شارەزایەكی هەڵبژاردن: بە دەنگی 50+1 پۆستی پارێزگاری كەركوك دیاری دەكرێت

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

شارەزایەكی بواری هەڵبژاردن رایدەگەیەنێت، بۆ بەدەستهێنانی پۆستی پارێزگاری كەركوك پێویستە رێژەی 50+1 كورسی هەبێت كە دەكاتە نۆ كورسی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، هەرلایەنێك یان پێكهاتەیەك ئەم رێژەیە بەدەست بهێنێت پارێزگاری كەركوك هی ئەو لایەنە دەبێت.

هاوڕێ‌ تۆفیق شارەزای بواری هەڵبژاردن بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: لە دوای دەركەوتنی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، ئەوەی گرنگە ئەوەیە كێ‌ دەبێتە پارێزگاری كەركوك، ئێستا ئێمە دوو ئەنجاممان هەیە لە كەركوك یەكەمیان ئەوەیە قەوارەی یەكێتی زۆرترین دەنگی هێناوە، لەناو حزبە كوردییەكاندا، گرنگتر لەمە زۆرترین دەنگی هێناوە لەچاو هەموو قەوارەكان كە بەشداری هەڵبژاردنیان كردووە، هیچ قەوارەیەكی عەرەب و توركمان و ئاشورییەكان نەیتوانیوە ئەو دەنگە زۆرە بهێنێت، ئەمە لە رووی مەعنەویەوە خاڵێكی گرنگە بۆ كوردو خاڵێكی گرنگە لە ململانێی حزبایەتییدا بۆ خودی یەكێتی.

هاوڕێ‌ تۆفیق وتی: بەڵام تەنها بەدەنگی یەكێتی پۆستی پارێزگاری كەركوك بەدەستنایەت، ژمارەی كورسییەكانی كەركوك 16 كورسییە پێویستمان بە نۆ دەنگە بۆ هەڵبژاردنی پارێزگار.

وتیشی: بەپێی یاسا پێویستە لەماوەی 15 رۆژ (نابێت لە 15 رۆژ تێپەڕبكات) لەدوای هەڵبژاردن، ئەنجومەنە هەڵبژێردراوەكە كۆببێتەوە، یەكەم ئیش هەڵبژاردنی سەرۆك و جێگری سەرۆكی ئەنجومەنەكە دەبێت بە دەنگی 50 كۆ یەكی ئەندامان، دووەم كار كەبیكات (مەرج نیە هەمان دانیشتن بێت دەتوانێت دانیشتنێكی تر لە كاتێكی تر ئەنجام بدات) هەڵبژاردنی پارێزگارو جێگرەكەیەتی بە دەنگی 50 كۆیەك واتە پێویستیمان بە نۆ كورسییە، ئێستا یەكێتی پێنج كورسی هێناوە، پارتی دوو كورسی هێناوە هێشتا دوو كورسیكمان كەمە، كە من هیوادارم لەم 6% ەی دەنگەكان كەماون بەخت یاوەرمان بێت كورسییەكانی كورد لە حەوت كورسییەوە ببن بە هەشت، وە جارێكی تریش بەخت یاوەرمان بێت ئەو كورسییەی مەسیحییەكان بەر كوتلەی بابیلیۆن بكەوێت چونكە سەر بە ریان كلدانیەو دۆستی كوردە.

روونیشیكردەوە، كەواتە چارەنووسی كورسی پارێزگاری كەركوك لەسەر ئەو 6% ەی دەنگدان وەستاوە كە ماوەتەوە رابگەیەندرێت، یارمەتیمان بدات ژمارەی كورسییەكانمان بكەین بە نۆ كورسی. ئەگەر عەرەب و توركمانەكان 50 كۆ یەكیان هێنا كورسی پارێزگار بۆ پێكهاتەی عەرەب دەبێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا