فڕۆكەی B52.. نامەی ئاگاداركردنەوەی ئەمریكا بۆ ئێران

پۆڵەتیك پرێس: لاڤە واحید
ئەمریكا دوو فڕۆكەی جۆری بی-٥٢ی ناردە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەئەركێكدا، كە ئامانج لێی ئاگاداركردنەوەی ئێران و پشاندانی توانای سوپای ئەمریكایە لە خێرا بڵاوكردنەوەی هێزەكانی لە هەموو وڵاتانی جیهان.

دوای چەند رۆژێك لە راگەیەنراوەكەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لەبارەی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق و ئەفغانستان و بڵاوبوونەوەی چەند زانیارییەك كە تێیدا باس لەوە كرابوو، ترەمپ بەر لە مانگی كانوونی دووەمی داهاتوو و پێش جێهێشتنی كۆشكی سپی هێرشی سەربازی دەكاتە سەر ئێران، سوپای ئەمریكا دوو فڕۆكەی ستراتیژی دوورمەودای لە جۆری بی-٥٢ ناردە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

لە بەیاننامەكەی سەركردایەتی ناوەندی ئەمریكادا هاتووە، ئەو ئەركە، كە لە ٢١ی ئەم مانگەوە دەستیپێكرد، سەر بە باڵی پێنجەمی بۆمبەكانی چەكی ئاسمانییە و لە بنكەی مینۆتی ئاسمانی لە ویلایەتی داكۆتای باشورەوە دەرچووە، بەمەبەستی پاراستنی ئەمریكا و هاوپەیمانانی لە هەر هێرشێكی دوژمنكارانە.

ئەو فڕۆكانە نێردراونەتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە بێ ئەوەی شوێنجی جێگیربوونیان دیاری كرابێت

ئەوەش هاتووە، ئەو فڕۆكانە نێردراونەتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە بێ ئەوەی شوێنجی جێگیربوونیان دیاری كرابێت، بەڵام ماڵپەڕ و میدیا جیهانییەكان جەختیان لەوە كردەوە كە ئەو فڕۆكانە گەیشتوونەتە كەنداو.

باس لەوەش كراوە، ئەم هەنگاوە رادەی توانای سوپای ئەمریكا لە بڵاوكردنەوەی هێزە ئاسمانییەكانی پشان دەدات بەجۆرێك، لە هەركوێی جیهاندا بیەوێت دەتوانێت لە ماوەیەكی كورتدا و بە لەبەرچاوگرتنی ئاسایش و سەقامگیرییە هەرێمییەكان ئامڕازە سەربازییەكانی بۆ بنێرێت.

لە بەیاننامەكەدا ئەوەش هاتووە، ئەمریكا ئامانجی دروستكردنی گرژی و ئاڵۆزی نییە و پابەندە بە ئازادی بازرگانیكردن و هاتوچۆ لە تەواوی ئەو ناوچەیەی فڕۆكەكانی لێجێگیركردووە و دەیپارێزێت، بەڵام وەڵامی هەموو هێرشێكی لەناكاو دەداتەوە لەلایەن هەر وڵاتێكی جیهانەوە ئەنجام درابێت.

لەو بارەیەوە مایكڵ بێك لە ماڵپەڕی فۆربس رایگەیاند، ئەمریكا بەم هەوڵە دەیەوێت نامەی ئاگاداركردنەوە ئاراستەی ئێران بكات و بڵێت: چەكی ئەتۆمی بەرهەم مەهێنن و هێرش مەكەنە سەر هێزەكانی ئەمریكا.

چەكی ئەتۆمی بەرهەم مەهێنن و هێرش مەكەنە سەر هێزەكانی ئەمریكا

لەلایەكی دیكەوە، ماڵپەڕی ئێركرافت سپۆت كە چاودێری جوڵەی فڕۆكەكان دەكات رایگەیاند، فڕۆكەكان لە چیای تارق بە ئاڕاستەی رۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست جوڵێنراون و بە ئیسرائیلدا تێپەڕیون.

بەپێی راپۆرتەكەی فۆربس، ئەم هەنگاوەی ئەمریكا نمایشێكی ئاشكرای بەكارهێنانی هێزە دژی ئێران، هێزە ئاسمانییەكانی ئەمریكا بەبەردەوامی فڕۆكەی دوورمەودا دەنێرنە ناوچەكە، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە: بۆچی فڕۆكە قورسەكان بە ئاشكرا ئاراستەی سنوری ئێران دەكرێن؟ وەڵامەكەشی ئاشكرایە، ئەم ئەركەی ئەمریكا ئامانج لێی ئاگاداركردنەوەی ئێرانە لە جوڵە ئەتۆمی و سەربازییەكانی.

پێشتریش رۆژنامەی نیویۆرك تایمز لە زاری چوار بەرپرسی ئەمریكی ئێستا و رابردووەوە بڵاویكردەوە، دۆناڵد ترەمپ داوای لە گەورە راوێژكارەكانی كردووە و تاوتوێی ئەوەی كردووە وێستگەی نەتەنز لە ئێران بكاتە ئامانج، ئەو وێستگەیەی كە پێشتر ئاژانسی نێودەوڵەتی بۆ وزەی ئەتۆمی وا باسی كرد كە چالاكییە ئەتۆمییەكانی زیادی كردووە.

ئەو بەرپرسانە باسیان لەوەش كردووە، ترەمپ لەمیانی كۆبوونەوەیەكدا لەكۆشكی سپی لەسەر رۆشنایی بڵاوبوونەوەی هەواڵی زیادبوونی چالاكییە ئەتۆمییەكانی ئێران ئەم داوایەی كردووە، ئەوەش هاتووە، لەدوای چەند رۆژێك لە كۆبوونەوەكە، میلیشیا عێراقییەكانی سەر بە ئێران چەند موشەكێكیان ئاراستەی ناوچەی سەوز لە بەغدا كردووە كە لە نزیك باڵیۆزخانەی ئەمریكا كەوتوونەتە خوارەوە.

لایخۆیەوە، مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا جەختی لەوە كردەوە، هەموو بژاردە پێشنیاركراوەكانی سەر مێزی ئیدارە ئەمریكییەكە لەبارەی مامەڵەكردنی دۆسیەی ئێرانەوە بووە تاوتوێكراوە.

كۆتا جار، كە فڕۆكەی دوورمەودای ئەمریكا هێنرایە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرەتای ئەمساڵ بوو

لە بەیاننامەكەی سەركردایەتی ناوەنددا ئەوەش هاتووە، كۆتا جار، كە فڕۆكەی دوورمەودای ئەمریكا هێنرایە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەرەتای ئەمساڵ بوو كە شەش فڕۆكەی جۆری بی-٥٢ی ناردە زەریای هندی هەر ئەوەش بووەهۆی كوژرانی قاسم سولەیمانی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران و ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی لە كانوونی دووەمی ئەمساڵ.

لە كۆتاییەكانی ساڵی ٢٠١٨ كاتێك لە رێككەوتنی ئەتۆمی چووە دەرەوە، ئەمریكا دووبارە سزای بەسەر ئێراندا سەپاند و هەڵمەتی فشاری توندی دژی ئەو وڵاتە دەستپیكرد و چەندین جار هۆشداری دایە ئێران لەبارەی زیادكردنی چالاكییە ئەتۆمییەكانی.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا