نازم دەباغ: وایلێهاتووە بەفر و باران لە ناوچەکە ببارێت زیان لە هەرێم یان عێراق بدات دەڵێن ئێرانە

پۆڵەتیک پرێس:

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

نازم دەباغ نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران وتی، “بۆچونی کۆماری ئیسلامی ئێران سەبارەت بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی وەک بۆچونی وڵاتانی تر وایە، واتە کۆماری ئیسلامی ئێران وەک هەر وڵاتێکی تری دەرەوە ئەوە بە کێشەیەکی نێوخۆیی عێراقی دەزانن پێویستی بەوەیە کە حکومەتی هەرێم و حکومەتی ناوەندی عێراقی لە ڕێگای یاسایی و سیاسی ئەو کێشەیە چارەسەر بکەن”.

ئەمڕۆ سێشەممە نازم دەباغ بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، “لەو دیدارانەی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت لە دەرەوە ئەنجامیان دا لەگەڵ شاندە بیانیەکان زۆرینەیان هاوهەڵوێست بوون بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی کێشەیەکی نێوخۆیی عێراقە، چونکە دادگای فیدراڵی دامەزراوەیەکی یاسایی بەرزە لە دنیای دەرەوەش دانی پێدانراوە . ”

ئاشکراشی کرد، “نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە نافرۆشرێت تەنها بە شێوازێکی زۆر کەم نەبێت کە لە باشترین حاڵەتدا بە نەوت و نەوتی ڕەشیش ترانزێت دەکرێت و نەگەیشتۆتە 30-35 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا، ڕێژەیەکی ئەوەندە شایستە و شیاو نیە و هەموو لایەک دەزانن لە ڕێگای تانکەرەوەیە، بەڵام نەوتی هەرێمی کوردستان لە بنەڕەتدا ئەوەی کە باس دەکرێت بڕی 450 هەزار بەرمیل ڕۆژانە دەفرۆشرێت هەمووی لە ڕێگای ئەو بۆرییە نەوتانەی لە بەندەری جیهانن لە تورکیا”.

لەبارەی دەنگۆی ئەوەی ئێران لەپشت بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵییەوەیە نازم دەباغ وتی، “من وا بە ڕەهایی نایبینم، بەڵام بەداخەوە وایلێهاتووە ئەگەر بێت و بەفر و باران لە ناوچەکە ببارێت زیان لە هەرێمی کوردستان یان عێراق بدات دەڵێن ئێرانە، بەشێکی بەستراوەتەوە بەو سیاسەتەی لە عێراق پیادە دەکرێت”.

ئەوەشی خستەڕوو، هۆکارێکی تر بەندە بەو سیاسەتە گشتیەی کە عێراق و هەرێمی کوردستان هەیانە کە لە کاتی خۆیدا کێشەکان چارەسەر ناکرێن، یان بە دوای ئەوەوە ناگەڕێن بەڵکو بێدەنگیـیەک کە دروست بوو دەڵێن سوپاس بۆ خوا بێدەنگ بوون، دەبێت بیریش لەوە بکەنەوە ڕۆژێک دێت خەڵک و لایەنەکان بە دەنگ دێن، بۆیە ململانێی نێوان لایەنە سیاسییەکان خۆیان لەگەڵ یەکتر، وە لەگەڵ هەرێمی کوردستانیش هۆکارە بۆ ئەوەی ئەم کەیسە یاساییە بە سیاسی بکەن وە لە دادگا بیجوڵێنن بڕیای لەسەر بدرێت، چونکە هەموو لایەک دەزانن ئەم کەیسە هی ئەمڕۆ نیـیە، هی 10 ساڵ لەمەوبەرە.”

لەماوەی ڕابردوو چەند بەڵگەنامەیەک ئاشکراکران تیایاندا ئاماژە بەوەکرابوو، هەرێمی کوردستان لەڕێی بەندەری جیهانەوە نەوتی بە ئیسرائیل فرۆشتووە، دوابەدوای ئەمەش دادگای فیدڕاڵی لەسەر ئەو دۆسیەیە دانیشتنێکی تایبەتی ئەنجامدا و بڕیاریدا فرۆشتنی نەوتی هەرێم نادەستوورییە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا