یەكێتی: پارتی تاكڕەوانەو لە دەرەوەی ئیرادەی كورد رێككەوتنیان واژۆکردووە

پۆڵەتیك پرێس:

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند: پەیوەست بە ئیستحقاقە دەستووریەكانی كورد، پارتی دیموكراتی كوردستان تاكڕەوانە و لە دەرەوەی ویست و ئیرادەی یەكڕیزی گەلی كورد و هێزە سیاسییەكانی كوردستان هەنگاویناوە، سەركردایەتی یەكێتی بڕیاریدا كە پشتگیری تەواو بكات بۆ سەرخستنی كاندیدی یەكێتی بۆ ئەو پۆستە، كە دكتۆر بەرهەم ئەحمەد ساڵح-ە.

لە راگەیەندراوی كۆتایی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیدا هاتووە ، ئەمڕۆ یەكشەممە ٢٣/١/٢٠٢٢ لە هۆڵی كۆبوونەوەكانی ئەنجومەن لە شاری سلێمانی، ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆبوونەوەی خۆی بەست، كۆبوونەوەكە بە ئامادەبوونی بافڵ جەلال تاڵەبانی بەڕێوەچوو، تایبەت بوو بە تاوتوێكردنی بارودۆخی سیاسی عێراق و ئیستیحقاقە دەستوورییەكانی گەلەكەمان لە پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق.

ئەوەشخراوەتەڕوو، كۆبوونەوەكە هەڵوەستەی جددی لەسەر ئەو پرسە كرد و پێی وابوو كە پارتی دیموكراتی كوردستان تاكڕەوانە و لە دەرەوەی ویست و ئیرادەی یەكڕیزی گەلی كورد و هێزە سیاسییەكانی كوردستان هەنگاویناوە و رێككەوتنیان لەگەڵ هەندیك لایەنی سیاسی واژۆ كردووە و لە چوارچێوەی ئەو رێككەوتنەیان كاندیدێكی خۆی بۆ پۆستی سەرۆككۆمار پێشكەشكردووە.

باسی لەوەشكرد، بافڵ جەلال تاڵەبانی بەووردی رووناكی خستەسەر پێشهاتەكانی ئێستا و جەختیكردەوە كە مادەم لایەنی دیكە، دوور لە پرینسیپی تەوافق كاندیدی خۆیان پێشكەش دەكەن، یەكێتیش مافی خۆیەتی كە پۆستی سەرۆككۆمار بە ئیستیحقاقی كورد و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بزانێت، بۆیە داكۆكی لە مافی خۆی دەكات و سازشی لەسەر ناكات.

لە بەشێكی تری راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوە دراوە، هەروەها ئەو قسە و باسانەی كە دەگوترا پارتی دیموكراتی كوردستان تەنها كێشەی لەگەڵ كاندیدی یەكێتی هەبوو و ئەگەر ئاڵوگۆر بەو كاندیدە بكرایا پارتیش كاندیدی خۆی دەكشاندەوە دووربوون لە راستییەوە، دەریشكەوت ئەمە تەنیا بۆ چاوبەستەكی بووە و ئامانجی سەرەكی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆككۆمارە، دوور لە هەماهەنگی لەگەڵ هێزە كوردستانییەكان بەتایبەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و لە چوارچێوەی رێككەوتنیان لەگەڵ هەندێك لە لایەنەكانی تری عێراق.

رونیشیكردەوە، ئەنجومەنی سەركردایەتی بەقووڵی بژاردەكانی بەردەم یەكێتی بۆ خاڵە گرنگەكانی بەرنامەی حكومەتی داهاتووی عێراق و پۆستی سەرۆككۆمار تاوتوێ كرد و جەختیكردەوە كە لەم قۆناغەدا پێویستە داكۆكی تەواو لەم ئیستیحقاقەی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بكرێت و بپارێزرێت. لەمبارەیەوە ئەنجومەنی سەركردایەتی، بڕیاریدا كە پشتگیری تەواو بكات بۆ سەرخستنی كاندیدی یەكێتی بۆ ئەو پۆستە، كە دكتۆر بەرهەم ئەحمەد ساڵح-ە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا