حەماس: هێرشی ئیسرائیل بۆسەر رەفەح گفتوگۆی ئاگربەست پەکدەخات

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

بەرپرسێکی حەماس ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بەوەی دەیەوێت بە هێرشی زەمینی بۆ سەر رەفەح، بەربەست لەبەردەم گفتوگۆی ئاگربەست دروستبکات.

ئیسرائیل گوێی بە هۆشدارییە نێودەوڵەتییەکان نەدا و تانکی ناردە نێو شارەکەی باشووری کەرتی غەززە، کە زیاتر لە 1.3 ملیۆن ئاوارەی فەلەستینیی تێدا گیرساونەتەوە.

رۆژی سێشەممە، ئیسرائیل دەستی بەسەر دەروازەی رەفەحدا گرت کە دەکەوێتە سەر سنووری میسر و دەرەچەی سەرەکی رۆیشتنی یارمەتییە مرۆییەکانە بۆ کەرتی غەززە.

رۆژی پێنجشەممە، عیزەت ریشق، بەرپرسی حەماس لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، ئامانج لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر رەفەح و دەروازە سنووریەکەی، “دروستکردنی بەربەستە بۆ هەوڵی نێوەندگیرەکان” کە دەیانەوێت حەماس و ئیسرائیل رازیبکەن شەڕ بوەستێنن.

بەڵام بە وتەی ئەو بەرپرسە، حەماس هێشتا پابەندە بە “پەسەندکردنی پێشنیازی ئاگربەست کە لە لایەن نێوەندگیرەکانەوە خراوەتەڕوو.”

بەرپرسەکە هەروەها باسی لەوە کرد، شاندێکی حەماس قاهیرەی جێهشتووە و گەڕاوەتەوە دەوحەی پایتەختی قەتەر.

میسر، قەتەر و ئەمریکا لە هەوڵدان بۆ ئەوەی ئاگربەستێک لە غەززە بێننە کایەوە.

بڕیاربوو رۆژی پێنجشەممە، گفتوگۆکان لە پایتەختی میسر بە بەشداریی شاندی میسری، قەتەری، ئەمریکی و حەماس بەردەوام بن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا