یەک ملیار دۆلارن، هەروەها لە لیستی ملیاردێرە گەنجەکانی فوربس دووانیان لە خوار 20 ساڵیدا، لە لیستی یەکەمەکانی ئەمساڵدا، لە نێوان 10 ملیاردێردا، هەشت ملیاردێر ئەمریکی بوون.
بەپشتبەستن بە داتاکانی کۆکراو و بەپێی پۆلێنکردنی فۆربسی ئەمریکی، ئەم 10 کەسایەتییە لە لیستەکەدان وەک دەوڵەمەنترینەکانی ئەمساڵ:
بێرنارد ئارنۆڵت، فەڕەنسی
بەپێی ڕیزبەندی لە گۆڤارەکەدا لە پلەی یەکەمدایە و سامانەکەی 229.6 ملیار دۆلارە، بێرناردۆ ئارنۆی فەڕەنسی سەرپەرشتی ئیمپراتۆریەتی LVMH دەکات، کە پێکهاتووە لە 75 مارکەی جلوبەرگ و جوانکاریی گرانبەها، لەوانە Louis Vuitton و Sephora.
ئیلیۆن مەسک، ئەمریکی
خاوەنی 209.1 ملیار دۆلارە، هاوبەشی دامەزراندنی شەش کۆمپانیایە لەوانە کۆمپانیای تێسلا کە تایبەتە بە دروستکردنی ئۆتۆمبێلی کارەبایی، کۆمپانیای بەرهەمهێنانی موشەک SpaceX و کۆمپانیای سەرەتایی Boring Company، هەروەها کۆمپانیای تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەریشی کڕیووە.
جێف بیزۆس، ئەمریکی
سامانەکەی 196 ملیار دۆلارە، کۆمپانیای گەورەی ئەلیکترۆنی ئەمازۆنی لە ساڵی 1994دا دامەزراندوە، لە مانگی تەمموزی ساڵی 2021 لە پۆستی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری دەستلەکارکێشایەوە بۆئەوەی ببێتە سەرۆکی جێبەجێکار.
مارک زووکەربێرگ، ئەمریکی
مارک زووکەربێرگ، بازرگانێکی ئەمریکییە و یەکێکە لە ملیاردێرەکان، دامەزرێنەری فەیسبووکە لەساڵی 2004دا لەگەڵ دۆستین مۆسکۆڤیچ و کریس هیوز، خاوەنی 171.8 ملیار دۆلارە.
لاری ئێلیسۆن، ئەمریکی
ئێستا خاوەنی 139.2 ملیار دۆلارە، سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردن و بەرپرسی تەکنەلۆجیایە و یەکێکە لە دامەزرێنەرانی کۆمپانیای زەبەلاحی ئۆراکڵە، کە پشکەکەی نزیکەی %35ە.
وارن بافێت، ئەمریکی
خاوەنی 134.8 ملیار دۆلارە، خاوەنی کۆمپانیای Berkshire Hathaway ، کە تایبەتە بە دارایی و وەبەرهێنان. بافێت کە ناسراوە بە “ئۆراکڵی ئۆماها”، یەکێکە لە سەرکەوتوترین وەبەرهێنەرەکانی مێژوو.
بێل گەیتس، ئەمریکی
خاوەنی 127.7 ملیار دۆلارە، سامانی خۆی لە کۆمپانیای مایکرۆسۆفتەوە گواستەوە بۆ چەند شتومەکێکی جۆراوجۆر لەوانە وەبەرهێنان لە وزەی بێ کاربۆن.
ستیڤ پالمەر، ئەمریکی
ستیڤ پالمەر، سامانەکەی 121.8 ملیار دۆلارە، سەرۆکی پێشووی کۆمپانیای مایکرۆسۆفتە و خاوەن دەسەڵاتێکی زۆرە، کە لە ساڵی 2000ەوە تا 2014 سەرکردایەتیی کردووە.
موکیش ئەمبانی، هیندی
خاوەنی 116.8 ملیار دۆلارە، سەرۆکی کۆمپانیای ریلایەنس ئەندستریزە، کە بەرژەوەندی لە بواری پترۆ کیمیا و نەوت و گاز و پەیوەندی و فرۆشتنی بچوکدا هەیە.
لاری پەیج، ئەمریکی
لاری پەیج، یەکێک لە پێشەنگەکانی ئینتەرنێت و زانای کۆمپیوتەر، لەگەڵ هاوکارەکەی لە توێژینەوەکەدا، سێرجی برین، لەساڵی 1998 گووگڵ و کۆمپانیای گووگڵی دامەزراند، لەساڵی 2019دا لاری لە پۆستی سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمپانیای ئەلفابێت دەستلەکارکێشایەوە، بەڵام وەک ئەندامێکی ئەنجومەنی بەڕێوەبردن و خاوەن پشک مایەوە، خاوەنی 115.1 ملیار دۆلارە.