فراکسیۆنی یەکێتی هەوڵ بۆ گەڕاندنەوەی پارە سپیکراوەکانی هەرێم دەدات

پۆڵەتیک پرێس

سەرکۆ ئازاد گەڵاڵی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، “پشتیوانیەكی گەورە هەیە بۆ گێڕانەوەی دەیان ملیار دۆلار بۆ هەرێمی كوردستان و دەرکردنی سزای یاسایی توندیش بۆ ئەوانەی سەروەت و سامانیان بە ناشەرعی چنگ خستوە و بردویانەتە دەرەوەی وڵات”.

لەڕاگەیەندراوێکدا سەرکۆ ئازاد گەڵاڵی ئاماژەی بەوەکرد، “پرسی بەتاڵانبردنی پارەو سەروەت و سامانی هەرێمی كوردستان، كە ساڵانێكی زۆرە لەلایەن كۆمەڵێك بەرپرس و كۆمپانیاو بانک وبزنسمانی فەیكەوە دەستی پێكردووە و ساڵانە پارەیەكی زۆر بەناوی جیاواز جیاوازەوە دەبرێتە وڵاتانی دەرەوە لەحاڵەتەوە بۆتە دیاردەیەكی باو”.

 

دەقی راگەیەندراوەکە:

ھەوڵێک بۆ گێڕانەوەی پارەی سپیکراو و دزراوەکانی ھەرێم بۆ دەرەوەی وڵات لەپڕۆژە یاسایەکدا

‎گێرانەوەی پارە و سامانی دزراو و بە تاڵانبراوەکانی عێراقی بۆ دەرەوەی وڵات كە بەڕێز سەرۆك كۆمار پێشكەشی پەرلەمانی عێراقی كردووە پڕۆژەیاسایەكی هەنوكەیی گرنگەو زەرورەتێكی هەنوكەیيشە هەم بۆ عێراق و هەم بۆ كوردستان.

‎پرسی بەتاڵانبردنی پارە و سەروەت و سامانی هەرێمی كوردستانیش، كە ساڵانێكی زۆرە لەلایەن كۆمەڵێك بەرپرس و كۆمپانیا و بانک و بزنسمانی فەیكەوە دەستی پێكردووە و ساڵانە پارەیەكی زۆر بەناوی جیاواز جیاوازەوە دەبرێتە وڵاتانی دەرەوە لە حاڵەتەوە بۆتە دیاردەیەكی باو و خەریكن هەرچی سەروەت و سامانی ئەم وڵاتەیە دەیبەنە دەرەوەو لەوێ هۆتێل و كەشتی نەوت و ڕێستورانت و قومارخانە و براندی گەورەیان پێكردووە و پارە سپی دەكەنەوە.

ئەم ھەنگاوەی بەرێز سەرۆک کۆماری عێراق  جێگای دەستخۆشیە بە ھەموو شێوەیەک پشتیوانی ئەکەین کە ھەوڵێکە بۆ گێراندنەوەی پارەی دزراوی خەڵکی  عێراق.

‎ئێمەش لێرە لەگەڵ كۆمەڵێك هاوڕێدا بۆردێكمان دروستكردووە و هاوشێوەی هەمان پڕۆژە یاسا، پڕۆژەیەكمان ئامادەیە و بەمنزیكانە لۆبی بۆ دەكەین و پشتیوان بە خوا دەیكەینە یاسا.

‎ئەم هەوڵەمان لە پێناو ڕێگریكردنە لە سپیكردنەوەی پارە و گێڕانەوەی ئەو سامانە زۆرەی هەرێمی كوردستان كە كۆمەڵێك  بەرپرس و بانک و كۆمپانیا ساڵانێكە خەریكی ئەوەن بەناوی ئەوەی لێرە پڕۆژەی وەبەرهێنان و بزنسیان هەیە و بە حساب فرۆشتویانە پارەكەیان بردۆتە دوبەی و پەنەماو كەنەداو ئەمەریكا و دورگە دورە دەستەکان.

‎چۆن ئەمە كراوە؟

‎كۆمەڵێك بازرگانی چاوبرسی پڕۆژەی بازرگانی و وەبەرهێنانیان هەیە لەهەرێم، پڕۆژە هەیە هی كۆمپانیای زەبەلاحە بە حساب ٣ جار فرۆشراوە هەیانە ٤ جار فرۆشراوە و لە كەنەدا هۆتێل و لە دوبەی كەشتی نەوت و عقارات و بازاڕ و کۆمپانیایان پێكڕیوە.

‎پڕۆژە هەیە ١٩ جار فرۆشراوەو پارەی پێ سپیكراوەتەوەو براوەتە دەرەوەو لەوێ شتی پێكڕدراوە.

‎ڕەنگە بپرسن یاسای پارە سپیكردنەوە بۆ گرنگە؟

‎لە زۆرێك لە وڵاتانی دوونیادا بۆ ئەوەی بتەوێت شتێك بكڕیت یان پارە لە بانك دابنێیت یان پڕۆژەیەكی پێ بكەیت و بڕی پارەكە زۆربێت، ئەوا دەبێت پسوڵەی پێبێت و بیسەلمێنێت ئەم پارەیەی لە كوێ بووەو چۆن دەستی كەوتووە.

‎بەڵام بەداخەوە لە هەرێم تاوەكو ئێستا ئەو یاسایەمان نیە و زۆر بازرگانی چاوبرسی و فەیكمان هەیە، كە بەشێوەیەكی نایاسایی پارەیان دەست كەوتووەو پڕۆژەیان بە نایاسای دراوەتێ و بوونەتە ملیاردێر و پارەكەیان دەبەنە دەرەو لەوێ پڕۆژەی گەورەی پێ دەكڕن وەك لەسەرەوە باسم كردووە، تا ئێستا بە پێی ئەو بەڵگانەی لەبەردەستم دان یەكێك لەو ڕێگایانە هاتوون بەكاریان هێناوە بۆئەوەی لە دەرەوە توشی كێشەی یاسایی و نەبنەوەو پارەكەیان وەك پارەی ڕەش سەیر نەكرێت و بتوانن بەكاری بهێنن و بازرگانی پێوە بكەن هاتوون چیان كردووە؟

‎بۆنمونە كۆمپانیایەكی زەبەلاح لە سلێمانی پڕۆژەیەكی هەیە، هاتووە ئەم پڕۆژەیەی وەبەرھێنان بە حساب فرۆشتووە ٤ جار، دواتر هاتووە پارەكەی بردۆتەدەرەو پسوڵەی فرۆشتنەكەی پێبوەو لەوێ هۆتێل و كەشتی نەوتی پێ كڕیوە.

‎كۆمپانیای دیكە هەیە لە هەولێر کە کاری وەبەرھێنان لە نەوت دەکەن بە ملیار دۆلاری بردۆتە ئەوروپا وڵاتانی تر و بە حساب پارەی فرۆشتنی پڕۆژەكەیەتی.

ھەرچەندە ئەو کۆمپانیانە میدیای گەورەیان لەپشتە ناھێڵن بچوکترین گەندەڵییان بچێتە ناو خەڵک و رای گشتی دروست بکات چونکە سود لە فەوزای سیاسی و ئابوری وەردەگرن ، ئەمانە تۆڕێکی گەورەیان دروست کردووە لە دەزگای خێرخوازی و بەرپرس و دەسەڵاتدار و کەسانی ئەمنی لە دەوری خۆیان کۆکردۆتەوە بۆ پاراستنی بەرژەوەندیەکانیان بەڵام پشت بە خوا ھەموو بە بەڵگە بڵاو ئەکەینەوە پیشانی ئەدەین کە لینکیان لەگەڵ کێدا ھەیە.

‎دەست لە دەست و قوەت لەخودا پشتیوانیەكی گەورە هەیە بۆ دەركردنی ئەو یاسایەو گێڕانەوەی دەیان ملیار دۆلار بۆ هەرێمی كوردستان و سزای یاسایی توندیش بۆ ئەوانەی سەروەت و سامانیان بە ناشەرعی چنگ خستوەو بردویانەتە دەرەوەی وڵات.

‎سەركۆ ئازاد گەڵاڵی

‎ئەندامی پەرلەمانی كوردستان

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا