پۆڵەتیک پرێس
ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ئەو گەندەڵییە داراییەی لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە دەروازە سنورییەکان کراوە بە ٢٧ ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، محەمەد ساحیب دەراجی ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمان رایگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە ئەو گەندەڵییە داراییەی لە دەروازە سنورییەکانی عێراق کراوە بە ٢٧ ملیار دۆلار دەخەمڵێنرێت، هاوکات، قەبارەی گەندەڵی لە بە بازاڕکردنی دراودا گەیشتووەتە ٤٩٥ ملیۆن دۆلار.
ئاماژەی بەوەشکرد، قەبارەی گەندەڵی بەپێی ئەم ژمارانە گەورەیە و یەدەگی بانکی ناوەندیش عێراق لە ٦٠ ملیار دۆلار کەمترە.
لەلایەکی دیکەوە، دەراجی داوای لە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق کرد، خۆی دەست بخاتە ناو کارەکانی ئیدارەی وەزارەتی دارایی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی موچە و کۆتاییهێنان بە سەودای وەزیری دارایی لەبارەی پرۆژە یاسای قەرزکردن.
ئەوەش لەکاتێکدایە، ٥ی ئەم مانگە، كاوە محەمەد ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، شەممەی داهاتوو پەرلەمانی عێراق كۆدەبێتەوە و لە بارەی پرۆژە یاسای قەرز و چەند تەوەرێكی دیكەوە گفتوگۆ دەكات.