گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوو لە هەوڵی دروستكردنی بەرەیەكن بۆ هەڵبژاردن

پۆڵەتیك پرێس

ئەندامێكی سەركردایەتی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان رایگەیاند، پێش بەستنی كۆنگرەی حزبەكەیان لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان و یەكگرتووی ئیسلامی قسەو باسیان لەسەر پێكهێنانی بەرەیەك كردووە بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق.

عەبدولستار مەجید، ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵی دادگەریی كوردستان بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: پێش بەستنی كۆنگرە لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان و یەكگرتووی ئیسلامی و هەندێك كەسایەتی سەربەخۆ هەوڵمانداوە بەرەیەك دروست بكەین بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق، هەوڵەكان هەر بەردەوامن بەڵام تا ئێستا بە ئەنجام نەگەشتووین.

ئەو ئەندامەی سەكردایەتی كۆمەڵ وتی: دەمانەوێت بەرەیەكی بەهێز دروست بكەین چۆن یەكێتی و پارتی لیستیان هەیە ئێمەش لیستێكمان هەبێت.

دەربارەی سەردانی عەمار حەكیم، سەرۆكی رەوتی حیكمە بۆ لای كۆمەڵی دادگەریی كوردستان عەبدولستار مەجید باسی لەوەكرد، سەردانەكە تایبەت بووە بە پیرۆزبایی ناوبراو لە سەركەوتنی كارەكانی كۆنگرەی چوارەممان بەتەنیشت ئەوەیشەوە باسی كێشەكانی هەرێم و بەغدا كرا و هیوامان خواست هەرێم و ناوەند بگەنە رێككەوتن و گفتوگۆكان بە ئەنجامی باش كۆتایی بێت.

پێشتر هێمن ئەسكەندەر بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەكگرتوو بە پۆڵەتیك پرێسی رایگەیاندبوو، چەند جارێك لەگەڵ كۆمەڵ كۆبوونەتەوە و دروستكردنی هاوپەیمانێتی نێوانیان بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق تاوتوێكردووە بەڵام نەگەشتوونەتە بڕیاری كۆتایی.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا