شەش هەزار بەربژێر، کێبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی 285 کورسی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەکەن

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

پاش نزیکەی 10 ساڵ، دواجار سبەی شەممە 16ـی کانوونی یەکەمی 2023، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەدەچێت کە تێیدا6 هەزار بەربژێر، کێبڕکێ لەسەر بەدەستهێنانی 285 کورسی لە 15 پارێزگای عێراق دەکەن.

بڕیارە سبەی شەممە 16ـی کانوونی یەکەم، دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەبچێت کە نزیکەی 17 ملیۆن دەنگدەر مافی بەژداریکردنیان دەبێت بۆ هەڵبژاردنی 285 ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگاکان.

کۆتا هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە ساڵی 2013 بەڕێوەچوو، لەساڵی 2019 بەهۆی خۆپشاندانەکانی بەغدا و هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی وەزیران لەو ساڵەدا، ئەنجوومەنی پارێزگاکانیش هەڵوەشایەوە و دەسەڵاتەکانی لێوەرگیرایەوە.

گەورەترین پشکی ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە بەغدای پایتەخت دەبێت کە 49 کورسی بەتەنها لەو پارێزگایە تەرخانکراوە، لەپاش ئەویش ئەنجوومەنی پارێزگای بەسڕە دێت بە 22 کورسی.

ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەسەڵاتی بەرفراوانیان هەیە لە بەڕێوەبردن و خەرجکردنی بوودجەی تەرخانکراو بۆ پارێزگاکان، پاش هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا، بوودجەکانی تەندرووستی، گواستنەوە، پەروەردە و بنیاتنان و تەواوی شایستەداراییەکانی پارێزگاکان کە لە بوودجەی گشتیی عێراق پەسەندکراوە، دەخرێتە بەردەستی ئەنجوومەنەکە و دەسەڵاتی خەرجکردنی تەواوەتییان پێدەدرێت.

لەنێو کاندیدەکاندا 1600 ژن هەیە کە دەکاتە 25%ی رێژەی دیاریکراو بۆ رەگەزی مێ بەپێی دەستووری عێراق. هەروەها 10 کورسی بۆ کەمینە مەسیحی و ئێزیدی و سابییەکان تەرخانکراوە.

هەڵبژاردنەکە لە 15 پارێزگای عێراق لە نێویاندا ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بەڕێوەدەچێت، ژمارەی دانیشتووانی ئەو پارێزگایانەی هەڵبژاردنەکانی تێدا بەڕێوەدەچێت نزیکەی 43 ملیۆن کەسە.

هەڵبژاردنەکە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە، بڕیارە رۆژی دووشەممە، 18ـی کانوونی یەکەم هەڵبژاردنی گشتیی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەبچێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا