قوباد تاڵەبانی: پێویستە وەزارەتی پێشمەرگە دوور بخرێتەوە لە ململانێ و ناكۆكییە سیاسییەكان

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران پێشوازیكرد لە وەفدێكی باڵای هاوپەیمانان بە سەرۆكایەتی ژەنەراڵ ماتیۆ ماكفارلین و لە كۆبوونەوەی نێوانیاندا چەند پرسێكی جێگەی بایەخی هەردوولا و بە تایبەت چاكسازییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە تاوتوێ كران.

لە كۆبوونەوەكەدا كە رۆژی دووشەممە 14_8_2023 لە هەولێر بەڕێوەچوو و تیایدا هەر یەكە لە لیوا روكن بەختیار ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە و دابان شەدەڵە جێگری سەرۆكی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێم ئامادەی بوون، بە بۆنەی كۆتایی هاتنی ئەركەكەی وەك فەرماندەی گشتیی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا، قوباد تاڵەبانی ستایشی ژەنەراڵ ماتیۆ ماكفارلینی كرد كە لە ماوەی ئەركەكەیدا رۆڵی گرنگی هەبووە لە دروستكردنی هەماهەنگی لەنێوان هێزەكانی پێشمەرگە و هێزەكانی هاوپەیمانان و هیوای سەركەوتنیشی بۆ خواست لە ئەركی داهاتوویدا.

هەر لە كۆبوونەوەكەدا كە ژەنەرال جۆول ڤاوڵ فەرماندەی گشتیی نوێی هاوپەیمانانیش ئامادەی بوو، جێگری سەرۆك وەزیران بەبۆنەی دەستبەكاربوونی پیرۆزبایی لێ كرد و هیوای خواست لە ماوەی ئەركەكەیدا هەماهەنگی زیاتر و بەهێزتر لەنێوان هێزەكانی پێشمەرگە و هاوپەیمانان هەبێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەكان.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا تاوتوێی چۆنییەتی بەرەوپێشچوونی هەنگاوەكانی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە كرا. هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی جێبەجێكردنی قۆناغ بە قۆناغی پڕۆژەی چاكسازی بەو شێوەیەی كە پلانی بۆ دانراوە.
لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا پێویستە وەزارەتی پێشمەرگە دوور بخرێتەوە لە ململانێ و ناكۆكییە سیاسییەكان و بەرپرسانی وەزارەت دەبێت لەپێناو جێبەجێكردنی پڕۆژەی چاكسازی و دروستكردنی هێزێكی نیشتمانیی راهێنراو بە شێوەیەكی پیشەیی و بەدوور لە ململانێی سیاسی ئەركەكانی خۆیان جێبەجێ بكەن.

لەلایەن خۆشیانەوە وەفدی باڵای هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا دووپاتیان كردەوە كە بەردەوام دەبن لە هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ هێزەكانی پێشمەرگە و جەختیشیان كردەوە بەردەوامبوونی چاكسازییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە، ئاستی هەماهەنگی و هاوكارییەكان خێراتر و بەهێزتر دەكات.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا