کازمی چۆن بە بەردێک دوو چۆلەکەی کوشت؟

پۆڵەتیک پرێس:
کۆبوونەوە باڵاکەی ماڵی حەیدەر عەبادی کە لەنێوان سەرکردایەتی گروپە چەکدارەکانی سەربە ئێران و مستەفا کازمی ئەنجامدرا، مشتومڕێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، بەتایبەت کە لە ئێستادا هەلێکی زۆر لەبەردەم کازمیدایە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ببێتەوە بە سەرۆک وەزیران.

حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق لە ماڵەکەی خۆیپێشوازی سەرکردایەتی چوارچێوەی هەماهەنگی و بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق و مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق و ، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراقی کرد و لەسەر دۆسیەی هەوڵی تیرۆرکردنی کازمی کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا.

ئەو کۆبوونەوەیە دوای چەند سەعاتێکی کەم لە سەردانەکەی ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران دێت بۆ عێراق، کە لەمیانەی سەردانەکەیدا چاوی بە سەرکردایەتی گروپە چەکدارەکان و سەرۆک وەزیرانی عێراقیش کەوت.

بەپێی قسەی چەند سەرچاوەیەکی سیاسی، ئەو کۆبوونەوەیەی کە لەماڵی عەبادی کراوە، قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتی عەسائیبی ئەهلی حەق و ئەبوحسێن حەمیداوی ئەمینداری گشتی کەتائیبی حزبوڵـڵاش تیایدا بەشداربوون، لەکاتێکدا عەسائیبی ئەهلی حەق و کەتائیبی حزبوڵڵاش تۆمەتبارن بەوەی لە هەوڵی تیرۆرکردنی کازمی تێوەگلاون.
ئەمەش دوابەدوای ئەوە دێت کە بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە ٧ی ئەم مانگە، لەڕێی سێ درۆنەوە ماڵەکەی مستەفا کازمی لە ناوچەی سەوز کرایەئامانج، و لە ئەنجامدا چەند پاسەوانێکی بریندار بوون، بەڵام زیانی گیانی نەبوو.

کردنەئامانجی کازمی دوای ئەوەهات، رۆژی هەینی ئەو لایەنانەی کەلە هەڵبژاردن دەنگی پیویستیان نەهێناوە خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و گرژی کەوتە نێوان هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەران.

چاودێران پێشبینی دەکەن کازمی کاریزمای خۆی هەیە و هەوڵ دەدات بەپێی توانا سوود لەو دۆخە و لەو رووداوە ببینێت تا ببێتەوە بە سەرۆکی حکومەتی عێراق بۆ جاری دووەم، دەشڵێن: کازمی ئامادەیە چاوپۆشی لەو لایەنانە بکات کە لە هێرشەکەوە تێوەگلاون، بەڵام لەبەرامبەردا مەرجە پشتیوانی کازمی بکەن بۆ وەرگرتنەوەی دەسەڵات.
پێش کردنەئامانجی کازمی، وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆکی حکومەت تاڕادەیەک ئەستەم بوو، چونکە لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە کە بەشێکی زۆر لە گروپە چەکدارییەکان و دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری مالکی ، کازمی پەسەندکراو نەبوو، بەڵام ئێستا دۆخەکە جیاوازە و کازمی زیاتر لە کارتێکی فشاری بەدەستەوەیە.

لەدوای کۆبوونەوەکەی ماڵی عەبادی، چوارچێوەی هەماهەنگی بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە تیایدا داوای هێورکردنەوەی دۆخەکە و کەمکردنەوەی ناکۆکییەکانی کرد و داوای کرد چارەسەری یاسایی بدۆزرێتەوە بۆ قەیرانی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن و هەوڵ بدرێت بۆ ئاشکراکردنی ئەنجامدەرانی پشت هەوڵی شکستخواردووی تیرۆرکردنی کازمی.

سەرچاوەیەکی ئاگاداری ناو کۆبوونەوەکەی ماڵی عەبادی ئاشکرای کرد، کازمی باسی لەوەکردووە، گرنگە لێپێچینەوە لە ئەهلی حەق و حزبوڵڵا بکرێت کە گومانی ئەوەیان لێدەکرێت لە هێرشەکەوە تێوەگلابن.

بەڵام ئەو دوو هێزە وتوویانە: هێرشەکە بە پاڵنەری کەسیی ئەنجامدراوە و دەبێت راستەوخۆ کەسایەتییەکان سزابدرێن، نەک ئەو هێزانەی کاریان بۆ دەکەن.

ئامانج لە سەردانەکەی قائانیش بەگوێرەی قسەی چاودێران ئەوە بووە، هۆشداری بداتە میلیشیاکان کە یەکڕیزی خۆیان بپارێزن و دواتریش چووەتەلای کازمی تا وای لێبکات قایل ببێت بە هێورکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ میلیشیاکان و ناوی ئێران نەهێنرێت لەو هەوڵەدا.

جێی باسە هیچ کام لە نوێنەر و ئەندامانی رەوتی سەدر لە کۆبوونەوەکەی ماڵی عەبادی ئامادە نەبوون، هاوکات رێککەوتن لەسەر ئەوەش کراوە کە کۆبوونەوەیەکی دیکە بکەن بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکانی هەڵبژاردنی عێراق و تا ئێستاش نازانرێت ئایا ئەمجارە سەدر بەشداری دەکات یاخود نا.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا