عێراق پەنا بۆ پۆلیسی ئینتەرپوڵ دەبات

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

عێراق داوا لە پۆلیسی نێودەوڵەتی ئینتەرپوڵ دەکات، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ کۆمەڵێک بەرپرسی باڵای پێشووی عێراق دەربکات، لەنێویاندا وەزیری دارایی و سەرۆکی دامەزراوەیەکی هەواڵگری عێراقی، بە تۆمەتی دزینی 2 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار.

بەپێی سەرچاوە هەواڵییەکانی عێراق، چەند بەرپرسێکی باڵای پێشووی عێراقی تۆمەتبارن بە ئەنجامدانی راکێشانی نایاسایی پارە لە خەزێنەی دەستەی گشتی باجی دەوڵەت لە نێوان ئەیلولی 2021 و ئابی 2022. ئەو تۆمەتبارانە هەڵساون بە راکێشان و ‘دزینی’ 2 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار، کە دەکاتە 3 ترلیۆن و 700 ملیار دیناری عێراقی [1 دۆلار=1300 دینار].

محەمەد شیاع سودانی بەڵێنی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە وەڵاتەکەی دەدات و لە تویتەر نوسیوویەتی ” رێگە نادەین پارەی عێراق بدزن”.

دوێنێ حەیدەر حەنوون، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی عێراق رایگەیاند: جوڵەکان دەستیپێکردووە بۆ دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردنی ئەو بەرپرسانەی تێوەگلاون لە دۆسیەی ‘دزی سەدە’، هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، دادگا فەرمانی دەستگیرکردن بۆ راوێژکار و سکرتێری تایبەتی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی پێشوو دەردەکات.

سەرۆکی دەستەی دەستپاکی حکومەتی فیدڕاڵ دەڵێت، تۆمەتبارەکان کە ژمارەیان 48 کەس دەبێت، پاش ئەنجامدانی دزییەکە، پارەکەیان لە نێوان خۆیاندا دابەش کردووە، و هەریەکەیان کەمتر لە 77 ملیۆنی وەرگرتووە.

حەنوون ئاماژەی بەوەشکرد کە، عێراق هەوڵدەدات هەموو ئەو تۆمەتبارانە دەستگیربکەن کە لە دزییەکە تێوەگلاون و پەنایان بۆ وڵاتەکانی تورکیا و ئەردەن و سعودیە بردووە. هەروەها داواش لە ئەمریکا و بەریتانیا دەکات هاوکاریان بکەن لە رادەستکردنەوەی تۆمەتبارەکان.

 

 

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا