سەرۆك كۆمار بەدواداچوون بۆ رووداوەكەی قەزای خالس دەكات

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

سەرۆك كۆماری عێراق بۆ روداوەكەی شەوی رابردوی گوندێكی سەر بە قەزای خاڵس لە پارێزگای دیالە پەیامێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند، لە نزیكەوە بەدواداچون بۆ هێرشەكە دەكات و داواش دەكات هەوڵی هەواڵگری، وریایی هێزە ئەمنییەكان و هاوپشتی هاوڵاتیان بەهێزتربكرێت تاوەكو روداوی هاوشێوە دوبارە نەبێتەوە.

سەرۆكایەتی كۆماری عێراق رۆژی سێشەممە 20_12_2022 لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، سەرۆك كۆمار دكتۆر لەتیف جەمال رەشید بە وردی و بە بایەخێكی زۆرەوە بەدواداچون بۆ هۆكار و دەرئەنجامی پەلامارە تیرۆریستییە ترسنۆكانەكەی قەزای خالس دەكات كە بوە هۆی گیانلەدەستدانی ژمارەیەك هاوڵاتی و برینداربونی ژمارەیەكی دیكە.

ئەوەشی خستوەتەڕو، سەرۆك كۆمار دوپاتی دەكاتەوە كە پەلامارێكی لەم جۆرە ترسنۆكی و شكستی باندە تیرۆریستییەكان دەردەخات و هەروەها گوزارشتیشە لە پیلانی ئەو تاقمە تاوانكارییانەی كە مەرامیانە ململانێی تائیفی بخوڵقێنن كە گەلەكەمان لەو ململانێیە رزگاری بو دوای ئەوەی سەركەوتنی مەزنی بەسەر تیرۆردا بەدەست هێناو و شار و گوندەكانی لە چنگی رەشی ئەوان ئازادكرد.

باس لەوەشكراوە، سەرۆك كۆمار جەخت دەكاتەوە لە بەهێزكردنی هەوڵی هەواڵگری و وریایی هێزە ئەمنییەكان و هاوپشتی هاوڵاتیان لە بەرامبەر هەر جموجۆڵێكی پاشماوەی تیرۆریستان كە وەڵامی چارەنوسسازە بۆ نەهێشتنی تیرۆریستان و چەسپاندنی ئەو ئاسایش و سەقامگیرییەی كە گەلەكەمان و هێزە ئازاكانمان بە قوربانیدانی ئازا و قارەمانێتی گەورەی خۆیان بەدەستیان هێنا.

شەوی 19ی كانونی یەكەمی 2022، ژمارەیەك چەكداری داعش هێرشیان كردەسەر گوندی ئەلبوبالی لە سنوری شارۆچكەی خاڵسی سەر بە پارێزگای دیالە، بەهۆیەوە هەشت كەس كوژران كە سەرجەمیان سەر بە عەشیرەتی دلێم بون و سێ كەسی دیكەش بریندار بون.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا