بەلەمێکی دیکەی کۆچبەران لە ئیجەدا نقووم بوو و چوار کۆچبەر گیانیان لەدەستدا

پۆڵەتیک پرێس:

ئاری جەلال، سەرۆکی دەزگای لوتکە رایگەیاند، درەنگانێکی شەوی رابردوو بەلەمێکی دیکەی کۆچبەران نقوم بوو، بەهۆیەوە چوار کۆچبەر گیانیان لەدەستدا.

ئاری جەلال لە فەیسبوکی خۆی بڵاویکردەوە، “درەنگانێکی شەوی پێنج شەممە ڕێکەوتی 23/12/2021، بەداخەوە لە ڕووداوێکی دیکەی دڵتەزێن لە کەناراوەکانی یۆنان لە نزیک دوورگەی (ئاناتیکیثیرا) کە دوورگەیەکی بەردەڵانە و دەکەوێتە نێوان دوورگەکانی (خانیا و کەڵەماتە)ی وڵاتی یۆنان بەلەمێکی کۆچبەران نقوم بوو”.

راشیگەیاند، “نوێنەری دەزگای لوتکە لە وڵاتی یۆنان، شێخ حسێن حەمەساڵح، لەگەڵ باڵیۆزخانەی عێراق ئەوەی پشتڕاست کردەوە کە 90 لە کۆچبەرەکان ڕزگارکراون و تەرمی چوار کۆچبەریش دۆزراوەتەوە و ژمارەیەکی دیکە بێسەروشوێنن”.

ئاشکراشیکرد، “بەهۆی خراپی کەشوهەوا و بای قورسی ناوچەکە نەتواندراوە کۆچبەرەکان لە دوورگەی (ئاناتیکیثیرا) بگوازنەوە”.

هاوکات، ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی پاسەوانی کەناراوەکان بەردەوامە بۆ هەوڵدان و دۆزینەوەی هەر کۆچبەرێکی ونبوو لەو یەختەدا.

 

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا