پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
رۆژنامەنووسێك لە رۆژئاوای كوردستانەوە ئامانجی هێرشەكانی چەند رۆژی رابردووی توركیا بۆسەر رۆژئاوای كوردستان دەخاتەڕوو.
رۆژنامەنووس ئالان مەعیشی، لە رۆژئاوای كوردستان تایبەت بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: بیانووی ئەمجارەی توركیا بۆ هێرشكردنە سەر رۆژئاوای كوردستان بەهۆی ئەو تەقینەوەیەبوو كە لە ئەستەمبوڵ روویدا، توركیا رۆژئاوای كوردستان تۆمەتبار دەكات و دەیەوێت ئەو تەقینەوە بكاتە بیانوو بۆ هێرشكردن لە كاتێكدا مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هەسەدە ئەو پڕوپاگەندانەی توركیای رەتكردەوە و ئاشكرای كرد ئەو ژنەی دەستگیركراوە سێ برای لەناو داعشدابوون و كوژراوان و برایەكیشی لەناو هێزەكانی سوپای نیشتمانیدایە كەتوركیا پشتیوانی دەكات.
ئەو رۆژنامەنووسە وتی: بە بڕوای چاودێران و شارەزایان ئامانجی توركیا لەم هێرشانەیدا بۆ سێ خاڵ دەگەڕێتەوە، خاڵی یەكەم بۆ هەڵوەشاندنەوەی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەرە كە توركیا نایەوێت قەوارەیەكی كوردی لە رۆژئاوای كوردستان هەبێت، یان ئەوەی هێزی سوریای دیموكرات لە كامپی هۆل نەهێڵێت و خێزانە زیندانییەكانی داعش رزگاربكات، ئامانجی سێیەمی توركیا لەم هێرشانە ئەوەیە ئەردۆغان شەڕ لە دژی رۆژئاوای كوردستان وەكو هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن بەكاربهێنێت لە ناوخۆی وڵاتەكەیدا.
وتیشی: ئێستا توركیا زیاتر ژێرخانی ئابوری و ئاوەدانی وەكو كێڵگەكانی نەوت و وێستگەكانی كارەبا و نەخۆشخانە و قوتابخانەكان بۆردومان دەكات، هاوكات ئەو شوێنانەی زیندانییەكانی داعشی تێدایە بەتایبەتی كامپی هۆل كە هەستیارترین گرتووخانەیە خێزانەكانی داعشی تێدایە بۆردومان دەكات بەو هیوایەی ئەو زیندانیكراوانە هەڵبێن، لە كاتێكدایە هەزاران خێزانی داعش لەو گرتووخانەدان.
روونیشیكردەوە، فەرماندەیی گشتی هێزەكانی سوریای دیموكرات ئەمڕۆ رایگەیاند: هێزەكانمان بە هەموو توانایانەوە ئامادەن بۆ رووبەڕووبوونەوەی هێرشەكانی توركیا.