ناتۆ چییە و چەند ئەندامی هەیە؟

پۆڵەتیك پرێس:

هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی، یان ئەوەی زۆر لەناو خەڵکدا باوە “ناتۆ” لە ساڵی 1949 لەلایەن 12 دەوڵەتی ئەوکات کە گرنگترینیان ئەمریکا و بەریتانیا و فەڕەنسا و کەنەدا بوون، لە دژی هەژموون و پاوانخوازی یەکێتیی سۆڤیەتی جاران درووست بوو.

یەکێتی سۆڤیەت هێزێکی باڵادەست بوو لە جیهاندا، رووبەرێکی بەرفراوانی لەسەر کایەی سیاسی و سەربازیی جیهانیدا داگیرکردبوو، بەشێکی زۆر لەو دەوڵەتانەی ئێستا هاوسنووری رووسیان، پێشتر بەشێک بوون لە یەکێتیی سۆڤیەت و بە رووخاندنی ئیمپراتۆریەتەکە لە ساڵی 1991، سەربەخۆییان راگەیاند.

ئامانجی سەرەکی پێکهێنانی هاوپەمیانیی ناتۆ بریتیبوو لە رێگریکردن لە فراوانبوونی یەکێتیی سۆڤییەت لەو کاتەدا، بەڵام بە تێپەڕبوونی کات و تەنانەت پاش بچووکبوونەوەی رووبەری رووسیا بۆ کەمتر لە نیوە، هاوپەیمانیەتییەکە چالاکییەکانی سنووردار نەکرد و هەوڵیداوە بگاتە بەردەم دەرگای مۆسکۆ.

ئەو دەوڵەتانەی لە ناتۆ ئەندامن، پارێزبەندیی ناوخۆیی نێوان ئەندامەکانیان هەیە و ئەگەر دەوڵەتێکی دیکەش هێرش بکاتە سەر یەکێکیان، ئەوا بە هەموو ئەندامەکانییەوە هاوکاری دەکەن و بەرگریی لێدەکەن.

ناتۆ خاوەنی سووپای سەربەخۆی خۆی نییە، بەڵکو ئەندامەکان لەرێگەی ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی سەربازیی هاوبەش، رووبەڕووبونەوەی هەر پێشهاتێک دەبنەوە کە مەترسی لەسەر ئەندامێک یان ئەندامەکانی هاوپەیمانییەتییەکە درووست بکات.

ئەندامەکانی ناتۆ کێن و کێ سەرۆکیانە؟

هاوپەیمانیی باکووری ئەتڵەسی (ناتۆ) پێکهاتووە لە 31 دەوڵەت کە سەرجەمیان لە ئەوروپا و باکووری ئەمریکان.

پاش رووخانی یەکێتی سۆڤییەت لە ساڵی 1991،  ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتانی نزیک لە سنوورەکانی رووسیا یاخود هاوپەیمانی پێشووی یەکێتییەکە، پەیوەندییان بە ریزەکانی ناتۆوە کرد کە دیارترینیان: ئەلبانیا، بولگاریا، هەنگاریا، پۆڵەند، کۆماری چیک، سلۆڤاکیا، رۆمانیا، لیتوانیا، لاتڤیا و ئیستوانیا کە بەشێکی ئەم وڵاتانە سەربەخۆییان لە رووسیا وەرگرتبوو لەو ساڵەدا.

سوید و فینلەندا لە مانگی ئایاری 2022 و پاش سێ مانگ لە هێرشی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا لە شووباتی هەمان ساڵ، بە شێوەیەکی فەرمی داواکاریی بەئەندامبوونیان ئاراستەی ناتۆ کرد، ئەمەش بەهۆی ترسی ئەو دوو وڵاتە لە رووسیا.

فینلەدا کە نزیکەی 1300 کیلۆمەتر لە سنوورەکانی رووسیاوە دوورە، مانگی نیسانی ساڵی 2023 وەک ئەندامی نوێی هاوپەیمانیەتییەکە وەرگیرا. هەرچی سەبارەت بە سویدە، بەهۆی نارەزایەتییەکانی تورکیاوە لەبەرامبەر ‘هاوکاریی سوید بۆ کوردەکان’، پرۆسەی بە ئەندامبوونی سوید لە ناتۆ بەربەستی بۆ درووستکراوە.

ئۆکراینا تا ئێستا نەیتوانیووە بچێتە ناو هاوپەیمانیی ناتۆ، رووسیا بەشێوەیەکی بەردەوام دژایەتیی خۆی بۆ بیرۆکەی بەئەندامبوونی ئۆکراینا لە ناتۆ دەربڕیووە.

کیێڤ پێیوایە چانسی پەیوەندیکردنی بە ناتۆوە لەکاتی شەڕدا لاوازە و دەیەوێت پاش کۆتاییهاتنی جەنگەکە، ببێت بە ئەندام لە ناتۆ.

چەکە بەهێزەکانی ناتۆ چین لە شەڕی رووسیا لە ئۆکراینا؟

ئەندامانی ناتۆ بەشێوەی کۆمەڵە تا ئێستا چەکیان بۆ ئۆکراینا نەناردووە، بەڵام لەسەر ئاستی تاک، ئەو کارەیان ئەنجامداوە.

ئەمریکا، بەریتانیا، ئەڵمانیا و تورکیا پێشتر سیستەمی بەرگریی مووشەکی، چەکی دژە تانک، تۆپهاوێژ و تانک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان بۆ ئۆکراینا ناردووە لە شەڕی دژ بە رووسیا، ئەمریکا و بەریتانیا لەگەڵ ئەوانەشدا، چەندین پاکێجی هاوکاریی دارایی و مووشەکی دوورمەودای زیرەک پێشکەش بە کیێڤ کردووە.

ئەمریکا رێگەیداوە بە ئەندامانی ناتۆ کە فڕۆکەی شەڕکەری ئێف16 بە ئۆکراینا بدەن و راهێنان بە فڕۆکەوانەکانیان بکەن لەسەر چۆنییەتی بەکارهێنانیان.

هۆڵەندا تا ئێستا 18 فڕۆکەی شەڕکەری ئێف 16ـی ئەمریکی رادەستی سوپای ئۆکراینا کردووە.

لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، تا ئێستا ناتۆ لە ئۆکراینا نەیتوانیووە یەک سەربازیش جێگیربکات، یاخوود ناوچەی دژە فڕین درووستبکات، چونکە ئەمە دەکرێت سەربکێشێت بۆ رووبەڕووبونەوەی راستەوخۆ لەگەڵ رووسیا.

 

 

 

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا