پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگا بەهەرێمبوونی سلێمانی رەتدەكاتەوە

پۆڵەتیك پرێس:
پارتی پرۆژەی بەهەرێمكردنی سلێمانی بە پارچە پارچەكردنی هەرێم ناودەبات و دەشڵێت: پرسێكی لەو جۆرە پێویستی بە بڕیاری سیاسی سەركردایەتی هەرێمی كوردستان دەبێت.

رۆژی ٦ی ئەم مانگە پرۆژەی بە هەرێمكردنی پارێزگای سلێمانی لەلایەن رۆژنامەنووس بەیار عومەر و چەند كەسێكی دیكەوە خرایەڕوو و ڕاشیانگەیاند ئەو پڕۆژەیە پێشكەشی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەكەن.

بارزان حامد، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە پۆلەتیك پرێس-ی راگەیاند، ئەو پرۆژەیە لەلایەن هیچ حزب و لایەنێكی سیاسییەوە پشتیوانی نەكراوە، پرۆسەی سیاسی لە كوردستان و گۆڕینی سیستمی سیاسی لە كوردستاندا پێویستی بە ڕێككەوتن و كۆمەڵێك ڕێكاری كارگێڕی و یاسایی هەیە، هەركاتێك حزب و لایەنێكی سیاسی لە كوردستاندا گەیشتە ئەو بڕوایەی لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان و هەرێمە كە پارچە پارچە بكرێت، پێویستی بە بڕیاری سیاسی سەركردایەتی هەرێمی كوردستان دەبێت.

وتیشی: لەبەرئەوەی هێشتا میلەتی كورد وەك نەتەوە لە قۆناغی بەرەو دەوڵەت بوونە و پێویستی بەوەیە خاوەنی كیانێك بێت، بۆیە هێشتا ئێمە پێمانوایە دەبێ ئێمە كوردستان بە یەكگرتوویی بهێڵینەوە و نەهێڵین پارچە پارچە بكرێت، هێزی هەرێم و سیاسەتی هەرێم لەوەدایە یەك هەرێم بێت و بە یەك ئاراستە ئیش بكات.

لەبارەی ئەوەی قسەیان چیە لەسەر ئەوەی لە دەستوری عێراق باس لە مافی هەرێمبوونی پارێزگاكان كراوە، بارزان حامد رایگەیاند، بابەتی دەستور شتێكە و ئەوەی لە واقیعش هەیە بابەتێكی ترە، لە هەرێمی كوردستان دەستورمان نییە، كە دەستورمان هەبوو ئەوكاتە لە دەستوری هەرێمدا چارەنوسی هەرێم و پارێزگاكانی هەرێم دیاری دەكرێت. پێویستە دەستور بنوسینەوەو بزانین لە دەستوری هەرێم لەو بارەیەوە چی دەڵێت و رێگە بە بەهەرێمبوونی پارێزگاكان دەدات یاخود نا.

ئەو ئەندامەی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی جەختی لەوەكردەوە ئەو پرسە پێویستی بە رێككەوتنی سیاسی لایەنە خاوەن نفوز و پێكهێنەرەكانی حكومەت هەیە و وتی: تا ئێستادا هیچ هێزێكی سیاسی پشتیوانی نەكردووە، ئەمە تەنها پڕۆژەی كۆمەڵێك گەنجە پێشكەشیان كردووە چاوەڕێی كاردانەوەی هێز و لایەنە سیاسییەكانن.

راشیگەیاند، ئێمە پشتیوانی هیچ پڕۆژەیەك ناكەین كە لە ئێستادا هەرێمی كوردستان لەت لەت بكات، هەرێم پێویستی بەوەیە سەربەخۆ و یەكگرتوو بێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەكان.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا