زیندانیانی بادینان مانگرتنی سەرتاسەرییان ڕاگەیاند

پۆڵەتیک پرێس:

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

زیندانیانی بادینان مانگرتنی سەرتاسەرییان ڕاگەیاند و لەمبارەیەوە نامەیەکیان لە زیندانەوە ئاراستەی میدیاکان، ڕای گشتی، هەر سێ سەرۆکایەتی هەرێم، UN و نوێنەرانی وڵاتان لە هەرێم و ڕێکخراوە ناوخۆیی و جیهانییەکان کرد.

لە دەقی نامەکەدا زیندانیانی بادینان ئاماژە بەوە دەکەن، “ئێمە وەکو زیندانیانی بادینان و کۆمەڵێك رۆژنامەنوس و چالاکوان و سزادراوانی زیندانی چاکسازی گەورانی ھەولێر کە ژمارەمان 52 کەسە ھاوشانی سزادراوانی شێلادزێ بڕیاری مانگگرتنمان لە خواردن داوە”.

دەشڵێن، “مانگگرتنەکەمان پەیوەندی بە داواکاریەکەمانەوە ھەیە کە پێدانی (ئازادبونی مەرجدار)ە بەپێ ماددەی 331 لە بنەما دادگاییەکانی سزا کە مافێکی یاسایی خۆمانە، بەڵام لەلایەن داواکاری گشتیەوە دەستاودەستی پێ دەکرێت و ھەوڵ ھەیە بەھۆی دەستێوەردانی حزبی و کەسی یەوە ئەو مافەمان لێ زەوت بکرێت و بێ بەش بکرێین لەو %25ی یاسایەی کە ھەمانە”.

ئەوەش دەخەنەڕوو، “داواکارین لە دەسەڵاتی دادوەری، سەروەری خۆی بپارێزێت و لەپێناو بەرژەوەندی حزبی و کەسی چاو لەو مافەمان دانەپۆشێت، ئێستا بەپێی یاسا و کەمکردنەوەی سزاکە لەلایەن سەرۆکایەتی ھەرێمەوە ئەو سزایە نادادپەروەرانەی لەسەرمان جێبەجێکرا بوو تەواو بووە و یاسا سەروەر بێت پێویستە دەستبەجێ ئازادبکرێین.”

جەخت لەوەش دەکەنەوە، “بۆ ھەموو لایەک روونبووەتەوە کە ئێمە دور لە ھەموو پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ و بە نایاسایی و نادیموکراسی، لەسەر ئازادی بیروڕا و داواکردنی مافە گشتیەکان و بەشێکیشیان بە ھۆی دژایەتی داگیرکاری و بۆردومانی نشتمانەکەمان سزادراوین، لە کاتێکدا حکومەت فرمێسکی تیمساحی بۆ قوربانیانی بوردومانی تورکیا دەڕێژێت”.

لە کۆتایشدا دووپاتی دەکەنەوە، “دواکارین لە گشت سزادراوان لە ئاسایش و چاکسازیەکانی کوردستان مانگرتنی ئازادی یان مردن بۆ یەکلاییکردنەوەی دۆسیەکانیان ڕابگەیەنن، چونکە بە ئاشکرا دەستێوەردان لە کاروباری دادگاکان دەکرێت، پێویستە ھەموو لایەنێک لەسەر ئەم نادادیە بێنە وەڵام و چیتر بەھۆی فشاری حکومەتی ھەرێمەوە کارە یاساییەکانی دەستەڵاتی دادوەری پەکنەخرێت و دامەزراوەکانی ئەم وڵاتە بۆ تەسفیەی حسابات و رقی سیاسی بەکارنەھێنن.”

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا