ڕۆیتەرز: سودانی بە ڕازیکردنی گەنجان خۆپیشاندان لە عێراق دووردەخاتەوە

پۆڵەتیک پرێس:

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

ئاژانسی ڕۆیتەرز لە ڕاپۆرتێکدا باس لەوە دەکات، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق هەوڵ بۆ ئەوە دەدات هەڵگیرسانی خۆپیشاندان لە عێراق دووربخاتەوە و بۆ ئەمەش دەیەوێت زۆرترین گەنج لە خۆی ڕازی بکات.

لە ڕاپۆرتەکەی ئاژانسی ڕۆیتەرزدا هاتووە، شارەزایان دەڵێن، بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخەکانی نەوت و سەقامگیری ڕێژەیی و پشتیوانی کردنی هێزە سیاسییەکان، سودانی دەیەوێت دەستکەوتی خێرا بەدەستبهێنێت بۆ ڕازیکردنی ڕێژەیەکی بەرچاو لە گەنجان کە چەندین جار لەماوەکانی ڕابردوودا پشکۆی هەڵگیرسانی خۆپیشاندان بوون لە وڵاتەکە، هەوڵەکانی سودانی خۆیان دەبیننەوە لە پەرەپێدانی پرد و ڕێگاکانی هاتوچۆ و لابردنی بەربەستە ئەمنییەکان کە دەبنەهۆی دروستکردنی پشێوی لەبەردەم هاتوچۆدا، هەروەک چۆن سەرقاڵی جوانکردنی ڕووکاری ئەو بینایانەیە کە بەهۆی جەنگەوە شێواون و چاکسازی لە باخچە و شوێنەکانی نزیک لە ڕووباری دیجلەدا دەکات.

پێدانی کارەبا زیادیکردووە و لە مانگی ئایاردا بەشێوەیەکی بەرچاو بڕانی کارەبا کەمیکردووە

ئاژانسی ڕۆیتەرز لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە، پێدانی کارەبا زیادیکردووە و لە مانگی ئایاردا بەشێوەیەکی بەرچاو بڕانی کارەبا کەمیکردووە، بەڵام پێشبینیش دەکات لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین بەهۆی زیادبوونەوەی خواست لەسەری، جارێکی دیکە پێدانی کارەبا کەمببێتەوە.

لە زیاتر لە بیست چاوپێکەوتنی ئاژانسی ڕۆیتەرزدا عێراقییەکان وتوویانە، هەست بە گەشبینی دەکەن بەرامبەر بە داهاتوو بەهۆی ئەو چاکسازییانەی لە ژێرخان و سەقامگیری عێراقدا کراوە لەم دواییانە، بەتایبەت کە دەرگای عێراق بەڕووی گەشتوگوزاردا کراوەتەوە کە زۆربەی گەشتیاران لە وڵاتانی دیکەی عەرەبییەوە هاتوونەتە وڵاتەکە.

زۆرێک لە عێراقییەکانیش باسیان لەوە کردووە، ئەم گۆڕانکارییانە گرنگترین گۆڕانکاری دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس بوون لە ساڵی 2003، بەڵام هێشتا کەمە بۆ وڵاتێک کە بەنموونە تەنها لە ساڵی ڕابردوودا بەهۆی فرۆشتنی نەوتەوە 115 ملیار دۆلار داهاتی بووە.

سودانی لەڕێی ئەو گۆڕانکارییانەی زوو هەستیان پێدەکرێت دەیەوێت دڵی گەنجان لەخۆی ڕازی بکات

لایخۆیەوە سیجاد جەیاد، ئەندام لە “ذە سێنتری فاوندەیشن” کە لە بەغدا بارەگای هەیە دەڵێت، سودانی دەیەوێت بیرۆکەی خۆپیشاندان دووربخاتەوە لە عێراق، ئەمەش لەڕێی ئەو گۆڕانکارییانەوە دەکات کە خەڵک ڕاستەوخۆ دەتوانن هەستیان پێبکەن، نەک ئەو شتانەی کە پێویست دەکات 10 ساڵ چاوەڕوانیان بکەن، جگە لەوەش دەیەوێت وا پشانی بدات پیاوێکە دەتوانێت هەموو شتێک لە عێراق بکات.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، هێشتا زۆرێک لە عێراقییەکان گومانیان هەیە ئەو دابەشکارییە سیاسییە قورسەی لە عێراق هەیە بەهۆی ئەم گۆڕانکارییە ڕێژەییانەوە کۆتایی پێبێت، یاخود ئەو دەستکەوتە ئابوورییانەی بەهۆی ئەم گۆڕانکارییانەوە بەدیدێن، سودیان هەبێت بۆ وڵاتێک کە بەپێی ئامارە فەرمییەکان ڕێژەی بێکاری تێیدا %16یە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا