ئەحمەد كانی: ئەو بودجەی لەعێراقەوە بۆ هەرێم دێت نەخێرەو نە هاوكاری

پۆڵەتیك پرێس:
ئەحمەد كانی ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە میانی چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ پۆڵەتیك پرێس باس لەتێپەڕاندنی یاسای قەرزو كورتهێنانی دارایی لەپەرلەمانی عێراق دەكات‌و دەڵێت: ئەو بەشە بودجەیەی لە عێراقەوە بۆ هەرێم دەهات نە خێربوو نە پاداشت و نە هاوكاری بەڵكو مافێَكی خۆمان بووە.

ئەحمەد كانی هەر لە چاوپێكەوتنەكەی پۆڵەتیك پرێسدا باس لەوەدەكات ئەو قسانەی لەعێراق دەكرێت تەنیا بیانووەو لادانە لە دەستوور، جەخت لەوەش دەكاتەوە، ئەو بەشە نەوتەی عێراق داوایانكردووە بەزیادەوە هەرێم بۆی ناردوون و هەركاتێك نە نێردرابێت عێراق پارەكەی بڕیوە.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دەشڵێت: بیرو بۆچوونە جیاوازەكانمان لەگەڵ یەكێتی نابێت ببرێتە بەغداد چونكە، زیانمان پێدەگەیەنێت.

پۆڵەتیك پرێس: ئەو بڕیارەی پەرلەمانی عێراق چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟
ئەحمەد كانی: ئەو قسانەی، كە دەكرێت، هەمووی بیانووە، تەنیا مەبەستیان گۆشەگیركردنی هەرێمی كوردستانەو لادانە لە دەستوور، ئەوان بوونی كوردو كوردستانیان بەو شێوەیە لایان پەسەندە، ئەوەی لەو بەشە بودجەیەی هەرێم لەعێراقە، ئەوە مافێكی خۆمانە، نەخێرمان پێدەكەن و نە پاداشتەو نە هاوكارییە، بۆیە دەبێت ڕاشكاوانە قسەیان لەگەڵ بكەین، چونكە عێراقێكی یەكگرتوو بەم شێوەیە نییە.

پۆڵەتیك پرێس: دەبێت هەڵوێستی پارتی و لایەنەكانی دیكە لەم كاتەدا چۆنبێت؟
ئەحمەد كانی: ئەم بابەتە تەنیا پەیوەست نییە بە پارتی دیموكراتی كوردستانەوە، یان تەنیا پەیوەست نییە بەلایەنە سیاسییە كوردییەكانەوە، بەڵكو پەیوەستە بەتاكی كوردستان و هەموو هاووڵاتیانی كوردستانەوە، لە 2014 ەوە ئەو زوڵمەی لەكوردستان كراوە، نەك تەنیا موچەی فەرمانبەرانیان بڕیوە، ئەوان بودجەی كوردستانیان بڕیوە، چونكە بودجەی كوردستان تەنیا موچە نییە.

هەرێمی كوردستانیش ئەو بەشەی ئەوان داوایانكردووە، 250 هەزار بەرمیل بە زیادەوە بەعێراق دراوە، لە هەركاتێكدا پێیان نەدرابێت، ئەوان راستەوخۆ لە بەشە بودجەی كوردستانیان بڕیوە.

پۆڵەتیك پرێس: پێتانوایە لەكۆبوونەوەی هەرسێ سەرۆكایەتییەكە لایەنە كوردستانییەكان بەشداری دەكەن؟
ئەحمەد كانی: بەڵێ بە دڵنییاییەوە، چونكە بابەتێكی چارەنوسازە، جێگای سوپاسە، كە سەرجەم نوێنەرانی كوردستان لە هۆڵی پەرلەمانی عێراق یەكدەنگ بوون، یەك هەڵوێسیان هەبوو، هەستیان بە بەرپرسیاری مێژوویی كرد، جێگای سوپاس و دەستخۆیكردنە، پێویستدەكات ئامادەبن بۆ ئەوەی قسەی خۆیانیان هەبێت و بگەینە رێگا چارەیەك.

پۆڵەتیك پرێس: بەرنامەی كۆبوونەوەكەی هەر سێ سەرۆكایەتیەكە چییە؟
ئەحمەد كانی: كۆبوونەوەی هەر سێ سەرۆكایەتییەكە تەرخان دەبێت بەم بابەتە، چونكە لەسەر دوا بڕیاری پەرلەمانی عێراقە.

پۆڵەتیك پرێس: لە ماوەی رابردوو گرژی هەبوو لە نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئێستا نێوانتان چۆنە؟ بەم گرژییە دەتوانن كێشەی كورد لە بەغدا چارەسەربكەن؟
ئەحمەد كانی: ئێمە و هەموو لایەنەكانی دیكە، نەك تەنیا یەكێتی ركابەری لە نێوانمان هەیە، شتێكی ئاساییە و هەندێكجاریش جیاوازی لەبیرو بۆچوونمان هەیە هەر ئاساییە، بەڵام كاتیك دەچینە بەغداد دەبێت هەموو بیرو بۆوچونە جیاوازەكانمان لە هەرێمی كوردستان جێبهێڵین، بۆ یەكلاكردنەوەی خیلافات نابێت لە بەغداد بێت، چونكە زیانمان پێدەگەیەنێت، شیعە و سوننە چەند ناكۆكن، بەڵام كاتێك هاتە سەر مەسەلەی كورد لە دژی كورد بڕیارییان دا و یەكدەنگ بوون، لەسەر بنەمای زوڵم كردن و سڕینەوەی ناسنامەی كوردو كوردستانی، ئەمە جگە لەوەی لێدانی سەرۆك كازمی بوو، چونكە پێشتر رێككەوتن هەبوو، ئەو بابەتە بە سیاسەت كراوە دەبێت چاوەڕوانی شتی زۆر خراپتر بكەین لە عێراق.

پۆڵەتیك پرێس: پێتانوایە حكومەتی هەرێم دەتوانێت كێشەی موچەی فەرمانبەران چارەسەربكات؟
ئەحمەد كانی: بە دڵنیاییەوە ئیدارەدانی ئەو ئەزمەیەی كە ئێستا هەیە لەهەرێمی كوردستان، لە ڕوویی داراییەوە دەبێت رێگا چارەیەك بدۆزرێتەوە، ئەو كورتهێنانەی هەیە لە بودجەی هەرێمی كوردستان حكومەت لەهەوڵدایە بۆ ئەوەی چارەسەری بكات،بەڵام، هەندێك كێشە هەیە لە دەرەوەی توانای حكومەتە وەك نزمبوونەوەی نەوت،

پۆڵەتیك پرێس: لە ئێستادا نرخی نەوت بەرزبووەتەوە كەواتە دیسان ناتوانێ چارەسەری بكات؟
ئەحمەد كانی: بەدڵنیاییەوە، بەرزبووەتەوە كەمێك، بەڵام دیسانەوە نامانگەیەنێتە ئەوەی ئەو كورتهێنانەی هەیە پڕبكرێـتەوە، قەرزی ئەو كۆمپانیایانەی بەرهەمهێنانی نەوت دەكەن كێشەیەكی ترە، مەسەلەی ژمارەی وەبەرهێنانی نەوت، ئایا دەتوانین لە ڕێگەی كۆمپانیا نەوتەكانەوە ئەو بڕە زیاتر بكەین، ئەمانە گرفتن، بۆیە سەركەوتنێكی گەورەیە ئەگەر بتوانین بگەینە ئەو ئاستەی چیتر، لە ڕووی ئابوورییەوە پشت بە بەغداد نەبەستین، چونكە ئەوان لە بیریان چوو، كە كوردستان سەردەمێك پشت و پەنای ئەوان بوو، دەتوانم بڵێم حكومەتی عێراق لە دوای ساڵی 2003 لەسەر پشتی كوردستان دروستبوو.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا