پۆڵەتیك پرێس:
كورد لە “سەربەخۆییەوە” خەونەكەی بۆ پاسەوانیكردنی سنورەكانی توركیا گۆڕاوە، بەوشێوەیە ڕۆژنامەی “العرب”ی ئوردنی باس لە مەترسییەكانی شەڕی ناوخۆی كورد دەكات.
لەژێر سەركردایەتی پارتی داد و گەشەپێدان توركیا بە قورسیی سیاسەتی لاوازكردن و لەباربردنی خەونی كورد لەناوچەكە بەڕێوەدەبات، ئەویش لە چوارچێوەی ڕاگەیاندنی شەڕ بەرامبەر بە كورد لە عێراق و سوریا بە پاساوی شەڕی تیرۆر و پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی توركیا، هەر لە چوارچێوەی پلانەكەی توركیادا بەرپاكردنی شەڕی كورد-كورد هەیە.
هەرچەندە توركیا لەژێر ناوی ئەمنیەت لە سوریا و عێراق شەڕی دژی كورد بەرپاكردووە، بەڵام ئەوە هیچ لە ئامانجە سیاسیی و نەتەوەییەكەی توركیا ناگۆڕێت دژی كورد، شەڕی توركیا، شەڕێكە دژی تەواوی كوردەكان.
نزیكبوونەوە لە هێڵە سورەكان
ئەوەی كوردەكانی عێراق لێیدەترسان تێوەگلانی كوردانی عێراق بوو لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی توركیا دژی پارتی كرێكارانی كوردستان لە عێراق و یەكینەكانی پاراستنی گەل لە سوریا.
بەڵام لەماوەی ڕابردوودا دوای پێكدادانەكانی پەكەكە و پێشمەرگە ئەو ترسە تەواو زیادیكرد، كار گەیشتە ئەوەی كوردانی سوریاش تێوەبگلێندرێن، بەو پێیەی سێ بەرپرسی ئیدارەی خۆسەری ڕۆژئاوای كوردستان لە هەولێر ڕفێندران.
لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا ئاستی لێدوانە توندەكان هەڵكشان كاتێك نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان هۆشداریدایە پەكەكە و وتی “بەیەك دەنگ و هەڵوێستی هاوبەش بە پەكەكە دەڵێین ئەو شەڕە لە گەلی كورد دوربخەنەوە”.
لەكاتێكدا كە توركیا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانی لە هەرێمی كوردستان بە چڕیی بەڕێوەدەبات، هەلێكی كەوتووەتە دەست بۆئەوەی دەسەڵاتدارانی هەرێم دژی پەكەكە هانبدات، ئەویش نەك لەبەر كەلێنە ئەمنییەكەی هەرێم، بەڵكو بەهۆی ئەو دۆخە سەختە ئابورییەی هەرێمی كوردستان تێیكەوتووە.
دەستوەردانی سەربازیی توركیا وادەكات، لە داهاتوودا ململانێی كورد-كورد فراوانتر بێت
چاودێرانی دۆخی ئەمنی و سیاسی لە هەرێمی كوردستان پێیانوایە دەستوەردانی سەربازیی توركیا وادەكات، لە داهاتوودا ململانێی كورد-كورد فراوانتر بێت، هاوكات دەرگا بەڕووی جەنگی پەكەكە و هێزەكانی هەرێم دەكاتەوە.
ئێستا دەزگا هەواڵگرییەكانی توركیا بە چڕیی كار لەسەر ئەو پلانە دەكەن، كە تیایدا بەردەوامی بە دوژمنایەتی پەكەكە و هێزە فەرمییەكانی هەرێمی كوردستان دەدات.
شەڕی كورد-كورد ئامانجێكی گەورە و خەونی دێرینی سەركردە سیاسی و سەربازەییەكانی توركیایە، كە ئەوەش هاوكات دەبێت لەگەڵ لەباربردنی خەونی لەمێژینەی كورد بۆ دروستكردنی كیانێكی سەربەخۆ كە دەوڵەتی كوردییە.
تەنانەت ئایكان ئیردمیر، پەرلەمانتاری پێشووی توركیا لەسەر پارتی گەلی كۆماریی، كە پارتەكەی نەیاری ئەردۆغانە و دووەم هێزی توركیایە دەڵێت، “ئەردۆغان دەیەوێت شەڕی پەكەكە لە توركیاوە بۆسەر خاكی عێراق بگوازێتەوە”.
ئەردۆغان دەیەوێت شەڕی پەكەكە لە توركیاوە بۆسەر خاكی عێراق بگوازێتەوە”
توركیا لە ئۆپەراسیۆنەكانی ئەمدواییەدا دەستی بۆ شوێنە مەدەنییەكان بردووە، بۆ نمونە بۆردوومانی كەمپی مەخمووری كرد كە 250 كیلۆمەتر لە سنورەكانی خۆی و لە ناوچەی جەنگەوە دوورە.
بوونی سەربازیی توركیا لە عێراق لەگەڵ ئەوەی پەیوەندی بە پەكەكەوە هەیە، بەڵام ئامانجێكی سیاسی دیكەی دژی عێراق هەیە، بە دیاریكراویش ئەوەیە كە توركیا دەیەوێت بەغدا سازش لەسەر هەندێك مەلەف لەگەڵ توركیا بكات، لەسەروو هەموویانەوە دۆسیەی ئاوی دیجلە و فورات.
بەرپرسانی عێراق دەڵێن، ئاماژەكانی دروستكردنی پشتێنەی ئەمنیی توركیا لەناو قوڵایی خاكی عێراق دەستیپێكردووە، تەنانەت زیاتر لە ساڵانی ڕابردوو ئێستا توركیا لە عێراق بوونی هەیە.