پۆڵەتیک پرێس:
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
عێراق بە درێژایی حکومەتەکانى عێراق و بەدیاریکراوی لەدوای پرۆسەى ئازادی عێراق نغرۆی گەندەڵی بووە بەجۆرێک لەریزبەندی ئەو وڵاتانەدایە کە خراپترین سیستەمی ئابوری و داراییانە هەیە، ساڵانە لەلایەن ڕێکخراوی شەفافییەتى نێودەوڵەتى و ڕێکخراوەکانى تایبەتمەندەوە عێراق بە گەندەڵترینی ئەو ولاتانە دیاری دەکرێن کە گەندەڵی بڕستى لێ بڕیوون.
بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی شەفافییەتی نێودەوڵەتی لە ساڵی ٢٠٢٢دا لە نێو ١٨٤ وڵاتی جیهاندا عێراق پلەی ١٥٦ بووە لە گەندەڵیدا و گەندەڵی ڕۆچووەتە ناو هەموو جومگەیەکی دامەزراوەکانى دەوڵەتەوە، عێراق لە پلەی حەوتەمدایە لە دوای هەر یەک لە ووڵاتەکانی سۆماڵ ، باشوری سودان، سوریا ، ئەفغانستان ، یەمەن ، کۆریای باکور…
تەنیا لە ساڵانی ٢٠٠٣ بۆ ٢٠١٥ ڕێژەی داهاتی عێراق ٨٥٠ ملیار دۆلار بووە بڕی ٤٥٠ ملیار دۆلاری بە شێوەی گەندەڵی بەهەدەر دراوە، لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٦ بۆ ٢٠١٤ ملیارەها دۆلار بەهەدەر دراوە بۆ زیاتر لە شەش هەزار پرۆژە، کە هیچییان جێبەجێ نەکراون.
بە بەهای ملیاران دۆلار پڕۆژەی سەرمایەگوزاری و یەکەى نیشتەجێبوون و دەیان پڕۆژەی جۆراو جۆر بە پارەى گەلی عێراق لە وڵاتانى ئەمریکاو ئەوروپا کڕدراوە.
کاربەدەستان لەچەندین ڕێگای جیاوازەوە گەندەڵیان ئەنجامداوەو ملیاران دۆلاریان رەوانەى دەرەوە کردوە بەتایبەت لەرێگای پرۆژەی وەهمی و سپیکردنەوەی پارە لە ڕێگای پاسپۆرتی دبلۆماسییەوە هەروەها بەرێگای بانکی و گرێبەستى وەهمی.
هەر ئەوەندەش نا لە پێنج ساڵی ڕابردوودا لە عێراقدا بڕی ١٥٠ ملیار دۆلار لە مەلەفی نەوتدا دزراوە لەعێراقدا، دەستەی دەستپاکی عێراق لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا ئاشکرای کردوە، زیاتر لە ١٠ هەزار بەرپرسی باڵاو مامناوەندو خوارەوەى حکومی لە کەیسی گەندەڵییەوە تێوەگلاون لە نێویاندا ٥٥ وەزیرو دەیان بریکاری وەزیرو بەڕێوەبەری گشتى هەیە کە زیاتر لە ١٥ هەزار تۆمەتی گەندەڵییان ئاڕاستە کراوە.
بەشێک لەو بەرپرسانە دەستگیرکراون و رووبەرووی دادگا کراونەتەوە، هەندێکیان سزای قورسیان بەسەردا سەپێنراوە، بەڵام بەرپرسە باڵاکانى عێراق لە لێپرسینەوەو دادگاییکردنەکان ڕزگاریان بووە.
محەمەد شیاع سودانى وەک سەرۆک وەزیرانى عێراق لەگەڵ دەست بەکاربوونى ڕایگەیاند، یەکەم ئەرکی ئەو بریتی دەبێت لە ڕووبەرووبوونەوەى گەندەڵی و بۆ ئەوەش ناوی چەندین بەرپرسی گەندەڵی ڕادەستکراوە تا فەرمانگی گرتنیان بۆ دەربکات، بۆیە لەو چوارچێوەیەدا ئۆپەراسیۆنێکى لەدژی گەندەڵکاران راگەیاندو تائێستاش نزیکەى ١٥٠ بەرپرس و کارمەندو فەرمانبەرو ئەفسەر دەستگیر کراون و رووبەرووی دادگا کراونەتەوە، بەشێکیشیان لە پۆستەکانیان دوور خراونەتەوە.
ئەگەرچی چیرۆکى گەندەڵی لە عێراق ناخهەژێنە و پاڵەوانی ئەو چیرۆکەش زۆرن، بەڵام هێشتا کۆمەڵێک دامەزراوەى چالاک و چاودێری هەیە کە ئەرکیان ڕووبەرووبوونەوەی گەندەڵی و ڕاوەدوونانى گەندەڵکارانن، دەستگیرکردنى سەدان کەس و هەڵهاتنى چەندین بەرپرس بۆ دەرەوەى عێراق شاهیدی چالاکبوونى ئەو دامەزراوانە پیشان دەدات.
لەگەڵ ئەوەى ئۆپەراسیۆنەکەی سودانى لەدژی گەندەڵکاران بەشێوەى سنوردار بەردەوامە و مانگی رابردووش گەڕانەوەى ٤٠٠ ملیار دینار پارەى دزراوی عێراقی ڕاگەیاند، بەڵام هێشتا نەیتوانیوە مەترسی گەورە بخاتە سەر ئەو مەلەفە هەستیارەى عێراق، نەشیتوانیوە تەواوی ئەو پارانە بگەڕێنێتەوە کە لەچوارچێوەى دزی سەدە دزراون.
مانگی کانووی یەکەمی ساڵی رابردوو سودانى رایگەیاند، لەکۆی زیاتر لە ٦٠٠ ملیار دینار تەنیا براونەتە دەرەوە تەنیا نزیکەى ٣١٧ ملیارو ٥٣٠ ملیۆن دیناری گەڕاندووەتەوە.
ئێستا یەکێک لە گەورەترین ئاڵنگارییەکانى بەردەم حکومەتەکەى سودانى بەرپرسە باڵاکانى حکومەت و حزبەکانن کە بوونە مۆتەکە بەسەر تەواوی دامەزراوەکانى دەوڵەت لەسەرەوە بۆ خوارەوە کە بەردەوام حکومەت دەدۆشن.
ئەو ئاڵنگارییەش خۆی لەوە دا دەبینێتەوە کە بە سەدان تۆمەتباری ئاشکرا هەن کە تێوەگلاون لە گەندەڵی دەستگیر ناکرێن یان دەستگیر کراون بە پەیوەندییەکى تەلەفۆنی ئازاد دەکرێن و کەیسەکەى دیزە بە دەرخۆنە دەکرێت.
ئەمە تەنیا چیرۆکى گەندەلی لە دامەزراوەکانى دەوڵەتى عێراقدا نییە، بەڵکو هەرێمی کوردستانیش وەک بەشێک لە عێراق پشکى گەندەڵی ئەگەر زیاتر نەبێت کەمتر نیە، لە هەموو ئەو ئامارو ژمارانەى رێکخراوی شەفافیەت لەبارەی عێراقەوە بڵاوی دەکەنەوە هەرێمی کوردستانیشیان حساب کردوە.
چەندین سێکتەرو دامەزراوە هەیە کە گەندەڵی بووەتە مۆرانە تێیداو هیچ کەس و دامەزراوەیەک زاتی ئەوە ناکات دەستى بۆ بەرێت، بەڵام بە هۆی نەبوونى چاودێریی ناوخۆیی و دەرەکی لەسەر خەرجکردنى ئەو داهاتانە، وای کرد گەندەڵی بگاتە ئاستێکى بەرز و تا ئێستاش هەر هەیە.
گەورەترین سێکتەر کە گەندەڵی دایڕزاندوە، سێکتەری نەوتە کە پارتى دیموکراتى کوردستان ماوەی چەندین ساڵە بەناوی ئابوری سەربەخۆوە کۆنترۆڵی کردوە، ساڵانەش رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ئاماری ترسناک سەبارەت بە گەندەڵی و لەناویاندا گەندەڵی نەوت دەخەنەڕوو.
سەرەڕای ئەوەى عێراق لەریزبەندی پێشەوەى گەندەڵیدایەو هەر بەردەوامیشە، بەڵام هەوڵ و تەقەلاکان بۆ رووبەروونەوەى گەندەڵی هەیەو دەبینرێت، هێشتا فەرمانی دەستگیرکردن بۆ گەندەڵکاران دەردەچێت، دامەزراوەکانى تایبەت بە چاودێرو نەهێشتنى گەندەڵی چالاکن و کاری خۆیان دەکەن، بەڵام لە هەرێمی کوردستان دامەزراوەکانى چاودێری و لێپرسیەوە سڕکراون و لە جوڵەخراون.