پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەمیانی سەرۆكایەتیكردنی كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزاریی بۆ ئاسایشی نیشتمانیدا، وەزیری دەرەوەی عێراقی راسپارد لەگەڵ هاوتا توركییەكەی لە پەیوەندیدا بێت بۆ كاراكردنی لیژنە ئەمنییە دوو قۆڵییەكانی نێوان هەردو وڵات بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشە ئەمنییەكانی سنور.
بەپێی راگەیەندراوێكی وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، محەمەد شیاع سودانی، فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق، سەرۆكایەتی كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزاریی بۆ ئاسایشی نیشتمانی كردوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە كۆبونەوەكەدا تاوتوێی پێشهاتەكانی دۆخی ئەمنی وڵات، روبەڕوبونەوەی پاشماوەكانی داعش، نەهێشتنی تاوانی رێكخراو و شوێنپێهەڵگرتنی بازرگانانی ماددە بێهۆشكەرەكان كراوە.
لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، لە چوارچێوەی هەماهەنگی ئەمنیی لەگەڵ سەرجەم وڵاتانی دراوسێدا، سەرۆك وەزیران، وەزیری دەرەوەی راسپارد كە لە پەیوەندیدا بێت لەگەڵ هاوتا توركییەكەی لەبارەی كاراكردنی لیژنە ئەمنییە دوو قۆڵییەكان بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشە ئەمنییەكانی سنور.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە كۆبونەوەكەدا چەند پرسێكی دیكە تاوتوێ كراون و رێكاری پێویستیان لەبارەوە گیراوەتەبەر.