داوا دەكرێت هاوشێوەی بەغدا لەهەرێمیش گەندەڵكاران دەستگیربكرێن

پۆڵەتیك پرێس

پێچەوانەی هەرێم لە بەغداو شارەكانی دیكەی عێراق هەڵمەتی دەستگیركردنی ئەو بەرپرسانە دەستی پێكردووە كە تۆمەتبارن بەگەندەڵی، ئەوەش لەچوارچێوەی هەڵمەتێكدایە كە مستەفا كازمی بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی كاری بۆ دەكات.

هەوڵەكانی كازمی لەچوارچێوەی پێكهێنانی لیژنەیەكی باڵادا دێت كە دەسەڵاتیان دراوەتێ تەواوی ئەو كەسانە دەستگیربكەن كە تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی گەندەڵی، لەنوێترین پێشهاتیشدا دەستەی دەستپاكی عێراق رایگەیاند لەماوەی سێ مانگی كاركردنیاندا 85 كەسیان بەتۆمەتی گەندەڵی دەستگیركردووە.

ئەو هەوڵانەی عێراق لەكاتێكدایە بەشێك لەبەرپرسان باس لەوە دەكەن لە هەرێمیش چەندین كەس تۆمەتبارن بەگەندەڵی، بەپێویستیشی دەزانن دەستگیركردنی تۆمەتبارانی گەندەڵی هەرێمیش بگرێتەوە.

 

دەستپاكی عێراق رایگەیاند، لەماوەی سێ مانگی كاركردنیاندا 85 كەسیان بەتۆمەتی گەندەڵی دەستگیركردووە

ئەحمەد ئەنوەر سەرۆكی دەستەی دەستپاكی هەرێم بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، هەرێمی كوردستان هەرێمێكی فیدراڵە و دەسەڵات و حكومەت و دەزگای چاودێری خۆی هەیە، بەڵام پشتگیری لە هەنگاوەكانی كازمی دەكەن بۆ ئەوەی لەهەرێمیش كەسانی گەندەڵكار دەستگیربكرێت.

وتیشی، “هەرچەندە دەزگا چاودێرییٍەكانی هەرێم بەدەست ژمارەیەك كێشەو گرفتەوە دەناڵێنن، بەڵام ئەو هەنگاوانەی بەغدا بۆ دەستگیركردنی گەندەڵكاران جێگەی دەستخۆشییە، هەرشتێك دژایەتی گەندەڵی بكات تەنانەت ئەگەر بۆ ئامانجی سیاسیش بێت هەر شتێكی باشە، بەو مەرجەی لەچوارچێوەی دەستوردا بێت”.

هەروەها جەختی لەوەكردەوە، كاتی ئەوە هاتووە لە هەرێم بیر لە چالاكتركردنی پرۆسەی دژەگەندەڵی بكرێتەوە.

ساڵانە دەستەی دەستپاكی هەرێم ئاماری كاروچالاكیەكانی خۆی بڵاودەكاتەوە لەو چوارچێوەیەشدا ژمارەی ئەو تۆمەتبارانە ئاشكرا دەكات كە بەتۆمەتی گەندەڵی تێوەگلاون، بەڵام بۆ ئەمساڵ بەهۆی بڵاوبونەوەی كۆرۆنا تائێستا نەیتوانیووە ئامارەكەیان بڵاو بكەنەوە.

 

“كاتی ئەوە هاتووە لە هەرێم بیر لە چالاكتركردنی پرۆسەی دژەگەندەڵی بكرێتەوە”

بەپێی ئامارەكانی ساڵی 2019ی دەستەی دەستپاكی هەرێم، نزیكەی 100 كەس دۆسیەی گەندەڵیان بۆكراوەتەوە، بەڵام ئەو دۆسییانە هیچ بەرپرسێك یان وەزیر و بەڕێوەبەرێكی گشتی تێدانیە و سەرجەمیان هاوڵاتی و فەرمانبەری حكومەتن و جیاوازیەكی زۆر لەنێوان هاوڵاتی و بەرپرساندا كراوە.

شیرین ئەمین سەرۆكی لیژنەی دەستپاكی لە پەرلەمانی كوردستان بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، ئەو هەنگاوانەی عێراق پێیدا تێپەڕیووە لەهەرێمدا زۆر كەم دەبینرێت، ئەوەش جێگەی داخە، تەنانەت لە ڕۆژی جیهانی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیشدا سەدەها تۆمەتباریان لەسەر گەندەڵی رادەستی دادگا كرد، بەڵام لە هەرێم هیچ هەنگاوێك نەنرا.

 

ئەو هەنگاوانەی عێراق پێیدا تێپەڕیووە لەهەرێمدا زۆر كەم دەبینرێت، ئەوەش جێگەی داخە

ئەوەشی خستەڕوو، لە كوردستان ئەو دەزگا و دامەزراوانەی بەرپرسیارێتی و ڕۆڵیان لە پەرلەمانی كوردستانەوە بۆ دەرچوێنراوە لەبنەڕەتدا دامەزراوەیەكی كارا نین و ڕۆڵی خۆیان نابینن، لە هەرێم چاوپۆشی لەتۆمەتباران كراوە، هەنگاوەكانی كازمیشی بۆ دەستگیركردنی گەندەڵكاران بە هەنگاوی گرنگ و پێویست ناوزەند كرد.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا