پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران، لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ستیڤن چارڵس هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق، رایگەیاند هەموو هەوڵێکمان بۆ ئەوەیە کێشەی بەشە بودجە و موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە یەکجاری چارەسەر بکەین و ناکرێت ئەم کێشەیە لە ساڵی داهاتووشدا بەردەوام بێت.
لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی پێنجشەممە، 30ی نۆڤەمبەری 2023 لە هەولێر بەڕێوەچوو، تاوتوێی دۆخی سیاسی و ئەمنی عێراق و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا کرا، لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەکرد, ئەرکی هەموو لایەنە عێراقییەکانە هەوڵ بدەن بۆ پاراستنی سەقامگیری سیاسی و ئەمنی عێراق، هاوکات لەگەڵ ئەوەشدا بۆ گەڕاندنەوەی متمانە، پێویستە هەر لایەنێک لەلای خۆیەوە نیازپاکی نیشان بدات، وتیشی، تەنها بە پاراستنی سەقامگیری و گەڕاندنەوەی متمانە دەتوانرێت کێشە سیاسییەکان و لەناویشیاندا کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بەشێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکرێن.
جێگری سەرۆک وەزیران، سەبارەت بە کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداش جەختیکردەوە، چارەسەری بنەڕەتی رێککەوتنێکی گشتگیری درێژخایەنە کە لە بەرژوەندی هەردوولادابێت، بەڵام لەم قۆناغەدا ئەولەوییەتی یەکەمی حکومەت و هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان چارەسەرکردنی خێرای کێشەی بودجە و موچەی موچەخۆرانە و ناکرێت ئەم کێشەیە لە ساڵی داهاتووشدا بەردەام بێت، داواشیکرد وڵاتانی دۆست و هاوپەیمان یارمەتیدەربن لە چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەدا.
لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، باسی دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان کرا و قوباد تاڵەبانی روونیکردەوە لە ماوەی رابردوودا کەشێکی ئەرێنی هاتووەتە ئاراوە بۆ چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆییەکان و هەنگاوی باش نراون بە ئاراستەی یەکگرتوویی و یەکڕیزی نێوان لایەنە کوردستانییەکان. وتیشی گەشبینە بە بەردەوامیی ئەم کەشە ئەرێنییە بەشێکی بەرچاوی کێشەکان چارەسەر بکرێن و بەمەش پێگەی هەرێمی کوردستان لە عێراقدا بەهێزتر ببێت.
لەم چوارچێوەیەدا ئاماژەی بە گەڕانەوەی وەزیری پێشمەرگە بۆ سەر ئەرکەکەی کرد و رایگەیاند بە گەڕانەوەی وەزیر پرۆسەی ریفۆرم لە وەزارەتی پێشمەرگە خێراتر و باشتر جێبەجێدەکرێت.