پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشکرایکرد، ئەمڕۆ لە پەروەردەکانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە مووچەی مانگی ئابی وانەبێژان دابەشدەکرێت.
کاروخ عەبدوڵڵا، نوێنەرێکی مامۆستایانی وانەبێژ رایگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە 30ـی تشرینی یەکەم، مووچەی مانگی ئابی مامۆستایانی وانەبێژی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین دابەشدەکرێت.
بەگوێرەی زانیارییەکان، زۆرترین مووچەی وانەبێژان بۆ مانگەکانی تەممووز و ئاب 200 هەزار دینارە و کەمترینی 100 هەزار دینار.
بەهۆی دابەشنەکردنی مووچە و شایستە داراییەکانیانەوە، تا ئێستا خوێندن لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین دەستی پێنەکردووەتەوە کە بڕیاربوو رۆژی 13ـی ئەم مانگە یەکەم رۆژی ساڵی نوێی خوێندن بێت.
مامۆستایانی میلاک و وانەبێژان شانبەشانی چین و توێژە جیاجیاکانی دیکەی کۆمەڵگا، ناڕەزایەتیی و داخوازییەکانیان بردووەتە سەر شەقام و داوا دەکەن حکومەتی هەرێمی کوردستان مافەکانیان لەکاتی خۆیدا پێ بدات.
بەگوێرەی داتاکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری، ژمارەی وانەبێژان لە هەرێمی کوردستان 35 هەزارو 500 مامۆستای وانەبێژە و سەرجەمی خەرجی ئەو ژمارەیەش لەسەر حکومەت، مانگانە 13 ملیار و 700 دینارە کە مووچەی هەر مامۆستایەک بەگوێرەی بڕوانامەکەی دەگۆڕێت بەجۆرێک، هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆس 400 هەزارو هەڵگری بڕوانامەی دبلۆم 200 هەزار دینار وەردەگرێت.