جەنگی رووسیا و ئۆكرانیا دەچێتە قۆناغە هەستیارەكە

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

تادێت جەنگی رووسیاو ئۆكرانیا هەستیارتردەبێت و مەترسییەكانی ئەم جەنگە زیاتر دەبن، هەردوولا لەپێناو سەركەوتن دەست بۆ هەموو شتێك دەبەن تەنانەت ئەو بوارانەشی لەكاتی جەنگی دوو وڵاتدا دەبێت پارێزراوبن لەدەست هەردوو وڵات سەلامەت نابن.

ئۆكرانیا تۆمەتباردەكرێت بەوە دەست بۆ تەقاندنەوەی پردو رێڕەوە مرۆییەكان دەبات و رووسیاش كۆگاكانی دانەوێڵەی ئۆكرانیا لە ناودەبات.

ڤیلادمیر پووتین رایگەیاند: دوای 20ی مانگ وەك پێش 20ی مانگ نابێت

ئەمڕۆ پێنجشەممە، هێرشی ڕووسیا بۆ سەر بەندەری میكۆلایڤ لە ئۆكرانیا، لانیكەم 18 برینداری لێكەوتەوە و شاری ئۆدێساش كەوتە بەر هێرشی نوێی ڕووسیا. لە كاتێكدا لە هێرشێكی ئۆكرانیا بۆ سەر نیمچە دوورگەی كریمیا كەسێك كوژرا و چوار باڵەخانە زیانیان پێگەیشت، دوای ڕۆژێك لە ئاگركەوتنەوە لە ناو بنكەیەكی سەربازی لەم ناوچەیەدا، ڕووسیا ئاوەكانی باشووری ڕۆژهەڵات و باشووری ڕۆژئاوای دەریای ڕەشی بە ناوچەیەكی مەترسیدار بۆ گەشتكردن ناوبرد، هەروەها بڕیاریداوە ئەو كەشتیانەی كە بەرەو ئۆكرانیا دەڕۆن لە دەریای ڕەشدا بە ئامانج بگرێت.

ڤیلادمیر پووتین رایگەیاند: دوای 20ی مانگ وەك پێش 20ی مانگ نابێت و وەزارەتی بەرگری ڕووسیاش دووپاتیكردەوە لە 20 مانگەوە هەر كەشتییەك، هەڵگری ئاڵای هەر وڵاتێك بێت، بەرەو ئۆكرانیا بڕوات تێكی دەشكێنین.

هاوكات ئەمڕۆ پێنجشەممە، هێزی ئاسمانی ئۆكرانیا خستنەخوارەوەی پێنج مووشەكی كروز و 13 فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی هێرشبەری ڕاگەیاند كە شەوی ڕابردوو لەلایەن هێزەكانی ڕووسیا لە ناوچەكانی میكۆلایڤ و ئۆدێسا هەڵدرابوون و ئاماژەی بەوەدا كە مۆسكۆ لە بۆردومانەكەدا مووشەكەكانی كالیبر و ئیسكاندەر و ئۆنیكسی بەكارهێناوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، ڕوسیا 19 مووشەكی كروز و 19 فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی هەڵداوە، بەڵام بە تەواوی دیاری نەكردووە كە مووشەكەكانی دیكە ئاراستەی كوێ‌ كراون.

لای خۆیەوە وەزارەتی بەرگری ڕوسیا هێرشێكی بەرفراوانی بە چەكی ئاسمانی و دەریایی بۆ سەر پێگەكانی هێزەكانی ئۆكرانیا لە نزیك ئۆدێسا ڕاگەیاند.

ئۆكرانیا: رووسیا بە ئەنقەست وێستگەكانی دانەوێڵەی كردە ئامانج بۆ لەناوبردنی دانەوێڵەی ئۆكرانیا

سوپای ڕوسیا لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاندووە، لە شەودا، هێزە چەكدارەكانی ڕوسیا زنجیرەیەك هێرشیان بە چەكی ئاسمانی مەودای دوور و وردبینی لە دژی دامەزراوە سەربازی-پیشەسازییەكان، ژێرخانی سووتەمەنی و كۆگاكانی تەقەمەنی هێزە چەكدارەكانی ئۆكرانیا لە نزیك شاری ئۆدێسا ئەنجامداوە.

سەرۆكایەتی ئۆكرانیا ڕایگەیاند كە هێرشی ڕووسیا ڕۆژی چوارشەممە بە ئەنقەست وێستگەكانی دانەوێڵەی كردە ئامانج بۆ لەناوبردنی دانەوێڵەی ئۆكرانیا، هاوكات ڕۆیتەرز لە زاری وەزیری كشتوكاڵی ئۆكرانیا بڵاویكردەوە كە هێرشەكەی ڕووسیا 60 هەزار تۆن دانەوێڵە لەناوبردووە.

ئەمریكا هاوكارییە سەربازییە نوێیەكانی بۆ ئۆكرانیا ڕاگەیاند كە بەهای یەك ملیار و 300 ملیۆن دۆلارە

دوێنێ، چوارشەممە، ئەمریكا هاوكارییە سەربازییە نوێیەكانی بۆ ئۆكرانیا ڕاگەیاند كە بەهای یەك ملیار و 300 ملیۆن دۆلارە، كە بریتین لە سیستەمی بەرگری ئاسمانی و مووشەكی دژە تانك و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان.

پاكێجەكە چوار سیستەمی بەرگری ئاسمانی “ناسامس” لەگەڵ تەقەمەنیەكانیان، مووشەكی دژە تانكی TOW، تۆپی 152 ملم و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان، جگە لە سیستەمی دژە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و میكانیزمی جۆراوجۆر لەخۆدەگرێت.

میخایلۆ پۆدۆلیاك، ڕاوێژكاری سەرۆكایەتی ئۆكرانیا ڕایگەیاند كە وڵاتەكەی پێویستی بە 300 زرێپۆش و 80 فڕۆكەی جەنگی ئێف 16 و 10 سیستەمی بەرگری ئاسمانی هەیە بۆ خێراكردنی هێرشی پیًچەوانە، لە هەمان كاتدا دان بەوەدا دەنێت كە ئەم هێرشە “درێژخایەن و قورس دەبێت”.

ڕووسیا ڕایدەگەیەنێت، هێرشی پێچەوانەی ئۆكرانیا تا ئێستا سەركەوتوو نەبووە

لێدان لە دوای لێدان لەلایەن كیێڤەوە، بە شێوەیەكی خێراتر، ئاراستەی نیمچە دوورگەی كریمیا دەكرێت، كە ڕووسیا لە ساڵی 2014 ەوە بەستوویەتییەوە بە خاكەكەیەوە.

ڕووسیا ڕایدەگەیەنێت، هێرشی پێچەوانەی ئۆكرانیا تا ئێستا سەركەوتوو نەبووە. ئەگەری ئەوە هەیە كە سوپای ڕووسیا بچێتە قۆناغی هێرشی هەمەلایەنە.

ئەگەر سوپای ئۆكرانیا بتوانێت ناوچەكانی خێرسۆن و زاپۆریژیا جیابكاتەوە، بگاتە كریمیا، ئەوە بە سەركەوتنێكی ستراتیژی بۆ ئۆكرانیا دادەنرێت، بۆیە سوپای ڕووسیا وەڵامی ئەم هێرشە دەداتەوە، كە ئەگەر سەركەوتوو بێت، ڕێڕەوی شەڕەكان بەشێوەیەكی ڕیشەیی دەگۆڕێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا