عەبدولستار مەجید: ستەم كاری رۆژنامەنوسانی بادینان دەگەیەنمە ئەمریكا

پۆڵەتیك پرێس

سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت “ئەمڕۆ ئەو ستەمكارییەی بەرامبەر چالاكوان و رۆژنامەنوسانی سنوری بادینان ئەنجامدرا لەلایەن دادگای تێهەڵچونەكانی هەولێر دەگەیەنمە ئەمریکا “.

رۆژی سێشەممە، 4ی ئایار دادگای پێداچونەوەی ھەرێم سزای بەندکردنی رۆژنامەنوس و چالاکوانانی بادینانی پەسەند کرد، ئەو بڕیارەش نیگەرانی زۆری بەدوای خۆیداهێنا.

عەبدولستار مەجید، سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی كوردستان لە هەژماری تایبەتی خۆیی رایگەیاند: ” بڕیاری (زۆرینە)ـی دادگای تەمیزی هەولێر بە پەسەندکردنی ئەو سزا ناعادیلانەیەی بەسەر ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی بادینان درابوو، سەلماندی کە دادگا و یاسا دژ بە خەڵکی بێ پشت و پەنا و پاڵپشت و پاسەوانی دەسەڵاتدارانە”.

سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەری وتیشی”هیچ شتێک لەوە خەتەرتر نیە کە دادگا و دادوەر و یاساکان ببنە پاشکۆی دەسەڵاتداران و بە حەز و ویست و خواستی ئەوان بڕیار بدا و عەدالەت پشتگوێ بخات، ئەوەی بەرامبەر ئەو خەڵکە سزادراوەی بادینان ئەنجامدرا، متمانەی خەڵکی بە دادگا و یاسا لەقتر کرد و هەنگاوێکی تر لە سەرکوتی کۆمەڵگە نزیکبووینەوە”.

عەبدولستار مەجید جەختیكردەوە، كە ئەمڕۆ لەگەڵ کونسوڵخانەی ئەمریکا لە شاری هەولێر دیدار و کۆبوونەوەیەکی هەیە ئەو زوڵم و ناحەقییەی دەرحەق بەو سزادراوانە و خەڵکی دیکەش دەکرێت، دەگەیەنێت، دەبێت دونیا بزانێت کە چۆن دەسەڵاتێکی پۆلیسی بەناوی دادگا و یاساوە خەریکە کۆمەڵگە دەکاتە زیندان.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا