لەبارەی هاككەرە روسییەكانەوە هۆشداری درایە بایدن

پۆڵەتیك پرێس:
كۆمپانیای مایكرۆسۆفت ستافی كەمپەینی هەڵبژاردنی جۆ بایدن، كاندیدی دیموكراتەكانی ئەمریكای لە مەترسی هاككەرە روسییەكان ئاگاداركردەوە لەوەی، هاككەرە روسییەكان هەوڵیانداوە ئەو كۆمپانیایە بكەنە ئامانج، كە لە راییكردنی كەمپەینەكەی بایدن بەرپرسە.

میدیاكانی ئەمریكا بڵاویانكردەوە، كۆمپانیای مایكرۆسۆفت یەكێك لە كۆمپانیا سەرەكییە تایبەتەكانی هەڵمەتی هەڵبژاردنی جۆ بایدنی ئاگاداركردووەتەوە ژمارەیەك هاككەری روسی، كە لایەنی فەرمی ئەو وڵاتە پشتیوانیان دەكەن هەوڵیان بۆ هاككردنی داوە.

سەرچاوەیەكی نزیك لە كۆمپانیای SKDK راگەیاندووە، هاككەرەكان سەركەوتوو نەبوون لە چوونە ناو سیستمی تۆڕی كۆمپانیاكەوە و ئەوەش بۆ بەهێزی سیستمەكە دەگەڕێتەوە، كە بەهێزە و شكاندنی زەحمەتە.

كۆمپانیای SKDK لە نزیكەوە لەگەڵ دیموكراتەكان كاردەكات و لە ئێستاشدا، بە مەبەستی سەرخستنی جۆ بایدن كاردەكات، ئەو كۆمپانیایە لە ساڵی ٢٠١٨دا لە سەرخستنی پارێزگاری هەردوو ویلایەتی كانساس و كۆنیكتەكتدا دەستێكی باڵای هەبوو.

یەكەمجار نییە هەواڵی دەستێوەردانی روسیا لەهەڵبژاردنەكانی ئەمریكا لە رێگای هاككردنەوە باسی لێوەبكرێت، لە ساڵی ٢٠١٦شدا و لەهەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی ئەمریكادا، روسیا بە هەوڵدان بۆ دەستوەردان لە هەڵبژاردنی ئەو وڵاتەدا تۆمەتباركرا.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا