پۆڵه‌تیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
بورهان عه‌لى سه‌رۆكى یه‌كێتى پیاوان وه‌ك كاندیدى سه‌ربه‌خۆ به‌نیازه سه‌ركه‌وێت بۆ په‌رله‌مانى كوردستان و ده‌ڵێت، په‌رله‌مان كه‌سانى وه‌ك ئێمه‌ى پێویسته، كه شاره‌زاى هه‌موو جومگه‌و هۆكاره‌كانى هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى خێزانى كوردین بۆئه‌وه‌ى مه‌كینه‌ى هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى خێزانى كورد رابگرین.
بورهان عه‌لى به‌پۆڵه‌تیك پرێسى راگه‌یاند: ئه‌وه‌ى وا ده‌كات خۆمان كاندید بكه‌ین بۆ په‌رله‌مانى كوردستان وه‌كو كاندیدى سه‌ربه‌خۆ چه‌ند هۆكارێكه له‌وانه بۆئه‌وه‌ى بتوانین له هه‌رێمى كوردستان ئه‌وه فێرى ده‌نگده‌ر بكه‌ین ته‌نها نوێنه‌رى حزبه‌كان نه‌چنه په‌رله‌مان، چونكه نوێنه‌رى حزبه‌كان سه‌ره‌تا داكۆكیكارن له ماف و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانى حزب دواتر له مافى هاووڵاتیان و ئه‌وانه‌ى ده‌نگیان پێداون، به‌ڵام كاندیدى سه‌ربه‌خۆ وه‌كو نوێنه‌رێكى خه‌ڵك ئازاده له داكۆكیكردن له مافى هاووڵاتیان و دادگایى كردنى گه‌نده‌ڵكاران، له وه‌زیره‌وه تا جێگرى وه‌زیرو به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى و بۆ خواره‌وه، ئه‌مانه‌وێت وه‌كو تاقیكردنه‌وه‌یه‌كیش ته‌نها نوێنه‌رى حزبه‌كان نه‌چنه په‌رله‌مان و ئه‌جێنداى حزب جێبه‌جێبكه‌ن.
بورهان عه‌لى وتى: وه‌كو نوێنه‌رێكى كۆمه‌ڵگاى مه‌ده‌نى و چالاكوانێكى بوارى خێزانى، كه ماوه‌ى 20 ساڵه له‌ناو رێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى و بوارى مافه‌كانى مرۆڤ و به‌تایبه‌تى له‌نێو رێكخراوه‌كانى داكۆكیكه‌ر له مافى ره‌گه‌زى و خێزانى كارده‌كه‌ین پێویسته بچینه په‌رله‌مانى كوردستان.
روونیشیكرده‌وه، خێزانى كوردى له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ى هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌دایه كارده‌كرێت بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى پێگه‌ى خێزانى كوردى و كه‌مكردنه‌وه‌ى پێگه‌ى دایكان و باوكان له‌ناو خێزانه‌كاندا.
ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد، له ساڵى 2002 بۆ ساڵى 2023، زیاتر له 129 هه‌زار حاڵه‌تى جیابوونه‌وه‌ى هاوسه‌رانمان هه‌یه كه زیاتر له 270 هه‌زار منداڵمان هه‌یه له‌ناو كێشمه‌كێشى ئه‌م خێزانانه‌دان، كه ئه‌م منداڵانه له‌ژێر فشارێكى ده‌روونى سه‌ختدا گه‌وره‌ده‌بن.
روونیشیكرده‌وه، پێویسته بچینه په‌رله‌مان هه‌موو ئه‌و جومگانه ده‌زانین كه هۆكارو پاڵنه‌رن بۆ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى خێزان، بۆئه‌وه‌ى بنبڕیان بكه‌ین و بیان وه‌ستێنین به‌تایبه‌تى له‌ناو یاساكانى بارى كه‌سێتیدا، بۆئه‌وه‌ى مه‌كینه‌ى زیادبوونى ته‌ڵاق و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى خێزان رابگرین.