پۆڵەتیک پرێس
راپۆرتێکی لێکۆڵینەوەی بەریتانی ئاشکرایکرد، گەندەڵی لەدامودەزگاکانی عێراق بووەتە پەتا و ناتوانرێت کۆتایی پێبهێنرێت.
بەپێی ئەو راپۆرتەی لەگۆڤاری بزنس ماتەرزی بەریتانیدا بڵاوکراوەتەوە، “ئیمپراتۆرە فەرمییەکانی گەندەڵی رێگرن لەبەردەم بەرەوپێشچوون و دووبارە بنیادنانەوەی عێراق”.
لەدرێژەی ئەو راپۆرتەدا ئاماژە بەوەکراوە، “گەندەڵی لەعێراقدا بەجۆرێکە بەملیاران دۆلار دزەی کردووەتە گیرفانی بەرپرسان و سیاسی و سەرکردەی کۆمەڵە چەکدارەکان”.
لەمبارەیەوە گۆڤارەکە نمونەیەکی باسکردووە، “کاتێک لەساڵی 2019 بەریتانیا بڕی 33 ملیۆن پاوەندی پێشکەش بەعێراق کردووە لەپێناو دووبارە بنیادنانەوەی موسڵ، بەشێکی کەمی ئەو پارەیە بۆ بوژاندنەوەی چەند ماڵ و دامەزراوەیەک تەرخانکراوە و ئەو پارەیەش کە ماوە چووەتە گیرفانی بەرپرس و سیاسەتمەدارانی عێراق”.
ئەو راپۆرتە جەخت لەوەدەکاتەوە، توندوتیژی و گەندەڵی لەعێراق رۆڵی سەرەکییان گێڕاوە لەپتەوکردنی “ئابووری سێبەر” کە بووەتە بەربەست لەبەردەم بوژانەوەی ئابووری عێراق.
لەکۆتایی راپۆرتەکەدا داواکراوە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەزووی دەستوەربداتە ئەم بابەتە و رۆڵی هەبێت لەپشتیوانیکردنی کۆمەڵگایەکی نوێی عێراقی کە لەسەر بنەماکانی سەقامگیری و دەسەڵات و بەرژەوەندی پێکهاتبێت.