ئاگر لە ئۆکرانیاو دوکەڵ لە یەکێتی ئەوروپا..

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

دەسەڵاتدارانی ئۆکرانیا ڕایانگەیاند کە دەیان کەس لە بۆردومانێکی ڕووسیا بۆ سەر خارکیڤ کوژراون، هەروەها ئاماری ونبووەکانیان لە سەرەتای جەنگەوە بڵاوکردەوە، هاوکات ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕووسیا ڕایگەیاند، ئۆکرانیا لە چەند مانگی ڕابردوودا زیاتر لە 90 هەزار سەربازی لەدەستداوە.

لە میانی کۆنفڕانسێکدا لە شاری سوچی ڕووسیا، پوتن باسی لە زیانەکانی کیێڤ کرد لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشی پێچەوانە بۆ سەر هێزەکانی ڕووسیا لە سەرەتای مانگی حوزەیرانی رابردوو.

ڤلادیمێر پوتن: ئۆکرانیا لە چەند مانگی ڕابردوودا زیاتر لە 90 هەزار سەربازی لەدەستداوە

لە پێشهاتەکانی ئەمڕۆ پێنج شەممەدا، بەرپرسانی ئۆکرانیا ڕایانگەیاند کە لە ئەنجامی بۆردومانێکدا کە شارۆچکەی گرۆزا لە پارێزگای خارکیڤ لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیای کردە ئامانج، لانیکەم 52 کەس کوژراون. شارۆچکەکە دەکەوێتە نزیک شاری کوبیانسک و دوور نییە لە هێڵی پێشەوە.

لای خۆیەوە ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا ئیدانەی بۆردومانەکەی کرد و بە “تاوانێکی دڕندانەی ڕووسیا” وەسفی کرد، زێلێنسکی وێنەیەکی بڵاوکردەوە کە تێیدا چەند کەسێک لەسەر زەوی پاڵکەوتوون و بێ جووڵەن.

لە هەمان کاتدا ئۆلێگ سینیگوبۆڤ، بەڕێوەبەری قەزاکە ڕایگەیاند، بۆردومانەکە بەر فرۆشگایەکی خواردن و کافێیەک لە شارۆچکەی گروزا کە 30 کیلۆمەتر لە ڕۆژئاوای کوبیانسکەوە دوورە کەوتووە.

سوپای ئۆکرانیا زیادی کرد: لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا لە سەرجەم بەرەکانی شەڕدا 57 جار لەگەڵ هێزەکانی ڕووسیا ڕووبەڕووبوونەتەوە.

پێشتر هێزەکانی ئۆکرانیا ڕایانگەیاندبوو کە شەوی ڕابردوو لە کۆی 29 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کە لەلایەن سوپای ڕووسیا بەرەو خاکی ئۆکرانیا هەڵدرابوون، 24 فڕۆکەیان خستۆتە خوارەوە.

لە لایەکی دیکەوە، پارێزگاری پارێزگای کورسکی ڕووسیا، ڕۆمان ستارۆڤۆیت ڕایگەیاند، لە ئەنجامی بۆردومانی شاری ڕیلسک بە تەقەمەنی کلاستەری ئۆکرانیا، ژنێک بە تەقەمەنی بریندار بووە، هەروەها بەشێک لە خانوو و باڵەخانە و ئۆتۆمبێلەکانیش زیانیان بەرکەوتووە، و تەقەمەنی نەتەقیو لە شوێنی بۆردومانەکەدا دۆزرایەوە.

لە لایەکی دیکەوە، ئیبان غەگین، ڕاوێژکاری سەرۆکی دۆنێسک کە لەلایەن ڕووسیا ڕاسپێردرابوو، ڕایگەیاند، کۆمەڵێک سەربازی ئۆکرانیا کە ژمارەیان زیاتر لە 15 کەس بوو، لە نزیک دۆنێتسک لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا خۆیان ڕادەست کرد.

لە لایەکی دیکەوە، کیێڤ ڕایگەیاند، لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی ڕووسیا لە مانگی شوباتی 2022 ەوە، زیاتر لە 26 هەزار ئۆکرانی بێسەروشوێن بوون.

لیۆنید تیمچێنکۆ، جێگری وەزیری ناوخۆی ئۆکرانیا لە لێدوانێکیدا بۆ تەلەفزیۆنی نیشتمانی ڕایگەیاند، ونبووەکان “11 هەزار هاوڵاتی مەدەنی و نزیکەی 15 هەزار سەربازن”.

ماریانا ڕێڤا وتەبێژی وەزارەتەکە ڕایگەیاندووە، ئەم خەمڵاندنە سەرەتاییانە تەنها پەیوەندییان بەو ئۆکرانیانەوە هەیە کە دەتوانرێت داتاکانیان “بە فەرمی پشتڕاست بکرێتەوە”، ئاماژەی بەوەشکرد کە “ئەم ژمارەیە دەتوانێت زیاتر بەرزبێتەوە”.

ئۆکرانیا ژمارەی تەواوی زیانە مرۆییەکانی لە ئەنجامی شەڕی لەگەڵ ڕووسیا ئاشکرا نەکرد.

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز، لە خەمڵاندنە بڵاوکراوەکانی ئەم دواییەدا، ڕایگەیاندووە کە لە سەرەتای شەڕەوە تا ئێستا 70 هەزار سەربازی ئۆکرانیا کوژراون و لە نێوان 100 بۆ 200 هەزار سەربازیش برینداربوون، ئەمەش بە گێڕانەوەی ئەو بەرپرسە ئەمریکییانەی کە داوایان کردووە ناویان نەهێنرێت.

لە ڕووی سیاسییەوە، کرێملین لە دوایین لێدوانەکانیدا سەبارەت بە شەڕەکە، زلهێزەکانی ڕۆژئاوای بەوە تۆمەتبار کرد کە بەردەوامن لە بەکارهێنانی ئۆکرانییەکان وەک “سەربازێکی هەرزان”.

کۆبوونەوەی گرانادا

بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا: ئەوروپا ناتوانێت ئەو بۆشاییە پڕبکاتەوە کە ڕوودەدات ئەگەر پشتیوانی ئەمریکا بەردەوام نەبێت

هاوکات سەرکردەکانی ئەوروپا لە شاری گرانادا لە باشووری ئیسپانیا لەگەڵ وڵاتانی دراوسێی یەکێتی ئەوروپا کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و چەند پرسێکیان تاوتوێ کرد، لەوانە شەڕی ڕووسیا لە ئۆکرانیا و دۆخی ناوچەی قەرەباخ.

جۆزێپ بۆرێل بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا هیوای خۆی دەربڕی کە ئەمریکا لە هەڵوێستی خۆی لەمەڕ پشتیوانیکردنی ئۆکرانیا پاشەکشە بکات و جەختی لەوە کردەوە کە ئەوروپا ناتوانێت ئەو بۆشاییە پڕبکاتەوە کە ڕوودەدات ئەگەر پشتیوانی ئەمریکا بەردەوام نەبێت.

بۆرێل بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، “زانیمان کە کۆنگرێسی ئەمریکا پشتیوانی ئۆکرانیای لە دوایین بوودجەدا نەخستۆتە ناوەوە بۆ ئەوەی (دامەزراوەکانی حکومەتی فیدراڵی) دابخرێن. هیوادارین ئەمە هەڵوێستێکی دیاریکراوی ئەمریکا نەبێت”.

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی: هیوای من و هیوای ئۆکرانییەکان ئەوەیە کە ئێمە بەدوای ڕێگایەکدا بگەڕێین کە ئەمریکا بتوانێت بەردەوام بێت لە پشتیوانیکردنی ئۆکرانیا، دڵنیایە کە ئەوروپا ناتوانێت جێگەی ئەمریکا بگرێتەوە.

مەدرید بەنیازە سیستەمی بەرگری ئاسمانی نوێ و سیستەمی دژە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ ئۆکرانیا دابین بکات

لە لایەکی دیکەوە ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکی حکومەتی ئیسپانیاوە ڕایگەیاندووە، مەدرید بەنیازە سیستەمی بەرگری ئاسمانی نوێ و سیستەمی دژە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ ئۆکرانیا دابین بکات لە پێناو پاراستنی ژێرخانی وزە و بەندەرەکان.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، سوپای ئیسپانیا مەشق بە هێزەکانی ئۆکرانیا دەکات بۆ بەکارهێنانی ئەو سیستەمە نوێیانە، هاوکات ئامێری زیاتری پاککردنەوەی مینیان بۆ دابین دەکات.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا