بافڵ جەلال تاڵەبانی: سلێمانی بە کردار سەلماندوویەتی شاری هەڵمەت و قوربانییە، شاری داهێنان و رۆشنبیرییە

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

ئەمڕۆ سێشەممە14ی تشرینی دووەم، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، پەیامێکی بۆ ساڵیادی بنیاتنانی شاری سلێمانی بڵاوکردەوە.

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بەبۆنەی 239 ساڵەی دامەزراندنی شاری سلێمانییەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند،” ئەمڕۆ بە دڵخۆشی و خۆشەویستی زۆرمانەوە یادی دامەزراندنی شاری سلێمانی دەکەینەوە، یادی شارێک کە بەدرێژایی مێژوو شانازیی نووسیووەتەوە و پێشەنگی قوربانیدان، بیری ئازاد، رۆشنبیری و نوێگەری بووە”.

دەقی پەیامەکە:

ئەمڕۆ بە دڵخۆشی و خۆشەویستیی زۆرمانەوە یادی 239 ساڵەی دامەزراندنی شاری سلێمانی دەکەینەوە، یادی شارێک دەکەینەوە کە بەدرێژایی مێژوو شانازیی نووسیووەتەوە و پێشەنگی قوربانیدان، بیری ئازاد، رۆشنبیری و نوێگەری بووە.

ئاوڕدانەوە بۆ رابردووی شارە حەیاتەکە و مێژووە درەوشاوەکەی، ئەو راستییە دەسەلمێنێت، کە سلێمانییە هەمیشە لە قۆناغە جیاوازەکاندا دژی نادادی و ستەم وەستاوەتەوە و خەڵکە قوربانیدەرەکەی لەپێناو ئازادی و سەرفرازیدا خەباتیان کردووە، ئەم رۆحە یاخی و پڕ وزەیەش بەردەوام نوێ دەبێتەوە و لەهیچ بارودۆخێکدا زیندووێتی خۆی ون ناکات.

سلێمانی هەمیشە خۆڕاگر، کاریگەر و بەهێز بووە، ئەمەشی لە سروشتی چیا سەختەکانییەوە وەرگرتووە و رۆژانەش لە ناخی خەڵکە ئازا و رۆشنبیرەکەیدا رەنگدەداتەوە. ئەو خەڵکەی هەمیشە ئامادەبووە لەپێناو تەواوی کوردستاندا خەبات بکات و بە بیرە ئازاد و نوێگەرەکەشییەوە هەنگاو بەرەو داهاتوویەکی گەشتر و دیموکراسیتر بنێت.

سلێمانی بە کردار سەلماندوویەتی کە شاری هەڵمەت و قوربانییە، شاری داهێنان و رۆشنبیرییە، بۆیە دەشبێت هەمووان لەو راستییە تێبگەن، سلێمانی گوتار و دروشمە گەورەکان رەتدەکاتەوە و دەبێت بە کردار خزمەتی بکرێت.

دروود بۆ رۆحی هەموو ئەوانەی لە رابردوودا هەوڵیان بۆ پاراستن، بەرەوپێشچوون و ئاوەدانکردنەوەی سلێمانی داوە، سوپاس و خۆشەویستیش بۆ ئەوانەی خەون بە داهاتوویەکی باشترەوە دەبینن و خەباتی بۆ دەکەن.

بافڵ جەلال تاڵەبانی

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

 

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا