پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
تیمی هاوبەشی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان لە حكومەتی خۆجێی سلێمانی كۆبوونەوە و پێكەوە گفتوگۆیان لەبارەی دواپێشهات و گۆڕانكاری و ئامادەكارییەكان بۆ قۆناغەكانی داهاتوو و رێكخستنەوەی باشتری پەیوەندییەكان كرد.
لە كۆبوونەوەكەدا كە رۆژی سێشەممە 9_5_2023 لە سلێمانی بە سەرپەرشتی، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران و مستەفای سەید قادر جێگری سەرۆكی هەرێم بەڕێوەچوو، قسە لەبارەی چۆنییەتی رێكخستنەوەی پەیوەندییەكان لە سەر ئاستی پارێزگای سلێمانی بەتایبەت و هەرێمی كوردستان بەگشتی كرا.
هەروەها هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی هەنووكەیی كراو لەو بارەیەشەوە باسیان لە دارشتنی سیاسەتی كاری هاوبەش و ئامادەكارییەكان بۆ قۆناغەكانی داهاتوو كرد.
كۆبوونەوەكە لەبەر رۆشنایی گۆڕانكاری و دواپێشهاتە سیاسی و ئابوورییەكان، جەختی لەوە كردەوە كە پێویستە پەیوەندییەكانی نێوان یەكێتی و گۆڕان لە حكومەت وحزبیش بتەوتر بكرێن بۆ ئەوەی لە ئاستی چاوەڕوانی خەڵكدا بێت و بتوانرێت رووبەڕووی ئاڵنگارییەكان ببن و داكۆكی لە داوا ڕەواكانی و پێویستییەكانی سلێمانی بكەن.
هەروەها هەردوولا هاوڕا بوون كە؛ دەبێت هەوڵەكان بەو ئاڕاستەیە بن كە خزمەتی زیاتری هاوڵاتییان بكرێت و هەردوو تیم راسپێردران كە بەهیچ شێوەیەك جیاكاری و جیاوازی ئینتیمای سیاسی نەبێتە بەربەست لەبەردەم جێبەجێ كردنی پلانی خزمەتكردنی هاوڵاتییان و پێكەوە خزمەتی باشتری سلێمانی بكەن.
ئەمە سێیەم كۆبوونەوەی بزوتنەوەی گۆڕان و یەكێتییە لە ماوەی چەند رۆژی رابردوو و لەئاستی جیاجیادا كە ئەمانج لێیان بەهێزتر كردنی پەیوەندییەكان وجێبەجێ كردنی رێكەوتنەكانی نێوانیان لەپێناو خزمەتكردنی باشتری هاوڵاتیان. هەر بۆیەش بڕیار درا ئەم كۆبوونەوانە بەردەوامییان پێ بدرێت.