هەولێر.. دژی بڕیاری هەرزانکردنی نرخی نان و سەموون گردبوونەوەیەک ئەنجام درا

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

سەندیکای کرێکاران و نوێنەری نانەوا و سەمووخانەکانی هەولێر دەڵێن بڕیاری هەرزانکردنی نرخی نان لە بەرژەوەندی ئەواندا نییە و ئەگەر حکومەت ناچاریان بکات بە فرۆشتنی “10 نان بە هەزار دینار” ئەوا ناچاردەبن نانەواخانەکانیان دابخەن.

ئەمڕۆ یەکشەممە 7-1-2024، سەندیکای کرێکارانی کوردستان بە ئامادەبوونی بەشێک نوێنەرانی سەموونخانە و نانەواخانەکان کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیان لە هەولێر سازکرد و داوا دەکەن حکومەت پێداچوونەوە بە بڕیاری هەرزانکردنی نرخی نان بکات چونکە بەووتەی خۆیان بڕیارەکە زیان لەوان دەدات.

ئەوەشیان خستەڕوو، “پێشتر دانیشتن لەنێوان سەندیکای کرێکاران و حکومەتی هەرێم و داواکاری سەموونخانە و نانەواخانەکانیان کردووە بە خاڵ و واژۆیان لەسەر کردووە کە پاڵپشتیان بکرێت بە داشکاندنی نرخی غاز و پێدانی یەک بتڵ بەرامبەر بە 5 هەزار دینار، هەروەها دابینکردنی بەشە ئاردی پاڵپشتی و کەمکردنەوەی تێچووی مۆڵەتی یاسایی و تەندرووستی و هەڵگرتنی نوێکردنەوەی دەستەبەری کۆمەڵایەتی و لابردن و بەخشینی نانەواخانە و سەموونخانەکان لە پێدانی کرێی فڕێدانی زبڵ و خاشاک”.
نوێنەری سەمووخانە و نانەواخانەکانی هەولێر دەڵێن، “ئەگەر حکومەت ئەو بڕیارانە جێبەجێ بکات، ئێمەش ئامادەین بڕیارەکەی حكومەت جێبەجێبکەین و 10 نان بدەین بە هەزار دینار”.

سەندیکای کرێکاران پاڵپشتی خۆی بۆ سەموونخانە و نانەواخانەکان دەربڕی و داوایکرد کە حکومەت پێداچوونەوە بە بڕیاری هەرزانکردنی نرخی نان و سەموون بکات.
بە ووتەی خۆیان، نانەواخانە و سەموونخانەکانی شاری هەولێر جگە لە بەشێکیان، تا ئێستا پابەندی بڕیارەکەی حکومەت نەبوون و دەشڵێن پێویستە حکومەت پێداچوونەوە بە بڕیارەکەیدا بکات چونکە “ئەگەر بەناچاری بڕیارەکەیان پێ جێبەجێبکرێت، ناچار دەبن بە داخستنی نانەواخانەکایان”.

بە بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم، لەسەرەتای ئەم هەفتەیەوە، لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان، 10 نان و سەموون کە نابێت کێشیان لە 90 گرام کەمتر بێت بە هەزار دینار دەفرۆشرێت. هەر سەموونخانە و نانەواخانەیەکیش پابەندی بڕیارەکە نەبێت، “رێکاری یاسایی لەگەڵ دەگیرێتەبەر و دادەخرێت”.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا