خالید شوانی: هەولێرو بەغدا لەسەر هێڵە گشتییەكان كۆكن

پۆڵەتیك پرێس:
خالید شوانی وەزیری هەرێم بۆ كاروباری بەغدا لەمیانی گفتوگۆیەكی تایبەت بۆ “پۆڵەتیك پرێس” دواین زانیاری لەبارەی گفتوگۆكانی شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان‌و عێراق بۆ رێككەوتن ئاشكرادەكات‌و دەڵێت: هەولێرو بەغدا لەسەر هێڵە گشتییەكان كۆكن‌و گفتوگۆكانیش بەردەوامە بۆ ئەوەی بگەین بەرێككەوتن.

خالید شوانی، كە هاوكات ئەندامی شاندی هەرێمی كوردستانە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ عێراق دەشڵێت: وەك شاندی هەرێمی كوردستان هەموو هەوڵێك دەدەین، بۆ ئەوەی مافە داراییەكانی خەڵكی هەرێم لەبەغدا دابین بكەین، چونكە لەسەر حكومەتی عێراق پێویستە ئەو مافە بۆ خەڵكی دابین بكات.

ئەندامەكەی شاندی دانوستانی حكومەتی هەرێم جەختی لەوەش كردەوە، كە ئەوان سوورن لەسەر داواكارییەكانی خۆیان‌و دڵنیاشیدا لەسەر مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان هیچ سازشێك ناكەن.

پۆڵەتیك پرێس: گفتوگۆكانی هەولێرو بەغدا بەكوێ گەیشتووە؟
خالید شوانی: ئێستا پێشنیازەكان لەنێوان هەردوولا ئاڵوگۆڕ دەكرێت‌و گفتوگۆكانیش بەردەوامە، هەردوولامان چەند پێشنیازێكمان بۆ یەكتری ناردووە، بەڵام بەهۆی بەردەوامی گفتوگۆكان ناتوانم وردەكاری پێشنیازەكان بخەمەڕوو، دەبێت بگەین بەئەنجامێك.

پۆڵەتیك پرێس: كەی شاندی هەرێم دەچێـتەوە بەغدا؟
ئەوەندی هەیە ئێستا گفتوگۆكان هەنگاوی باشی بڕیوەو نەچوونی شاندی هەرێمیش بۆ بەغدا بەواتای ئەوە نییە، پەیوەندی بچرابێت‌و پەیوەندی بەردەوامە، ماوەتەوە لەسەر ئەوەی خاڵە ناكۆكەكان چارەسەر بكەیت‌و لەسەری رێبكەوین.

پۆڵەتیك پرێس: بۆچی تائێستا نەگەیشتوون بەئەنجامی كۆتایی؟
خالید شوانی: لەبەیاننامەكەی دواین كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم باسی ئەوەمان كردووە، كە دڵگرانییەك لەبەرانبەر لایەنەكانی ناو حكومەتی عێراق هەیە، چونكە ئەوان دەستی دەستی دەكەن بەگفتوگۆكانەوە، كە ئێمە نامانەوێت بەو شێوەیە بێت، حكومەتی هەرێم ئامادەیە بۆ رێككەوتن‌و بەتەواوی داواكارییەكانیش رازین‌و ئامادەین مەرجەكانی بەغداش بەتەواوی جێبەجێبكەین، بەڵام ئەوەی هەیە بەغدا تائێستا رازی نەبووە.

پۆڵەتیك پرێس: بۆچی بەغدا تائێستا بەرێككەوتن رازی نەبووە؟
خالید شوانی: ئێمە نازانین هۆكارەكانی پشتی ئەوە چییە؟ لەگەڵ ئەوەشدا دەمانەوێت گفتوگۆكان بەردەوام بێت، تا بگەین بەچارەسەری كۆتایی‌و واژووكردنی رێككەوتن، هەروەها ئەوان دەیانەوێت بابەتی قەیرانی ئابووری هەرێم وەك كارتێك لەدژی هەولێر بەكاربهێنن، تایبەتمەندییەكانی هەرێم‌و دەسەڵاتە دەستوورییەكانی كەمبكەنەوەو ئێمەش ئەوە رەتدەكەینەوە، كە بەدڵنیایی ئێمە بەئەركی سەرشانی خۆمانی دەوانین مافەكانی خەڵكی هەرێم فەراهەمبكەین‌و بە ئەركی سەرشانی خۆشمانی دەزانین، كە پاریزگاری لەمافە دەستوورییەكانی هەرێم‌و دەسەڵاتەكانی بكەین.

پۆڵەتیك پرێس: شاندی هەرێم كەی سەردانی بەغدا دەكاتەوە؟
خالید شوانی: هەركاتێك ئامادەبووین بۆ رێككەوتن سەردانەكە بۆ بەغدا ئەنجام دەدەین‌و بەچوونی شاندی هەرێمیش بۆ بەغدا رێككەوتنی هەردوولا واژوو دەكرێت، بەڵام پێش ئەوە دەبێت بگەین بەقسەی كۆتایی.

پۆڵەتیك پرێس: ئەگەر لەگەڵ بەغدا نەگەشتنە رێككەوتن بەرنامەی حكومەتی هەرێم چییە بۆ چارەسەری دۆخی دارایی‌و دابینكردنی موچە؟
خالید شوانی: لەئێستادا دەمانەوێت بگەین بەرێككەوتن، بەڵام بەرێككەوتنیش لەگەڵ بەغدا هەموو شتێك چارەسەر نابێت، بۆیە دەبێـت ئێمە چاكسازی گرنگ بكەین، بەتایبەتی لەمەلەف‌و داهاتی نەوت‌و داهاتی خاڵەسنوورییەكان‌و هەموو ئەو بابەتانەی پەیوەندی بەگومرگ‌و لایەنەكانی تری بواری ئابووری‌و كۆمپانیا زەبەلاحەكان باج هەیە، كە ئەو بوارانە پێویستیان بە چاكسازی گەورە هەیە، بابەتی دەستخستنی داهات‌و فراوانكردنی سەرچاوەكانی داهاتیش دەبێت چاكسازی تێدا بكرێت، كە دەبێت لەو بوارە هەنگاوی گەورە بنێنین‌و ئێستاش هەنگاوەكان دەست پێكراوە.

پۆڵەتیك پرێس: لەگەڵ شاندی بەغدا باسی چارەسەری كێشەكانی ناوچە دابڕێنراوەكان كراوە؟
خالید شوانی: ئەو پرسە لەكۆبوونەوەی پێشووتری ئەنجوومەنی وەزیران باسكراوە، ئێمە دەمانەوێت بۆ ئەو مەبەستە پرۆژەیەكی تێرو تەسەل بدەین بە بەغداو لەو بابەتەش كۆتایی بەكێشەكان بهێنین.

بۆ ئەو مەبەستەش من‌و دوو برادەری تر لەئەنجوومەنی وەزیران راسپێراوین بۆ ئامادەكردنی پرۆژەیەكی هەمەلایەنە ئەوەشمان كردووەو پرۆژەشمان داوە بەحكومەتی عێراقی، بەڵام تائێستا وەڵامی نەداوینەتەوە، لیژنەیەكی باڵاشمان دروست كردووەو بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتی عێراق لەو بارەوە بكەین.

ئێمە باوەڕمان وایە دەبێت لەناوچە كێشە لەسەرەكان چارەسەری بابەتی سەربازی بكەین، بۆ ئەوەی بتوانین هەمانەنگی دروست بكەن چارەسەری ئەو كێشانە بكەین‌و مەترسییەكانی داعش لەسەر ناوچەكە نەهێلین.

پۆڵەتیك پرێس: هەڵوێستان لەسەر گرژییەكانی ئەم دواییەی ناوچە كێشەلەسەركان چییە؟
خالید شوانی: بەداخەوە تائێستا عەقڵییەتی شۆفێنی لەناو وەزارەتی بەرگری‌و ناوخۆی عێراق هەیە، كە ئەو عەقڵییەتە هی سەردەمی بەعسییەو ئەوان دەیانەوێـت بەردەوامبن‌و بەهێز خۆیان بسەپێنن، بەو هۆیەوە كێشەكان زیادبووەو ئەو عەقڵییەتەش زیانی بۆ ناوچەكە هەیە ئەوانیش بەرپرسیارن.

پۆڵەتیك پرێس: پێتوایە ئەمە زیانی دەبێت؟
خالید شوانی: بەدڵنیایی زیانی دەبێـت، چونكە ئەم ناوچانە بەخاكی كوردستانی دەزانین، كورد زۆرینەیەو مەقعول نییە، زۆرینەی كورد بێت، بەڵام ئەو هێزەی لەو ناوچەیە جێگیركراوە لەسەدا یەكی كورد نییەو زۆرینەیان یەك عەقڵییەت‌و یەك بیركردەوەیان هەیە ئەویش دژایەتی گەلی كوردو خاكەكەیەتی.

بە بەردەوامی ئەم دۆخە كاردانەوە لەلایەنی كوردی دروست دەكات، چونكە ئێمە زۆرینەی ئەو ناوچانەین، كە راستە ئەوان واقعەتێكیان دروست كردووەو فەرزیان كردووە، بەڵام ئەمە واتای ئەوە نییە كورد بەوە رازییەو بەردەوام دەبێت، ئەگەر نەگەینە رێككەوتن، ئەوە پەنا بۆ شێوازی تر دەبەین.

پۆڵەتیك پرێس: پرسی دانانی پارێزگارێك بۆ كەركوك بەكوێ گەیشتووە؟
خالید شوانی: وەك وتم ئێمە پرۆژەیەكی تێرو تەسەلمان ئامادەكردووە رادەستی بەغدامان كردووە، كە لەو پرۆژەكەدا پرسی پارێزگاریش باس كراوەو دەبێت لەلایەن هەموو لایەنەكانەوە ئەو پرسەش چارەسەر بكرێت‌و رێككەوتنی لەسەر بكرێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا