لە شەڕی كۆرۆناوە بۆ تیك تۆك و كەشوهەوا

پۆڵەتیك پرێس:

پەرەسەندنەكانی نێوان ئەمریكا و چین سەرجەم دۆسێ و دەروازەكان دەگرێتەوە لە ڤایرۆستی كۆرۆناوە بۆ تیك تۆك و مافی مرۆڤ و هۆنگ كۆنگ و تایوان ‌و كەشوهەوا و هی دیكە لە نێوان دوو گەورە ئابووری كە ماوەی دوو مانگە پەیوەندییەكەیان بەرەو خراپی دەڕوات.

دوێنێ لە كۆبونەوەی كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە وتاری خۆیدا دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا جارێكی تر بەرپرسیارێتی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنای خستەئەستۆی چین و لەبەرامبەریشدا چین ناڕەزایەتی نیشاندا، باڵیۆزی چین وتی: ترەمپ ڤایرۆسی سیاسی بڵاودەكاتەوە بە تۆمەتی بێ بنەمای دژی بەیجین.

وەزارەتی دەرەوەی چین لە بەیاننامەیەكدا وتی: بەداخەوە بە پێچەوانەی راستییەكانەوە لایەنی ئەمریكا مینبەری نەتەوە یەكگرتووەكان بەكاردەهێنێت بۆ بڵاوكردنەوەی دەنگۆ و قسەكانیان هیچ راستی تێدا نییە و بۆ ئامانجی سیاسی ناشایشتەن.

شەڕی نێوان واشنتن و چین لە كۆرۆناوە گوازرایەوە بۆ كەشوهەوا، چین ئەمڕۆ ئەمریكای تۆمەتبار كرد كە هۆكاری گۆڕانی كەشوهەوایە.

وانگ وینبین وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین وتی: ئەمریكا بە كشانەوەی لە رێككەوتنە نێودەوڵەتییەكان بووە بەهۆی شكشتهێنانی لە ئەركەكانی و رەتكردنەوەی رێوشوێنەكانی سنوردانان بۆ هەڕەشەكانی گۆی زەوی.

دۆناڵد ترەمپ لە وتارەكەیدا لە نەتەوە یەكگرتووەكان داوای سزادانی چینی كرد و بەرپرسیارێتی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا خستە ئەستۆی چین.

ترەمپ وتیشی: بەیجین رێگای داوە بە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی چینی لە چینەوە دەرچووە بۆ هەموو جیهان، لە سەرەتای ڤایرۆسەكەدا چین گەشتە ناوخۆییەكانی راگرتووە بەڵام گەشتەكانی دەرەوەی رانەگرتووە.

لە ماوەی چەند مانگی رابردوو ژمارەیەك بەرپرسی ئەمریكا چینیان بەهۆكاری بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا تۆمەتباركردووە و وتویانە بەڵگەیان هەیە كە ڤایرۆسەكە لە یەكێك لە كارگەكانی شاری ووهانەوە دەرچووە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا