ریفراندۆم زمانی کوردی داخ کرد

🖍️ئەمساڵ 7500 قوتابی پۆلی یەكی سەرەتایی لە قوتابخانە كوردییەكان ناویان نووسراوە، ساڵانی پێشووتر 15 هەزار ناویان دەنووسرا

🖍️لە خانەقین، پێش ریفراندۆم 6500 خوێندكار لە خوێندنی كوردی بوون، بەڵام دوای ئەوە ژمارەیان بۆ 4350 خوێندكار كەمبۆتەوە

🖍️لە خانەقین 30 خوێندنگەی كوردی كراونەتە عەرەبی، پێش ریفراندۆم 60 خوێندگەی كوردی هەبووە

🖍️لە خورماتوو 8 خوێندنگەی كوردی داخراون

🖍️لە خورماتوو ساڵی رابردوو نزیكەی 50 خوێندكاری كورد مامەڵەی گواستنەوەیان كردووە بۆ سەر خوێندنی عەرەبی

ریفراندۆم و زمانی کوردی لەدوای پڕۆسەی ریفراندۆمەوە، كورد لە ناوچە جێناكۆكەكان بەتایبەتی لە كەركوك رووبەڕووی چەندین نەهامەتی بۆتەوە، هەوڵی تەعریب و گۆڕینی دیمۆگرافیای ناوچەكە و داگیركردنی زەوییە كشتوكاڵییەكان كە هەموو ئەمانە لە ئێستا و داهاتوودا كاریگەریی گەورەیان لەسەر پێگەی كورد و هەرێمی كوردستان هەیە.

لە پاڵ ئەو مەترسییانەدا لەدوای ریفراندۆمەوە خوێندنی كوردی لە كەركوك بەرەو كاڵبوونەوە چووە، بەپێی نوێترین ئاماری سەرپەرشتیاری خوێندنی كوردی لە كەركوك، ئەمساڵ تەنها 7500 قوتابی پۆلی یەكی سەرەتایی لە قوتابخانە كوردییەكان ناویان نووسراوە، ئەوەش لەكاتێكدایە ساڵانی پێشووتر 15 هەزار قوتابی پۆلی یەكی سەرەتایی ناویان دەنووسرا.

ئەم ئامارانە مەترسیدارن، بەتایبەتی دوای ئەوەی لەدوای پڕۆسەی ئازادییەوە، بە ئامانجی بەرەوپێشچوونی زمانی كوردی خێزانە كوردەكان بە پەرۆشەوە منداڵەكانیان دەناردە خوێندنگە كوردییەكان و ساڵ بە ساڵ زیادی دەكرد، بەڵام لەدوای ریفراندۆمەوە زمانی كوردی فەرامۆش دەكەن و ژمارەی خوێندكارانی خوێندنی كوردی رووی لە كەمبوونەوە كردووە.

ئەمەش وادەکات حكومەتی فیدراڵی بێ ئەوەی بیەوێت کاری هەڵوەشاندنەوەی خوێندنی کوردی دەستپێدەکات، هەروەك لەماوەی رابردوودا وەزارەتی پەروەردەی عیراق خشتەی تاقیكردنەوەكانی خوێندنی كوردی لە كەركوك لادا، وەزارەتی تەندروستی داوایكرد مۆڵەتی تەندروستی لە كەركوك نابێت بەزمانی كوردی بێت، زمانی كوردی لەسەر تابلۆكانی هاتووچۆ لە كەركوك لابران و دوای ناڕەزایی دووبارە زمانی كوردی بۆ تابلۆكان زیاد كرانەوە.

فەرامۆشكردنی خوێندنی كوردی لەلایەن هەرێمەوە رەنگە وابكات لە چەند ساڵی داهاتوودا زۆرێك لە خوێندنگەكانی زمانی كوردی لە كەركوك دابخرێن، بەتایبەتی خوێندنی كوردی رووبەڕووی چەندین كێشە و گرفت بۆتەوە، بینای قوتابخانەکان کۆنن و کەمیشن، كتێب و مامۆستا کەمن، وەرنەگرتنی مووچەكانیان وادەكات خوێندكارە كوردەكان روو لە خوێندنگە عەرەبییەكان بكەن.

نەبوونی دەسەڵاتی كوردی لەناوچە جێناكۆكەكان و كۆچكردنی خێزانە كوردەكان هۆكاری كەمبوونەوەی خوێندكارانی خوێندنی كوردییە، جگە لەوەش خوێندن لە زانكۆ بە زمانی عەرەبی، وایكرووە كوردی ئەو ناوچانە منداڵەكانیان بخەنە خوێندنگە عەرەبییەكان، كردنەوەی خوێندنگەی ئەهلی بە زمانی عەرەبی مەترسی دیكەن بۆسەر زمانی كوردی. خوێندنی كوردی لە خانەقین باشتر نییە لە كەركوك، لە خانەقین، پێش ریفراندۆم 6500 خوێندكار لە خوێندنی كوردی بوون، بەڵام دوای ئەوە ژمارەیان بۆ 4350 خوێندكار كەمبووەوە.

هەروەها 30 خوێندنگەی كوردی كراونەتە عەرەبی، كە پێش ریفراندۆم 60 خوێندگەی كوردی هەبووە، بەڵام ئێستا (30) هەن.

لە خورماتووش لەدوای ریفراندۆم 8 خوێندنگەی كوردی داخراون، چونكە پەروەردەی خورماتوو سەر بە پارێزگای سەڵاحەدینە، مامەڵەیان لەگەڵ كورد باش نییە، ساڵی رابردوو نزیكەی 50 خوێندكاری كورد مامەڵەی گواستنەوەیان كردووە بۆ سەر خوێندنی عەرەبی، چونكە خوێندنی كوردی لەلایەن دەسەڵاتدارانی ناوچەكەوە پەراوێزخراوە هەم وەك زمان هەم وەك بینا و پێداویستییەكان.

زمان ناسنامە و كۆڵەكەی سەرەكی نەتەوەیە، كاڵبوونەوەی لای تاك، كاڵبوونەوەی هەستی نەتەوایەتییە، سەدان ساڵە نەیارانی كورد كار بۆ سڕینەوەی دەكەن، ئەگەرچی ئەو مەبەستەیان سەری نەرگرتووە، بەڵام كورد بەهۆی ریفراندۆمەوە بیانووی دایە دەستی نەیارەكانی بۆ سڕینەوە زمانەكەی.

فەرید دڵشاد

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا