مام له‌ شام

لیژنەی هەماهەنگی كوردستان

دوای راگەیاندنی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ساڵی 1975 و دەستپێكردنی شۆڕشی نوێ لەساڵی 1976دا، مام جەلال هەموو هەوڵەكانی خۆی خستەگەڕ بەمەبەستی دۆزینەوەی شێوازێك بۆ هاریكاری و هەماهەنگی لەنێوان حزبە نیشتمانییە كوردییەكانی پارچە جیاجیاكانی كوردستان، بەئامانجی روبەڕووبوونەوەی ئەو بارودۆخە ناهەموارەی بەهۆی رێككەوتننامەی شوومی جەزائیری نێوان عیراق و ئێران هاتبووە ئاراوە، بوبوو بەهۆی شكستی شۆڕشی كورد لە كوردستانی عیراق بەو جۆرە دراماتیكیەی روویدا.

زاڵبوون بەسەر بێ هیوایی گەلی كورد

جووڵەكانی مام جەلال هەوڵێك بوو بۆ زاڵبوون بەسەر ئەو بارودۆخی بێ هیوایەی باڵی كێشابوو بەسەر گەلی كورد و بزوتنەوە ئازادیخوازەكەیدا، هەروەها هەوڵێك بوو بۆ بەدەستهێنانی پاڵپشتی رای گشتی لەناوچەكەو لەجیهانی، لە گەلی كورد و دۆزە رەواكەی بەرامبەر بە رژێمە دیكتاتۆرییەكانی داگیركەری كوردستان، بەتایبەت رژێمی خوێنڕێژی سەدام، لەم رووەوە سالار ئوسی لەكتێبی  (جلال طالبانی: أحداث ومواقف) و لە رۆژنامەی شەرارەوە دەگێڕێتەوە:- مام جەلال لەوانە بوو كە بەردەوام بانگشەی بۆ بیرۆكەی بەستنی كۆنگرەیەك دەكرد، لەنێوان حزب و  رێكخراو و دەستە كوردستانییەكان، بەمەبەستی گەیشتن بە رێكەوتنێكی ستراتیژی هاوبەش،  هەروەها پاڵپشتی و یارمەتیدانی یەكتر، ئەمە چ جای یەكخستنی هەوڵەكانیان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، بۆ وەستان بەرامبەر بەو حكومەتانەی پاڵپشتی یەكیان دەكرد دژ بە گەل و میللەتی كورد».

لە راستەوە: مام جەلال – یوسف زۆزانی – عەبدولحەمید دەروێش – عەلی شەمدین

هەنگاوی یەكەمیش لەم روەوە، كۆبوونەی ژمارەیەك حزب و هێزە كوردی و كوردستانییەكان بوو لە بەیروت لە 2-12-1977دا، كە بە پێی قسەكانی مامۆستا عەبدولحەمید دەروێش لە كتێبی (أضواء علی الحركة الكردیة فی سوریا)، نوێنەرانی ئەم شەش حزبەی لە خۆگرتبوو: «عومەر مستەفا لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئەمیر قازی لە پارتی دیموكراتی كوردستانی ئێران، عەبدولحەمید دەروێش لە پارتی پێشكەوتوخوازی كوردی سوریا، شەمسەدین موفتی لە پارتی دیموكراتی كوردستانی عیراق-لیژنەی ئامادەكار، عەبدولباقی مەلا مەحمود لە پارتی دیموكراتی كوردی سوریا (پارتی)، عیسمەت فەتحوڵا لە پارتی دیموكراتی چەپی كوردی سوریا».

پاڵپشتی هێزە كوردییەكان لە شۆڕشی نوێ

لەم كۆبوونەوەیەدا وەكو دەروێش لە كتێبەكەیدا باسی دەكات، بڕیار لەسەر پاڵپشتی شۆڕشی نوێی هەڵگیرساو لە كوردستانی عیراق درا، بەپێی توانای ئەو حزب و لایەنانە، هەروەها بڕیار لەسەر پێكهێنانی لیژنەیەك بەناوی (لیژنەی خەباتی نیشتمانی كوردستانی) درا، كە ئەركی رێكخستنەوەی خەباتی هاوبەش بێت لەنێوان حزب و ریكخراوە پیشكەوتوخوازە كوردستانییەكان، ئامادەبووان هەروەها لە رووی مەبدەئییەوە رێكەوتن لەسەر ئەوەی، كۆبوونەوەی دواتریان لە مانگی نیسانی 1978 بێت لە كوردستانی عیراق، بڕیاریش بوو، هەریەك لە (رێكخراوی هەڤرا، رێكخراوی شۆڕشی میللی كوردستان)یش كە دوو رێكخراوی كوردی كوردستانی توركیا بوون، ئامادە بن، بەڵام بەهۆی هۆكاری تایبەت بە خۆیان نەیانتوانی ئامادەی كۆبوونەوەكە ببن، دواتر و لەبەر نەگونجانی بارودۆخ لە كوردستانی عیراق، كۆبوونەوەی دووەم لە وادەی خۆی و لە پاریس لە نیسانی 1978 بەسترا، هەریەك لە نوێنەرانی ئەم چوار حزبەش بەشدارییان تێداكرد، «دكتۆر عەبدولرەحمان قاسملۆ لە پارتی دیموكراتی كوردستانی ئێران، شەمسەدین موفتی لە پارتی دیموكراتی كوردستان-لیژنەی ئامادەكار، عومەر مستەفا لە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، عەبدولحەمید دەروێش لە پارتی دیموكراتی پێشكەوتوخوازی كوردی سوریا»، دەروێش دەڵێت:- لەم كۆبوونەوەیەدا تاوتوێی بارودۆخی نوێی دوای كۆبوونەوەی یەكەم كرا، بەتایبەت دوا پێشهاتە سیاسییەكانی كە لە ئێرانی سەردەمی شای ئەوكات هاتبۆ ئارا، هەروەها دەرەنجامی رووداوەكانی ئێران و كاریگەری لەسەر كۆی دۆزی كورد لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتیش لەسەر گەلی كورد لە كوردستانی ئێران».

دوای ئەو بڕیارانەی لەلایەن حزبە كوردستانییەكانەوە درا، لە كۆبوونەوەی بەیروتی ساڵی 1977 و كۆبوونەوەی پاریسی ساڵی 1978، چەندین دیدار بە دەستپێشخەری مام جەلال لە سەرەتای ساڵی 1980 بەڕێوەچوو، لە نێوان حزب و هێزە نیشتمانییە كوردییەكان، بەبەشداری هەردوو حزبی شیوعی (عیراق و سوریا)یش، كە رەزامەندیی تەواویان نیشاندا بۆ بەشداری لەهەر دیدارێك كە بكرێت لەنێوان حزبە كوردی و كوردستانییەكان بەمەبەستی یەكخستنی خەباتیان لەپێناوی ئازادی گەلی كورد، لەم رووەوە دەروێش دەڵێت:- لەپەراوێزی ئەو دیدارانەدا مام جەلال ئەمینداری گشتی یەكێتی پێشنیازێكی خستەبەردەم  حزبەكەمان، بۆ كارێكی هاوبەش، ئەویش پێكهێنانی لیژنەیەك بوو بەناوی «لیژنەی ئامادەكاری بۆ هاریكاری لەنێوان حزبە كوردی و كوردستانییەكان، یان هەر ناوێكی تر بێت، لیژنەكەش لە چوار حزب پێك بێت، كە ئەوانیش

«پارتی دیموكراتی كوردستانی ئێران، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان-عیراق، پارتی سۆسیالیستی كوردستانی- توركیا، پارتی دیموكراتی پێشكەوتوخواز لە سوریا»، ئەركی لیژنەكەش گفتوگۆ و دانوستان بێت لەگەڵ هێز و حزبە كوردی و كوردستانییەكانی تر، بەمەبەستی رێخۆشكردن بۆ بەستنی كۆنگرەیەكی گشتی بۆ سەرجەم حزبە كوردییەكان».

رۆڵی حزبەكان لەسەرخستنی پێشنیازەكەی مام جەلال

دوای تاوتوێكردنی ئەو پێشنیارەی مام جەلال و گفتوگۆكردن لەبارەیەوە لەنێوان هەردوو حزبی دۆست (یەكێتی و پارتی دیموكراتی پێشكەوتوخواز)، رەزامەندی لەسەر درا و بڕیاریاندا، بیخەنەبەردەم «پارتی دیموكراتی كوردستانی ئێران و پارتی سۆسیالیستی كوردستانی توركیا» بەمەبەستی وەرگرتنی رەزامەندی ئەوانیش لەسەر پێشنیازەكە، هەریەك لە عەزیز محەمەدی سكرتێری حزبی شیوعی عیراقی و كەریم ئەحمەدی ئەندامی مەكتەبی سیاسیی حزبی شیوعی، رەمۆ شێخۆ فەرحەی ئەندامی مەكتەبی سیاسیی حزبی شیوعی سوریا» رۆڵی كاریگەریان هەبوو لەسەرخستنی ئەو هەوڵانە.

لەسەر پێشنیازی مام جەلالیش، عەبدولحەمید دەروێش لە سەرەتای مانگی ئەیلولی 1980 سەفەری كرد بۆ تاران، بەمەبەستی بینینی دكتۆر عەبدولرەحمان قاسملۆی ئەمینداری گشتی پارتی دیموكراتی كوردستانی ئێران و  گفتوگۆ لەگەڵیدا سەبارەت بە بابەتی لیژنەی پێشنیازكراو لەلایەن مام جەلالەوەو وەرگرتنی رەزامەندی پارتی دیموكراتی ئێران لەسەر پێكهێنانی ئەو لیژنەیە و بەشداری لەكارەكانیدا.

ئەوە بوو مامۆستا دەروێش گەیشتە  ناوچەی «واوان» كە بارەگای مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ئێرانی لێبوو، لەوێ چاوی كەوت بە دكتۆر عەبدولرەحمان قاسملۆ و وردەكاری هەوڵی هاریكاری نێوان هێز و حزبە كوردی و كوردستانییەكانی بۆ گواستەوە، هەروەها بۆچوونی هەردوو حزبی شیوعیی سوریا و عیراقی بۆ گواستەوە سەبارەت بەو هەوڵانە، باسی لە رۆڵی ئیجابی پارتی دیموكراتی كوردستانی ئێران كرد بۆ سەرخستنی هەوڵەكان، دەروێش لەو رووەوە دەڵێت:- دواتر وڵامی دكتۆر قاسملۆ ئەوەبوو، كە تاوتوێی پێشنیازەكەیان پێشتر كردبوو، رازیشن لەسەر بیرۆكەی پێكهێنانی لیژنەی ئامادەكار لەو چوار حزبە، بەڵام وایان پێ باشە حزبە شیوعیەكان بەشداربن لەلیژنەكەدا بە سیفەتی چاودێر نەك ئەندام، ئەو بۆچوونەشی بە عەزیز محەمەد گەیاندووەو رازی بووە لەسەری، قاسملۆ هەروەها دوپاتیكردۆتەوە كە یەكێك لە هەڤاڵە سەركردەكانیان دەنێرن بۆ ئامادەبوون لەیەكەم دانیشتنی پێشنیازكراوی لیژنەكەدا».

عه‌لی شه‌مدین

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا