پۆڵەتیک پرێس:
لەتێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، “فراوانبوون و بەردەوامیی پەلامار و هێرشەكانی داعش، پەیامی جددیی ترسناكن و هەڕەشە و مەترسییەكی ڕاستەقینە لە ناوچەكە دەهێنێتەوە ئاراوە”.
ئەمڕۆ یەکشەممە، لەسەر هێرشەکەی چەکدارانی داعش بۆسەر هێزەکانی پێشمەرگە هاتەدەنگ و وتی: سەرەخۆشی و هاوخەمیی قووڵم پێشكەش بە خانەوادەی ئەو شەهیدە قارەمانانەی شەوی رابردوو دەكەم كە لە كاتی بەهاناوەچوونی هاوسەنگەرانی پێشمەرگەیاندا لە سنووری كوڵەجۆ، شەهید بوون و گیانیان بەخشی.
وتیشی: فراوانبوون و بەردەوامیی پەلامار و هێرشەكانی داعش، پەیامی جددیی ترسناكن و هەڕەشە و مەترسییەكی راستەقینە لە ناوچەكە دەهێنێتەوە ئاراوە. بۆیە هاریكاری و هەماهەنگیی زیاتری نێوان پێشمەرگە و سوپای عیراق بە پشتیوانیی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، پێویستییەكی بەپەلەی هەنووكەیی و لەپێشینەیە.
لە درێژەی پەیامەکەیدا نێچیرڤان بارزانی داوای کرد، “میكانیزمی ئەو هەماهەنگییە لەنێوان لایەنە پەیوەندارەكانی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدرالی عێراقدا بە هاوبەشی و پشتیوانیی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی كاراتر و فراونتر بكرێت و پێكەوە بە هەموو هێز و توانایەكەوە بەرەنگاری تیرۆرستانی داعش و هەڕەشە و مەترسییەكانی ببینەوە”.