دۆسییەی پرساندنی مەسرور بارزانی دەجوڵێنرێتەوە

پۆڵەتیك پرێس:

چەند پەرلەمانتارێك دۆسییەی پرساندنی مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەجوڵێننەوەو داوادەكەن بۆ ئەو مەبەستە سەرۆكایەتی پەرلەمان دەست بەرێكارەكانی پرساندنی سەرۆكی حكومەت بكات.

 

ئەو پەرلەمانتارانە لەراگەیەنراوێكدا دەڵێن: ئێمەی پەرلەمانتارانی كوردستان، كە پاڵپشت بە مادەی (69) لەپەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان، پێشتر واژووەمان كۆكردبووەوە بۆ پرساندنی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران و جێگرەكەی و وەزیری دارایی، دەمانەوێت بۆ رایگشتی كوردستان-ی دوپاتبكەینەوە:

هاتنی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و جێگرەكەی و وەزیری دارایی، لە هەفتەی رابردودا بۆ پەرلەمانی كوردستان، دوور و نزیك پەیوەندیی بە پرساندنەوە نەبوە و ئێمە سورین لەسەر داخوازییە پەیڕەوییەكەمان بۆ ئەوەی لەوادەی دیاریكراودا ئەو بەرێزانە بۆ مەبەستی “پرساندن” بێنە پەرلەمان.

 

چاوقایمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە بێ‌ هیچ دەقێكی یاسایی، موچەی پێنج مانگی تەواوی موچەخۆران رادەگرن، كە نزیكەی چوار تریلیۆن دیناری موچەخۆرانی راستەقینەی هەرێم دەكات، تاوانێكی گەورەیە و دەچێتە سەر خەرمانی پێشێلكارییە یاسایی و كارگێڕییەكانی ئەم كابینە حكومەتییە، كە بەرانبەر بە موچەخۆرانی راستەقینەی كوردستان كردویەتی.

 

ئەگەر پێشتر هەندێك‌ سوكە ئومێدێكیان بەم حكومەتە و بانگەشەكانی بۆ چاكسازیی هەبوبێت، ئیتر لەدوای بڕیاری راگرتنی پێنج مانگی موچەخۆران و درێژەدانیش بە ناشەفافییەتی نەوت و سەرجەمی داهاتەكانی دیكە، ئەم حكومەتە هەمو هەوڵێكی لەباربرد و كاتی ئەوە هاتوە لە پەرلەمان دا، متمانەی لێبسەنرێتەوە.

 

داواكارین لەسەرجەمی پەرلەمانتاران، لە پرساندنی بەرپرسانی باڵای ئەم كابینە حكومەتییەدا هاوكارمان بن و بەرژەوەندیی گشتیی بخەنە سەروی بەرژەوەندیی و ئەجێندای تەسكی حزبییەوە.

 

ئەمە لەكاتێكدایە، ماوەی رابردوو 23 پەرلەمانتار، واژوویان كۆكردەوە بۆ پرساندنی سەرۆكی حكومەت‌و جێگرەكەی‌و وەزیری دارایی، كە دواتر سەرۆكی حكومەت خۆی داوای كۆبوونەوەی پەرلەمانی كردو رۆژی 5 تشرینی دووەم چووە پەرلەمانی كوردستان‌و لەسەر چەند پرسێك روونكردنەوەی بە پەرلەمانتاراندا.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا