کوردستان لانکەی سەرهەڵدانی کشتوکاڵە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

مرۆڤ لە چاخە کۆنەکانەوە، واتە پێش زیاتر لە 60 هەزار ساڵ لە چیاکانی کوردستان ژیاوە، ئەشکەوتەکانی کردووە بە جێگەی حەوانەوە، بە ڕا‌وکردن و کۆکردنەوەی بەری دارەکان و ڕەگی ڕووەک ژیانی ڕۆژانەی بەسەر بردووە، بۆ ماوەیەکی زۆر ژیانێکی سادە و کۆچەرایەتی دوور لە شارستانییەتی بەسەر بردووە.

لە دەوروبەری هەزارەی نۆیەمی پێش زایین، پاش پەیبردن بە کشتوکاڵکردن ژیانی مرۆڤ گۆڕاوە، لە شوێنێکدا جێگیر بووە، خانووی بۆ خۆی لە نزیک کێڵگەی بنیاتناوە، بە کۆبوونەوەی چەند خانوویەک لە دەوروبەی یەکدا، گوند پێک هات، لێرەوە سەرەتای شارستانییەت دامەزرا.

یەکەمین گوندی کشتوکاڵی لە پێدەشتەکانی کوردستان و یەکەمین مۆڵگەی شارستانییەتی جیهان، گوندی چەرمۆیە لە نزیک شارۆچکەی چەمچەماڵی ئێستا لە پارێزگای کەرکووک. هاوچەرخ لەگەڵ گوندی چەرمۆ، جوتیارانی گوندی نمریک لە باشووری شارۆچکەی فایدەی ئێستا لە پارێزگای دهۆک، دانیشتوانی یەکەمین گوندە کشتوکاڵییەکانن، گەنم و جۆ و نیسکیان چاندووە. ئاسەواری گەنم لە چەرمۆ دۆزراوەتەوە. خانووەکانیان لە قوڕ و بەرد بنیاتناوە، بایەخیان بە بەخێوکردنی مەڕوماڵات و بزن و مانگا داوە، کەرەستە و ئامێری ناوماڵ و کشتوکاڵیان دروست کردووە، دواتر گەشەیان پێداوە، جگە لە بەرد ئێسک و قوڕ و قیریان لە دروستکردنی کەلوپەلەکانیان بەکارهێناوە.

پاشان پیشەسازی قاپ و قاچاغ و داس و تەشی لە قوڕی سوورکراو دەستی پێکرد. بەم شێوەیە مرۆڤ چۆتە قۆناغی پیشەسازی گۆزەکاری. ئافرەتان سەرقاڵی کاری ناوماڵ و پەروەردەکردنی منداڵان بوون، پیاوان خۆراکیان پەیدا دەکرد، لە کێڵگە لەگەڵ هاوکارانیدا کاریان دەکرد و کێڵگە و گوندەکەیان دەپاراست، ئیتر حەزی موڵکداری و خاوەنێتی زەوی پەیدا بوو. هەر بەهۆی پێویستی بەردەوامی کشتوکاڵ بە کەرەستە و ئامێر بۆ گەشەپێدانی کەلوپەلی ناوماڵ هەندێک لە دانیشتوان پسپۆڕیان لە دروستکردنی چەند جۆرێک لەو کەرەستە و ئامێرانە پەیدا دەکرد، بەمشێوەیە جۆرێکی دیاریکراو لە پسپۆڕایەتی پەیدا بوو. ئەم پسپۆڕییە دەبێتە مایەی سەرهەڵدانی چالاکی ئاڵوگۆڕکردن، بەرهەمهێنی کەرەستەی کشتوکاڵی و کەلوپەلی ناوماڵ، بەرهەمەکانی تر بە بەروبوومی کشتوکاڵی ئاڵوگۆڕکردن. جۆ یان خوری، بوونە هۆکاریکی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، چونکە مرۆڤ تا سەدەی شەشەمی پ.ز دراوی نەزانیووە. ئەگەر دروستکردنی کەرەستەی کشتوکاڵی و کەلوپەلی ناوماڵ بە جۆرێکی پیشەسازی بژمێرین، دەتوانین فێربوونی سەرەتاکانی کشتوکاڵ بە شۆڕشێکی ئابووری لەقەڵەم بدەین.

پەیدابوونی کشتوکاڵ بووە مایەی پەیدابوونی پیشەسازی و بازرگانی و چالاکییەکانی ئاڵوگۆڕ و گواستنەوەی شمەک و بەروبوومەکان لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی تر، ئەمەش وایکرد گرنگی بە هۆیەکان و ڕێگاکانی گواستنەوە بدرێت، زیو بووە ئەو هۆکارە بۆ ماوەیەک درێژ، پاشان مرۆڤ دراوی بەکارهێنا، پاشانی شانشینی لیدیا لە ئاسیای بچووک کە ناوی کراسوس قارون بوو لە ماوەی نێوان ٥٦٠-٥٤٦پ.ز فەرمانڕەوا بووە و توانی پارە لە زیو و زێڕ لێبدات، لە دەڤەرەکانی تر بڵاوبووەوە. پێویستی مرۆڤ بۆ پاراستنی گوند و کێڵگە کشتوکاڵییەکان، بووە مایەی پەیدابوونی پیشەسازی چەک و بونیاتنانی شوورا و قەڵا و هەڵکەندنی خەندەک وەک هۆکاری بەرگری. هەروەها پیاوان لەو ڕووەوە هاوکاری یەکتریان دەکرد و هێزی هاوکاری چەکدار پێکهات، کە لەم سەردەمەدا پێی دەوترێت سوپا.

الثروة الزراعية في العالم العربي. - للأذكياء

بۆچی لە دۆزینەوەی کشتوکاڵدا کوردستان پێش هەر ناوچەیەکی دیکەی جیهان کەوت؟

ژینگەی کوردستان لە ڕووی خاک و ئاوی بارانەوە بۆ کشتوکاڵ گونجاوە، ئەمەش یارمەتیدەر بووە بۆ سەوزبوونی دانەوێڵەی کێوی لە دۆڵە بەپیتەکانی کوردستاندا، ئەو کاتەش مرۆڤ دانەوێڵەی کۆدەکردەووە پێدەچێت هەندێک لەو دانەوێڵانەی لە نزیک شوێنی نیشتەجێبوونیەوە لەدەست کەوتبێتە خوارەوە پاشان سەوز بووبێتەوە، ئەمەش سەرنجی ڕاکێشاوە بۆی لەو سەوزبوونە ورد بۆتەوە تا دواتر بۆ خۆی چاندوویەتی.

هەندێک لە توێژەران وای بۆ دەچن کە ئافرەت یەکەم کەسێ بووبێت درکی بەو سەوزبوونە کردبێت، چونکە ئەو هەڵدەستا بە کوتان و پاککردنەوە و هاڕینی دانەوێڵە تا خواردنی لێدروست بکات. فێربوون و دۆزینەوەی شێوازەکانی کشتوکاڵ گۆڕانی بنەڕەت بوو، چونکە ڕەوتی ژیانی مرۆڤایەتیی گۆڕی، یارمەتی مرۆڤی دا جێنشین بێت و گوند بنیات بنێت.

پێویستی ژیان و بوونی جوگرافیایەکی گونجاو دەرفەتێک بوو بۆ سەرهەڵدانی شۆڕشی کشتوکاڵ لەسەر دەستی دایک-ژن، ماڵیکردنی ئاژەڵ، بەخێوکردنی منداڵ، پێشخستنی کلتور و کێڵگە لەسەر دەستی ژنان بووە و ڕۆڵێکی گرنگیان تێداگێڕاوە.

شۆڕشی کشتوکاڵ بناغەیەک بوو بۆ درێژەپێدانی ژیانی مرۆڤ و بەرەوپێشچوونی مرۆڤایەتی، ئەم بەرەوپێشچونە لەسەر دەستی ژن بونیادنرا، ژن ڕەنجی کێشا و خۆراکی کردە پیرۆزییەک و بەهایەکی گرنگ بۆ مرۆڤایەتی و ژیان،  دۆزینەوەی کشتوکاڵ شۆرشێک بوو بۆ درێژەدان بە ژیان، بۆیەش هەر کەسێک وەک مێژووی وڵاتەکەی پێناسەی دەکات تا ئەو دەستکەوتە مێژووییە بکەنە موڵکی خۆیان، لە کۆندا پێیان وابووە کشتوکاڵ لە ناوچەیەکەوە سەریهەڵداوە و دواتر بۆ ناوچەکانی دیکە گوازراوەتە، بەڵام لێکۆڵینەوەی نوێی مرۆڤ ئەمە ڕەتدەکاتەوە و پێیوایە لەهەرجێیەک مرۆڤ هەبووبێت کشتوکاڵ هەبووە، بەڵام ئەو ڕاستییەش ناشاردرێتەوە کە کشتوکاڵ لەسەر دەستی دایک-ژن لە میزۆپۆتامیا دۆزرایەوە و درێژەی پێدرا.

مرۆڤ هەمیشە لەگەڵ سروشتدا خۆی گونجاندووە، پێی وابووە هۆکارێکی گرنگە بۆ مانەوە و ئاسانترکردنی ژیان، هەربۆیە چ ناوچەیەک شیاو بوبێت بۆ کشتوکاڵکردن، تێیدا نیشتەجێ بووە.

دەستپێکی سەرهەڵدانی شۆڕشی کشتوکاڵ لەکوێوە بووە؟

دەستپێکی شۆڕی کشتوکاڵ تەنها شۆڕشێکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو شۆڕشێکی فکریش بوو، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ 9000 ساڵ پێش زاین و لە دەشتەکانی ناوچەی میزۆپۆتامیا بەرپاکراوە.

 مێژووی شۆڕشی کشتوکاڵ:

بە پێی لێکۆڵینەوە زانستییەکان دەرکەوتووە مێژووی دەستپێکی شۆڕشی کشتوکاڵ لە ڕووباری دیجلە و فورات دەستپێدەکات، ئەو ناوچەیەی پێی دەوترێت میزۆپۆتامیای سەروو، میزۆپۆتامیاش دەشت و بەرزاییەکانی نێوان زنجیرە چیاکانی زاگرۆس و تۆرۆس پێکدەهێنێت، ئەو ناوچانە بە گونجاوترین ناوچە دانراون بۆ ئەنجامدانی کشتوکاڵ و بەخێوکردنی ئاژەڵ تیایاندا، دەستپێکی ئەم شۆڕشە، گۆڕانکارییەکی نوێ بوو لە مێژووی مرۆڤایەتیدا.

ئەم ناوچانە لە ڕووی دانەوێڵە و ماڵیکردنی ئاژەڵەوە خاوەن کلتووری دەوڵەمەندن، کەشوهەوای تەواو گونجاویان هەیە کە دەیسەلمێنێت سەرهەڵدانی شۆڕشی کشتوکاڵ دەگەڕێتەوە بۆ ناوچەکانی میزۆپۆتامیا و کەوانی زێڕین، 20  هەزار ساڵ بەر لە ئێستا و پاش کۆتایی پێهاتنی دوا قۆناغەکانی سەهۆڵبەندان، چاخی میزۆلیتیک سەریهەڵداوە، کە دەکەوێتە نێوان چاخی بەردینی کۆن و نوێ، دواتر چاخی نیولۆتیک دەستی پێکردووە کە زەوی و وشکانی دروستبووە، بووەتە هۆی گۆڕانی کەشوهەوا و زیادبوونی ئەزموونی مرۆڤایەتی بۆ گۆڕانکاریکردن لە چاندنی دانەوێڵە و ڕووەک، بەمە مرۆڤایەتی دەرفەتێکی باشی بۆ ڕەخساوە بۆ ئەنجامدانی شۆڕشی کشتوکاڵی و داهێنان و دابینکردنی خۆراکی پشتبەستراو و بەڕێوەبردنی خۆی و بووە بناغەیەک بۆ پێکهێنانی شارستانیەتیەکانی گوند، شار، نەتەوە، ئیمپراتۆریەتی، نووسین، ئەدەب، یاسا تا دەگاتە زانست.

بەتێپەڕبوونی کات شارۆچکە و شارەکان پەیدابوون، پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دروستبوون، هۆکارەکانی شارستانی بوون هاتە ئاراوە. بە واتایەکی تر کشتوکاڵ بوو بە یەکەم بەردی بناغەی بنیاتنانی شارستانییەت، چونکە ڕێڕەوی ژیانی مرۆڤایەتی گۆڕی، بۆیە دەتوانین بڵێین دۆزینەوەی کشتوکاڵ کودەتایەک بوو لە ژیانی مرۆڤایەتی. هەروەکو چۆن زاراوەی کودەتا لە سەدەی هەژدەمی زاینی بە شۆڕشی پیشەسازی ئەوروپا دەوترا.

 

رئيس الريف المصرى» يهدد المتاجرين بسحب أراضى الدولة - بوابة دار المعارف  الإخبارية.. بوابة إلكترونية تهدف إلى إثراء المحتوى الرقمي العربي من خلال  الفنون والقوالب الصحفية المتنوعة والمتميزة

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا