تائێستا دیارنییە ئەندامەكەی پەكەكە لە چ شوێنێكی هەرێمی كوردستان دەستگیركراوە

پۆڵەتیك پرێس:
لەئۆپەراسیۆنێكی دەزگای هەواڵگریی میت-دا، فەرهات تەكینەر، كە توركیا تۆمەتباری كردووە، بەئەنجامدەری هێرشی سەر ئەو سەربازانەی لەساڵی ٢٠١٦دا مۆڵەتی چوون بۆ بازاڕیان وەرگرتبوو لەقەیسەری، لەهەرێمی كوردستان دەستگیركراو برایەوە بۆ توركیا.

ئەوەی تائێستا جێگەی سەرەنجە، كە تائێستا دیارنییە فەرهاد تەكینەر، لە چ شوێنێكی هەرێمی كوردستان دەستگیركراوە، هەروەها دیارنییە، كە ئاسایشی كوێ‌ هاوكاربووە لەدەستگیركردنی ئەو ئەندامەی پارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكە.

پۆڵەتیك پرێس بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر پەیوەندی بە ئاسایشی سلێمانییەوە كردو لەو بارەوە، سەرچاوەیەكی بەرپرس‌و ئاگادار لەئاسایشی سلێمانی ئاشكرایكرد، كە ئەوان بەهیچ شێوەیەك ئاگاداری دەستگیركردنی ئەو ئەندامەی پارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكەوە نییە.

پۆڵەتیك پرێس بۆ زانیاری زیاتر، پەیوەندی بەزاگرۆس هیوا، وتەبێژی كۆما جڤاكێن كوردستان كەجەكەوە كردو ناوبراو لەلێدوانێك بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی: ئەوان تائێستا زانیارییان نییە لەوەی فەرهاد چۆن دەستگیركراوەو دوای وەرگرتنی زانیاریش لەو باڕەوە، روونكردنەوەیان بۆ رای گشتی دەبێت.

پێشتر ئاژانسی ئەنادۆڵی توركی بڵاویكردەوە، تەكینەر ناوە نهێنییەكەی فەرهات بۆتایە و یەكێكە لەئەنجامدەرانی هێرشەكەی ساڵی ٢٠١٦، كە بە بۆمب هێرش كرایە سەر ئەو پاسەی سەربازانی هەڵگرتبوو، كە مۆڵەتی چوون بۆ بازاڕیان وەرگرتبوو، لە ئۆپەراسیۆنێكی میتدا، كە بە هاریكاری هێزەكانی ئاسایش بەڕێوەچووە لەهەرێمی كوردستان دەستگیركرا.

ئاژانسەكە بڵاویشیكردەوە، فەرهات تەكینەر كە فەرمانی دەستگیركردنی بۆ دەركرابوو، دوای دەستگیركردنی گوازرایەوە بۆ توركیا، كە ناوبراو ئەندامی پارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكە بووە.

لەكانوونی یەكەمی ٢٠١٦دا، لە قەیسەری بە بۆمب هێرش كرایە سەر پاسێك، كە ئەو سەربازانی هەڵگرتبوو مۆڵەتی چوون بۆ بازاڕیان وەرگرتبوو، لەو هێرشەدا ١٥ سەرباز كوژران‌و و ٥٤ی دیكەش برینداربوون.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا