ئاژانسێكی ئەمریكی زانیاری نوێ‌ لەسەر هەناردەكردنی نەوتی هەرێم ئاشكرادەكات

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

ئاژانسی بلومبێرگی ئەمریكی بڵاویكردەوە، تائێستا هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان دەستیپێنەكردووەتەوە و دانوستانی نێوان عێراق و توركیا بەردەوامە و توركیا سەرقاڵی چاككردنەوەی بۆرییەكانە.

لێپرسراوێكی عێراقی كە ناوەكەی ئاشكرانەكردووە بە ئاژانسەكەی راگەیاندووە، هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان هێشتا راوەستاوە و دەستیپێنەكردووەتەوە، دانوستانەكانی نێوان بەغداد و حكومەتی توركیاش بۆ كردنەوەی هێڵە نەوتییەكانی هەردوو وڵات بەردەوامی هەیە.

ئەو لێپرسراوە ئاماژەی بەوەشدا، بەغداد لەپاڵ دانوستانەكانی لەگەڵ ئەنقەرە، دانوستان لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانیش دەكات، توركیاش سەرقاڵی چاككردنەوەی هێڵی بۆری نەوتەكەیە لە هەردوو دیوی سنور، لەگەڵ هەندێك لە عەمبارەكانی گلدانەوەی نەوت.

وتیشی، لێپرسراوانی توركیا بەنیازی گفتوگۆن لەبارەی ئەو قەرەبووەی دادگای ناوبژیوانی نێودەوڵەتی سەپاندوویەتی بەسەر ئەنقەرەدا، كە بڕەكەی یەك ملیار و 500 ملیۆن دۆلارە، دەیەوێت پێش دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت ئەو پرسە چارەسەر بكات، بەڵام تائێستا حكومەتی توركیا باسی ئەوەینەكردووە كە هەوڵی كەمكردنەوەی قەرەبووەكە دەدات یاخود میكانیزمێك بۆ دانەوەی قەرەبووەكەی دیاریبكات.

بلومبێرگ ئەوەشی خستووەتەڕوو، كە سەرباری رێككەوتنی بەغداد و هەرێم لەبارەی هەناردەكردنی نەوت، بەڵام هەندێك وردەكاری لەسەر چۆنیەتی فرۆشتنی نەوت چارەسەرنەكراوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا