پۆڵەتیك پرێس
بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی لە كەركوك دەڵێت، بەپێی ئەو خشتەی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان دایناوە، هاوپەیمانی كوردستان كارەكانی جێبەجێدەكات و لە ئێستادا سەرقاڵی تۆماركردنی فەرمانبەرانی كۆمسیۆنین بۆ رۆژی دەنگدان ، بۆ بریكاری سەرسەندوقەكانیش زیاتر لە 1700 بریكار دادەنێین.
عەلی قەڵایی، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی لە كەركوك بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: لە شاری كەركوك سەرجەم حزب و لایەنە سیاسییەكان سەرقاڵی ئامادەكارییەكانن بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق و لەو چوارچێوەیەشدا هاوپەیمانی كوردستان بەپێی ئەو خشتەیەی كۆمسیۆن دایناوە كارەكانی ئەنجام دەدات.
بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی لە كەركوك وتی: لە 23ی مانگی ئایاری رابردووەوە كۆمسیۆن دەرگای دامەزراندنی بۆ فەرمانبەرانی سەرسەندوقەكانی دەنگدان كردووەتەوە و تا ئێستاش ئەو كارە بەردەوامی هەیە.
باسی لەوەشكرد، وەكو هاوپەیمانی كوردستان پێویستمان بە زیاتر لە 1700 بریكار هەیە بۆ هەردوو بازنەی یەك و دووی كەركوك و هەوڵدەدەن بەپێی پێویستی هەردوو بازنەكە بریكار بۆ رۆژی دەنگدان دابنێن.