پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
بەپێی زانیارییەکان، شاندێکی هەرێم و وەزارەتی نەوتی عێراق لەسەر پرسی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لەرێگەی بەندەری جەیهانەوە سەردانی تورکیایان کردووە و پاش رەزامەندی ئەو وڵاتە، بڕیارە یەکەم هەناردەی تاقیکاری لە رێگەی بۆرییەکەوە ئەنجام بدرێت.
سەرچاوەیەک لە کۆمپانیای نەوتیی سۆمۆ بۆ راگەیاندنێکی ناوخۆیی عێراق ئاشکرایکردووە، “شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێم و وەزارەتی نەوتی عێراق لەم دواییانەدا سەردانی تورکیایان کردووە. لە سەردانەکەدا پرسی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لەرێگەی بەندەری جەیهانەوە تاوتوێکراوە.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەکردووە، “بەم زووانە بۆ یەکەمجار پاش نزیکەی 6 مانگ، نەوت لەرێگەی بۆرییەکانی تورکیاوە هەناردە دەکرێت بۆ دڵنیابوونەوە لە سەلامەتیی و کوالێتی بۆرییەکان”.
شەش مانگە هەناردەی نەوتی هەرێم و عێراق لەرێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە بۆ وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریکا راوەستاوە. ئەمەش پاش ئەوە هات کە لە مانگی ئاداری ئەمساڵدا، دادگای بەرژەوەندییە نێودەوڵتییەکانی پاریس لەسەر سکاڵایەکی عێراق دژی فرۆشتنی نەوت بەشێوەی سەربەخۆ لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە، هەناردەکردنی نەوتی لەرێگەی تورکیاوە بە نایاسایی لەقەڵەم دا.