پۆڵەتیک پرێس
خوڵوسی ئاکار، وەزیری بەرگری تورکیا هۆشداریدایە یۆنان لە بەکارهێنانی زمانی هەڕەشە دژی وڵاتەکەی.
میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە، خوڵوسی ئاکار هۆشداری داوەتە یۆنان لە بەکارهێنانی زمانی هەڕەشە دژی وڵاتەکەی و جەختی لەوەکردەوە ئەنقەرە دەیەوێت لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتییەکان و گفتوگۆ و پەیوەندی دراوسێیەتی کێشەکانی لەگەڵ ئەسینا چارەسەر بکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، تورکیا داوا لە یۆنان دەکات سەرجەم ئەو رەفتار و گوفتارانە وەلاوەبنێت کە دەبنەهۆی زیادکردنی ناکۆکی و بەشێوەیەکی نەرێنی کاریگەری لەسەر سەقامگیری ناوچەکە دادەنێن.
خوڵوسی ئاکار دووپاتی کردەوە تورکیا هیچ نیازێکی نییە خاک و مافی هیچ کەس زەوت بکات، بەڵکو تاکە ئامانجی بریتییە لە پارێزگاریکردن لە سەروەری و بەرژەوەندییەکانی لە چوارچێوەی یاسا.
ماوەی چەندین مانگە تورکیا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرقاڵی دۆزینەوەی سەرچاوەکانی وزەیە لەناو ئەو ئاوانەی یۆنان و قوبرس بە بەشێک لە مافەکانی خۆیانی دەزانن.
لەلایەکی دیکەشەوە یەکێتی ئەوروپا چەندین جار پاڵپشتی خۆی بۆ ئەو دوو وڵاتە دووپات کردەوە و رەخنەی لە تورکیا گرت و چالاکییەکانی بە نایاسایی لەقەڵەمدا و هەڕەشەی ئەوەی لێکرد ئەگەر لەم کارانە بەردەوام بێت ئەوا سزای بەسەردا دەسەپێنێت.