قوباد تاڵەبانی و کونسوڵی نوێی کۆماری گەلی چین کۆبوونەوە

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، پێشوازی لە لیۆ جیۆن، کونسوڵی گشتیی نوێی کۆماری گەلی چین لە هەرێمی کوردستان کرد و لە کۆبوونەوەی نێوانیاندا چۆنییەتی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا بە تایبەت لە بوارەکانی بازرگانی و پیشەسازی و خوێندنی پیشەیی تاوتوێکران.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی پێنجشەممە،16ی نۆڤەمبەری 2023 لە هەولێر بەڕێوەچوو، قوباد تاڵەبانی، پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە کونسوڵی نوێی چین کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکەکەیدا و بە تایبەتیش لە بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان چین و هەرێمی کوردستان، بۆ ئەم مەبەستەش پشتیوانی خۆی و نووسینگەی جێگری سەرۆک وەزیرانی بۆ هەرجۆرە هاوکارییەک دەربڕی.

هەردوولا، بە گرنگییەوە باسیان لە پێویستیی پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان چین و هەرێمی کوردستان کرد لەسەر بنەمای ئەو تێگەیشتنەی سەرۆک مام جەلال وەک دامەزرێنەری پەیوەندیی مێژوویی نێوان هەردوو گەلی کورد و گەلی چین هەیبوو.

هەر لەم چوارچێوەیەدا قوباد تاڵەبانی بە تایبەتی جەختی کردەوە، لەسەر پێکەوەکارکردن بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندییەکان لەڕووی بازرگانی و پیشەسازی و پێشخستنی بواری تەکنەلۆجیا و ئای تی لە هەرێمی کوردستان، لەمبارەیەوە کونسوڵی گشتیی چینیش ئامادەیی دەربڕی کە بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێم کار بکات بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان لەو بوارانەدا، هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، لە داهاتوویەکی  نزیکدا سەنتەرێکی لێکۆڵینەوەی چینی لە زانکۆی سلێمانی دەکرێتەوە و کاریش دەکەن کە پەیوەندیی ئەکادیمی لەنێوان زانکۆکانی چین و کوردستاندا دروست بکەن.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، باس لە گرنگیدان بە پەیوەندیی کلتوری و رۆشنبیری لەنێوان شارەکانی چین و کوردستان کرا، کونسوڵی چین بە تایبەتی سەرسامی خۆی بە شاری سلێمانی دەربڕی کە ئەزمونێکی دەوڵەمەندی لەڕووی رۆشنبیری و کلتورییەوە هەیە، راشیگەیاند، کار بۆ دروستکردنی پەیوەندیی کلتوری و رۆشنبیری لەنێوان سلێمانی و یەکێک لە شارەکانی وڵاتی چین دەکات.

هاوکات، بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکان لەهەموو بوارەکاندا، بڕیارە لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە کونسوڵخانەی چین راستەوخۆ ڤیزە بە هاوڵاتییانی هەرێم بدات تا بەمەبەستی جۆراوجۆر سەردانی ئەو وڵاتە بکەن.

 

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا